ئایا ئافرەتان دەخوێننەوە؟ دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

وتەیەک هەیە دەڵێت" ژنێکی ئازادم بدەیە کۆمەڵگەیەکی ئازادت دەدەمێ" بەم واتایەی ئاست و چۆنێتی ژیانی ژنان کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵگە هەیە. لەبەرئەوەی بە پلەی یەک ئافرەتان کاریگەرییان لەسەر پەروەردەی منداڵ هەیە لە خێزانەکاندا.

تێگەیشتن و پێگەیشتن بۆ هەر ئاستێک پێویستی بە خوێندنەوەو بەدواداچوون و ئاگاییە لە ژیانی رۆژانەدا، خوێندنەوە و ئەزمون یەک لە هۆکارە گرنگەکانی ئەم خەسڵەتانەن کە پێویستە ئافرەتان هەیانبێت. ئایا ئافرەتان لە کۆمەڵگەی ئێمە دەخوێننەوە؟ ئەگەر بەڵێ چی دەخوێننەوە؟

سایە سەردار، مامۆستای یەک لە قوتابخانە ئەهلییەکانە لە شاری سلێمانی، لە بارەی گرنگیدانی ئافرەتان بە خوێندنەوە گوتی" بەداخەوە ئێستا گرنگیدان بە رووکەش لە لایەن هەردوو رەگەزو لە هەموو بارەکانی ژیان لە پێش گرنگیدان بەهەر بوارێکە، ئەمە ئافرەتانیش دەگرێتەوە. پێموایە زۆرێک لە ئافرەتان ئەوەندە دەخوێننەوە کە بەدواداچوون بۆ مۆدێلی قژ و ماکیاژ و جلوبەرگ دەکەن".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا مامۆستا سایە خۆی دەخوێنێتەوە، پێیوایە ئەویش لە ژێر کاریگەری ژینگەی دەوروبەردایە" من دەخوێنمەوە بەڵام کەم، چونکە وێڕای ئەوەی ژینگەی دەوروبەر کاریگەری لەسەر منیش هەیە. رۆتیناتی ژیان ئەوەندە زۆربووە کە کاتێکی زۆرت دەگرێت. بۆیە کاتم زۆر کەم بۆ خوێندنەوە دەمینێتەوە. ئەوکاتانەی دەخوێنمەوە حەزم لە خوێندنەوەی رۆمانە".

ئاشنا عومەر، فەرمانبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی شاری هەولێرە، ئەو دەڵێت" من پێشتر دەمتوانی بخوێنمەوە بەڵام دە ساڵ دەبێت هیچ کاتم بۆ خوێندنەوە نییە، لەبەرئەوەی دوای دەوامی فەرمانگە خەریکی کاری ماڵم، شەوانیش دەبێ سەعی بە منداڵەکانم بکەم، بۆیە کاتێک دەبێتە دوانزەی شەو سەیر دەکەم من هێشتا پشووم نەداوە".

راژان عەلی، ئافرەتی ماڵە و بڕوانامەی پەیمانگەی هەیە رایوایە" ئافرەتان پێویستە خۆیان پێبگەیەنن یەک لە رێگاکان بۆ هوشیاربوونەوەو خۆپێگەیاندن خوێندنەوەیە، ئەگەر ئافرەتان نەخوێنێتەوە چۆن دەتوانێ پەروەردەیەکی جوانی مندالەکانی بکات، من کاتێکی دیاریکراوم نییە بۆ خوێندنەوە بەڵام هەر کاتێک دەستم بەتاڵ بوو دەرفەتم هەبوو رۆمان دەخوێنمەوە".

ئاڵا سەباح، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە گرنگیدانی ئافرەتان بە خوێندنەوە دەڵێت" ئێمەی ژنان بۆ ئەو بابەتانەی کە خزمەتمان دەکەن هەمیشە بیانوو دەدۆزینەوە، بە پێچەوانەوە پێموایە هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانین رۆژانە یەک بۆ دوو کاتژمێر بۆ خوێنەوە تەرخان بکەین، چونکە بەبێ خوێندنەوە ئافرەت ناتوانێ کەسایەتییەکی پێگەیشتووی هەبێت و وەکو پێویست منداڵەکانی پەروەردە بکات".

بەرای ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە، ئافرەتێک نەخوێنێتەوە ناتوانێ بەرگری لە مافەکانی خۆشی بکات، ئیتر چۆن دەتوانێ منداڵ پەروەردە بکات. بۆیە داواکارم ئافرەتان رۆژانە هەرچۆنێک بێت کات بۆ خوێندنەوە تەرخان بکەن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین