دکتۆرە عەتییە: بەم رێنماییانە دەبێت ژنانی دووگیان خۆیان لە کاریگەرییەکانی گەرما بپارێزن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

دکتۆرە عەتیە حەمە سەعید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵنەبوون، لە گفتووگۆیەکی نوچەنێت، باس لە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر ژنانی دووگیان دەکات و دەڵێت: باشترە لە وەرزی گەرمادا ژنانی دووگیان خۆیان لە قەرەباڵخی بپارێزن.

نوچەنێت: کاریگەری گەرما لەسەر ژنی دووگیان و کۆرپەکەی چییە؟

د.عەتیە: ئەگەر دایک بتوانێ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە رەچاو بکات و خۆی بپارێزێت ئەوا کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر ژنانی دووگیان و کۆرپەکەی کەم دەبێت. بە مەرجێک:

١.رۆژانە دووجار خۆی بگۆڕێت، ئەگەر ئاویش نەبێت ئارەقە لە خۆی پاکبکاتەوە بە خاولییەکی پاک و تەڕ ئەم کارەبکات. بە تایبەت شوێنە هەستیارەکانی.

٢.خواردنی چەوری و تیژی کەم بکاتەوە.

٣.رۆژانە پێنج ژەمی سوک یان کەم بخوات، باشترە لەوەی سێجار خواردن بخوات و گەدەی پڕبکات.

٤.لە قەرەباڵخی دانەنیشێت و ئەگەر بکرێت لە ناو سەوزایی بێت باشترە، بۆئەوەی ئۆکسجینی پێویست بۆخۆی کۆرپەلەکەی وەربگرێت.

٥.رۆژانە سێ لیتر کەمتر ئاو نەخواتەوە، واتە ١٢ پەرداخ ئاو، یەک لەو هەڵە باوانەی ژنان دەیکەن هەندێکیان دەڵێن، حەزمان لە ئاونییە ئەمە زۆر هەڵەیە چونکە لە سەدا هەشتاوپێنجی لەشی هەموو بوونەوەرێک ئاوە. هەم بە خواردنەوەی ئاو قەرەبووی ئەو ئاوەدەکرێتەوە کە لە لەشمان دەڕوات.

نوچەنێت: دەگوترێت لەم وەرزەدا لەبارچوونی منداڵ زۆرە، هۆکارەکەی چییە؟

د.عەتیە: لەم سەردەمە لەبارچوون زۆرە، ئەوەش هۆکاری زۆرە، یەک لە هۆکارە گرنگەکان پیسبوونی ژینگەیە. هەوکردنی دەزگای زاووزێی پیاوان، جووتبوون لە مانگی ١-٢ قەدەغەیە، زۆرجار بەکارهێنانی دەرزی زۆر کە بۆ دووگیان بوون لە ئافرەتان دەدرێت هۆکارە. زۆربەی ئەو کۆرپەلانەی کە لەباردەچن باش درووستنەبوون. بەشی زۆری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و پیسبوونی ژینگە لە کۆمەڵگەی ئێمە بەهۆی موەلیدەکانی کارەبایە. هەروەها زۆربوونی سپلیت و ساردکەرەوە، زۆربوونی بینای بەرز، هەمووی هۆکاری جیاجیان کە پێویستمان بە رێنماییە بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانیان.

نوچەنێت: ئایا گەرما دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنی دووگیان پێویستیان بە مۆڵەت و مانەوە لە ماڵ بێت؟

د.عەتیە: ئەگەر ژنەکە هیچ نەخۆشی دیکەی نەبێت، پێویستی نابێت بەمەرجێک وەکو ئاماژەم پێکرد، خواردن کەم بخوات و نەچێتە قەرەباڵخی، کاتێک تەمەنی دووگیانییەکەی بوو بە ٣٦ هەفتە ئەوا ئەوا ٦ هەفەتە یان بۆ ماوەی دوومانگ پێویستی بەپشووە. 

نوچەنێت: بۆ خۆپاراستن لە- لەبارچوون چیبکرێت باشە؟

د.عەتیە: جەخت لەوەدەکەمەوە کە بە یەک ژەم خواردن زۆر نەخۆن، شیرینی نەخۆن، بەهارات و بیبەر خراپن، بەهیچ جۆرێک نەڕۆنە بازاڕ و پرسەو قەرەباڵخی، لە کوردستان میوەو سەوزەی باش هەیە گرنگی بە خواردنی بدەن. گرنگی بە خواردنی پڕتەقاڵ و لیمۆ و نارنج بدەن بۆ فێنک بوونەوە. دەبێ ژنان لەوە تێىگەن کە باشترین بەهاکانی خۆراک بۆ خۆیان کۆرپەکانیان لە سەوزەومیوەدا هەیە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین