نەتەوەیەکگرتووەکان: 40٪ی ئافرەتان لە جیهاندا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

لە رۆژی جیهانی دانیشتواندا، سەرنجی راگەیاندنی جیهانی بە پلەی یەکەم لەسەر دۆخی ئافرەتانە لە جیهاندا، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە شەڕوشۆڕی تێدایە ژنان رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە و لە مافە تەندروستی، سیاسی و دیمۆگرافییەکان بێبەشکراون.

ئەمڕۆ(11ی تەموز2023) رۆژی جیهانی دانیشتوانە. لە ساڵی 1989دوای پەسەندکردنی بەرنامەی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوەتەکگرتووەکان، بە مەبەستی سەرنج خستنەسەر کێشەکانی دانیشتوان لە جیهاندا ئەم رۆژە دیاریکرا. 

 لە راپۆرتێکدا UNFPA دەڵێت" ژنان لەسەدا 49.7ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا لە گفتوگۆ دیمۆگرافییەکاندا رایان پشتگوێ دەخرێت و مافەکانیان لە سیاسەتەکانی دانیشتوواندا پێشێل دەکرێت. بەمەش نیوەی دانیشتوانی زەوی پەراوێزدەخرێن و بۆچوونیان بەهەند وەرناگیرێیت. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئارامی و خۆشگوزەرانی بەرقەرارنەبێت".

هەروەها ماڵپەڕی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نووسیویەتی"40٪ی ئافرەتان لە جیهاندا لە مافەکانی منداڵبوونی تەندروست، مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی رێگریکردن لە منداڵبوون بێبەشن و رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە". 

“لە هەر دوو خولەکێکدا لە جیهان ژنێک بەهۆکاری منداڵبوون یان دووگیانی، گیانلەدەستدەدات”

بەپێی ئاژانسە جیهانییەکان، لە وڵاتانی ئۆکراین، سودان، سوریا و ئەفغانستان ئافرەتان دووچاری دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە و گیان و ژیانیان سەلامەت نییە. وێڕای کوژران و لە دەستدانی ئەندامانی خێزانەکانیان جۆرەها تووندوتیژی جەستەیی و دەروونییان بەرامبەر دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی پیاوان بڕیاری شەڕدەدەن بەڵام ژنان و منداڵان بە پلەی یەک باجەکەی دەدەن.

بە گوێرەی ماڵپەڕی UNFPA لە هەر دوو خولەکێکدا لە جیهان ژنێک بەهۆکاری منداڵبوون یان دووگیانی، گیانلەدەستدەدات. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەو نادادپەروەرییەیە کە لە جیهاندا دەرهەق بە ژنان دەکرێت و توانای بڕیاردانیان سەبارەت بە تەندروستی و ژیانی سێکسی و منداڵبوونیان ناهێڵێت. هاوکات لە پێگەی بڕیارە سیاسی و داراییەکان دووریان دەخاتەوە.

سارا شوان، کچە چالاکوانێکی دەڤەری راپەڕینە، سەبارەت بە دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت" بەداخەوە پاشەکشێیەکی نائاسایی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ژن هەیە. هەست ناکرێت لە ئەولەویەتی کاری حکوومەتدان و وێڕای پێشێلکردنی مافە سیاسییەکانیان، بەردەوام گوێبیستی تیرۆرکردنی ژنان بە بیانوو و شێوازی جۆراوجۆر دەبینەوە و وامانلێکراوە کوشتنی ژنان رامانناچڵەکێنێت". 

"لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان
 73 ژن بە شێواز و بیانووی جۆراوجۆر کوژراون"

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 73 ژن بە شێواز و بیانووی جۆراوجۆر کوژراون. ئەمە وێڕای سکاڵای ئافرەتان لە بنکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی. لە ساڵی 2023 تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە تووندووتیژی خێزانی بڵاونەکراوەتەوە.

ناسک سەعید، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ئافرەتان پەیوەست بە رۆژی دانیشتوانی جیهانی دەڵێت" رۆژی جیهانی دانیشتوان، دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بیر لە دیاردەیەک بکەینەوە کە داهاتووی مرۆڤایەتی دیاری دەکات. رەوتی دانیشتوانی جیهانی بە درێژایی مێژوو گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پێشبینییەکان ئاماژە بە گۆڕانکاری زیاتر دەکەن لە داهاتوودا، بەڵام هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر ئەوەی ئەم گۆڕانکاریانە چی دەبن و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی گشتی چۆن دەبێت. گرنگیدانی ئەمساڵ بە یەکسانی ئافرەتان و پەیوەندییەکەی بە داینامیکی دانیشتووانەوە، ھەلێکی گرنگمان بۆ دەستەبەر دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕۆڵەی کە ئافرەتان هەیانە لە داڕشتن و چارەسەرکردنی ئاستەنگە دیمۆگرافییەکان".

زۆر کەس هەست دەکەن بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن. سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون لە زۆرێک لە ناوچەکاندا، هۆکارەکانی وەکو زەبری دانیشتووان و زیادبوونی تەمەنی چاوەڕوانکراو بەشدارن لە گەشەی بەردەوامی دانیشتووان. زەبری دانیشتووان ئاماژەیە بۆ بەردەوامی گەشەی دانیشتووان تەنانەت دوای ئەوەی ڕێژەی منداڵبوون دابەزیوە، بەهۆی بوونی کێشەیەکی گەورەی ژنان کە لە تەمەنی زاوزێدان. سەرەڕای ئەوەش، پێشکەوتن لە بواری چاودێری تەندروستی و باشتربوونی بارودۆخی ژیان بووەتە هۆی درێژبوونەوەی تەمەن، ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان.

"بەپێی داتاکانی (TFR) ئاستی باڵای خوێندن
 پەیوەندی بە کەمبوونەوەی منداڵەوە هەیە" 

ناسک سەعید، ئاماژە بە داتایەک دەکات و دەڵێت "ئێمە ناتوانین لە رەوتی دانیشتووان تێبگەین بەبێ ئەوەی لەو رۆڵە تێبگەین کە ئافرەتان ھەیانە. مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئافرەتان یەکێکە لە بزووێنەرە سەرەکییەکانی گۆڕانی دانیشتووان لە هەموو ناوچەکانی جیهان. بەگويرەی زانیارییەکان لە ئەفریقا پەیوەندییەکی نەرێنی لە نێوان ئاستی خوێندنی ئافرەتان و کۆی ڕێژەی منداڵبوون نیشان دەدەن. بەپێی داتاکانی (TFR) ئاستی باڵای خوێندن پەیوەندی بە کەمبوونەوەی منداڵەوە هەیە بۆ هەر ئافرەتێک. لە غانا، ئەو ژنانەی کە خوێندنی ئامادەیییان هەیە لە نێوان 2 بۆ 3 دایە، لەکاتێکدا ئەوانەی خوێندنیان نییە، نزیکەی 6 دایە".

سەبارەت بە دۆخی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ناسک سەعید  رایوایە "بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان، وێڕای پێشکەوتن و گۆڕانکارییە بەرچاوە کۆمەڵایەتییەکان، تا ئێستا تووندووتیژی دەر‌هەق بە ئافرەتان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. ئەمەش خەبات و تێکۆشانی کلتوری بەردەوامی پێویستە، چونکە تا گۆڕانکاری لە کلتور روونەدات گۆڕانکاری لە دۆخی ئافرەتاندا جێناگرێت".

رۆژی شەممەی رابردوو، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکدا نیگەرانی توندیان سەبارەت بە دۆخی ژنان لە سودان راگەیاند و تێیدا هاتووە "وێڕای ئەوەی زۆرێک لە ژنان بەهۆی شەڕەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و بە دوای ناوچەیەکی ئارامتردا دەگەڕێن، لە ماوەی شەڕی سێ مانگەی ئەم وڵاتەدا  21 ژن رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە و 20 ژنی تریش لە کاتی هێرشەکاندا دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر".

هەروەها حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بەردەوام بڕیاری نوێ بۆ پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەردەکات وەکو: بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندنی زانکۆ لە ئافرەتان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و قەدەغەکردنی زۆر شوێنی گشتی لە ئافرەتان و داخستنی ساڵۆنەکانی جوانکاری خانمان کە بەهۆیەوە 60 هەزار ژن بيکار دەبن و... هتد.

بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵ، لە ماوەی شەڕی زیاتر لە پێنج سەد رۆژی رووسیا و ئۆکراین، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی ئۆکراینی دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر و بەشێکیشیان کوژراون. ئەمە وێڕای ئیستغلالکردنی دۆخی ژنان لە لایەن پیاوانی ئەو وڵاتانەی کە ژنانی ئۆکراینی پەنایان بۆ دەبەن. 

هەروەها دەستدرێژی و خراپی دۆخی ژیانی ژنانی سوریا، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە و تا ئێستا، هەم لە ناوەوەی سوریا و هەم لە و وڵاتانەی پەنایان بۆ بردووە، بابەتی جێی سەرنجی میدیا و ئاژانسە جیهانییەکانە، زۆری تووندووتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان بۆ هەڵاواردن و نایەکسانی رەگەزی دەگەڕێننەوە، پێیانوایە دۆخی ژنان تێکەڵی سیاسەتی نایەکسانی ئابووری و سیاسی کراوە و بەشێوەی نادروست بەکاردەهێنرێت و پێویستە رێگری لێبکرێت.

بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس، کە سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 کەس لە رەگەزی نێر و سێ ملیۆن و 260 هەزار و 514 لە رەگەزی مێ. 

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 1999شەش ملیار، لە 2011 حەوت ملیار و لە 2022یش گەیشتووەتە هەشت ملیار کەس، بەپێی(راپۆرتی ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 2023) ژمارەی دانیشتوانی زەوی هەشت ملیاری تێپەڕاندووە و ئێستا گەیشتووەتە هەشت ملیار و 46 ملیۆن 530 هەزار کەس. هیندستان بە جەنجاڵترین وڵات دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، کە ژمارەی دانیشتوانی یەک ملیار و 428 ملیۆن و 600 هەزار کەسە.

تێکڕای تەمەنی پیاوان لەسەر ئاستی جیهان، بە 71 ساڵ و ژنان بە 76 ساڵ دیاریکراوە.

سەرچاوە: 

https://www.unfpa.org/events/world-population-day

https://twitter.com/UN/status/1678706697857032192?ref_src=twsrc%5Egoogle%7Ctwcamp%5Eserp%7Ctwgr%5Etweet%7Ctwtr%5

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین