نەخۆشی پشیلە چییە و چۆن دەگوازرێتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

نێکی تەمەن 25 ساڵ لە یەکێک لە نۆڕینگە یەکی پزیشکی ئافرەتان چاوەڕێ بوو، ئەو دەیگوت تا ئێستا سێ منداڵی لە بارچووە. ئێستا بە هۆی پشکنینی خوێنەوە زانیویەتی کە نەخۆشی پشیلەی هەیە.

ئەو ژنە گوتی" خوشکی هاوسەرەکەم و کچی پورێکیشم هەمان نەخۆشییان هەیە، بەم هۆیەوە تا ئێستا منداڵمان نییە".

نەخۆشی پشیلە، یه‌کێکه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ گوازراوەکانە کە بەهۆی جۆره‌ مشەخۆرێکەوه‌ توشی مرۆڤ و گیانلەبەر ئەبێت کە ناوی تۆکزۆ پلازما گۆندی یە Toxoplasma gondi. بۆیە ناونراوە نەخۆشی پشیلە، چونکە بە هۆی پاشەڕۆی پشیلەوە دەگوازرێتەوە.

ئەم نەخۆشییە تووشی هه‌ردوو ڕه‌گەز دەبێت، به‌ڵام بەڕێژەیەکی زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پیاوان نییە.

دکتۆرە عەتیە حەمە ساڵح، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان، سەبارەت بە نەخۆشی پشیلە دەڵێت"ئەم نەخۆشییە میکرۆب نییە بەڵکو جۆرە کرمێکی بچووکە و بە چاو نابینرێت، تەنیا لە رێگەی میکرۆسکۆبەوە دەبینرێت".

سەبارەت بە هۆکارەکانی تووشبوون، دکتۆرە عەتیە روونیدەکاتەوە، زۆرجار بە هۆی ئاژەڵی تووشبوو، ئیتر ئاژەڵی ماڵی یان ئەو ئاژەڵانەی کە لە ناو ماڵان بەخێودەکرێن دەگوازرێتەوە بۆ ناو خواردنی مرۆڤ، هەروەها لە خواردنی دەرەوەدا هەیە دەکرێت لە خواردنی چێشتخانەکان، یان کەباب و لەفەی بازاڕەوە مرۆڤ تووش ببێت. هەروەها پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەش یەکێک لە رێگاکانی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە یە.

رێگایەکی تری تووشبوون، ئەوەیە کە پشیلە خواردنی پیس دەخوات و پیساییەکەشی دەشارێتەوە، زۆرجار ئەم کرمە بەهۆی گیاوە ئاژەڵە ماڵییەکان دەیخۆن و لەو رێگەیەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بە تایبەتیش ئەم جۆرە کرمە دەچێتە ناو جەرگ و گورچیلەی ئاژەڵی تووشبوو، لە وێسەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤ. 

لە بارەی رێگاکانی خۆپاراستن، دکتۆرە عەتیە دەڵیت، پێویستە گۆشت باش بکوڵێنرێت ئینجا بخورێت، هەروەها تا بکرێت خواردنی ماڵەوە بخورێت و خواردن لە دەرەوە نەخۆن بە تایبەتیش ژنانی سکپڕ، ئەگەر لە ماڵێکدا ژنی دووگیان هەبوو پشێلە بەخێو نەکرێت. شیری ئاژەڵ باش بکوڵێنرێت ئینجا بخورێتەوە، خواردنی سەربەتاڵ و سەر عەرەبانەکان نەخورێت، چونکە هەموو خواردنێک کە ئەگەری ئەوەی هەبێت پاک نەبێت بۆی هەیە تووشی ئەم نەخۆشییەت بکات، بە تایبەتیش لە رێگەی گۆشت و بەرهەمەکانی ئاژەڵەوە ئەگەر بە دروستی بەکارنەیەت.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم نەخۆشییە، ئەم پزیشکە دەڵێت، لە ژنانی دووگیاندا دەبێتە هۆی لە بارچوونی منداڵەکانیان یان تووشکردنی منداڵ بە کێشەی تەندروستی، لە منداڵانی خوار پێنج ساڵدا دەبێتە هۆی هەوکردنی چاو. کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر تەندروستی پیاوان نییە. 

بە پێی زانیارییە پزیشکییەکان، نەخۆشی پشیلە چارەسەری یەکجاری نییە، چونکە ئەم کرمە بەردەوام دەمێنێتەوە و کاریگەری لەسەر خانەکانی لەش دەبێت و بەهۆی دەرمانەوە لە ناو ناچێت، بەڵام ژنانی دووگیان یان بەر لە دووگیانی بۆ پاراستنی کۆرپەکانیان دەتوانن دەرمان وەربگرن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین