سەرۆكی هەرێم: سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پشتگیریە بۆ عێراق و كوردستان کوردستانی

نوچەنێت

سباستیان لیکۆرنو وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پەیوەندی لەمێژینەی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پەیوەندیەکی دۆستانە و رۆحیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، سەبارەت بەو سەردانیە سەرۆكی هەرێم گوتی، "سەردانیان پەیامێکی گرنگی بەردەوامیی پشتگیری و دۆستایەتیی فەرەنسایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان."

رۆژی چوارشەممە (19/تەمموز/ 2023) وەزیری بەرگری فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان كرد و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لەدوای كۆبوونەكە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆكی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم، پەیوەندیەکی دۆستانە و رۆحیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەم سەردانە لەیادناکەم.

سـباستـیان لیکۆرنو لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا مەترسی داعش کۆتایی نەهاووە و دەبێت لە هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام بین.

هاوکات باسی لەوەشکرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت لە هەماهەنگی هەواڵگری و مەشقپێدانەوە هاوکاری زیاتری یەکتر بکەین.

هەر لەو كۆنفراسە رۆژنامەوانیەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەرگیز پشتیوانیی فەرەنسا لە قۆناخە جیاوازەکاندا لەبیر ناکات.

 سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفڕاسە رۆژنامەوانییەكە گوتی، زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم ئێوارەیە لە هەولێر، پێشوازیمان کرد لە جەنابی وەزیر کرد، بە گەرمی بەخێرهاتنی دەکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. سەردانیان پەیامێکی گرنگی بەردەوامیی پشتگیری و دۆستایەتیی فەرەنسایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر بەخێربێن.

لە بەشێكی تری قسەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو، باسمان لە شەڕی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی کرد، هەردوولامان هاوڕا بووین کە داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینە و هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، بۆیە پێویستە هاوکاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت. سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ پشتگیری و دۆستایەتیی بەردەوامیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان هەرگیز یارمەتی و پشتیوانیی فەرەنسا لە قۆناخە جیاکاندا لەبیر ناکات، سوپاس و پێزانینمان بۆ رۆڵی سەرۆک ماکرون دووپات دەکەینەوە بۆ پەیوەندی و پشتگیری بەردەوامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان بەغدا و پاریس، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، پشتگیری لە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و فەرەنسا دەکەین و چاومان لەوەیە هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی لێی سوودمەند بێت، بەتایبەتی لە بواری یارمەتیدانی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە. جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە، بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدییە ئەمنییانەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەن، دۆخی شنگال و ئێزدی و مەسیحی و پێکهاتەکان و گرنگیی زەمینە خۆشکردنمان باسکرد، بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان؛ لەمبارەوە هەردوو لامان هاوڕا بووین کە گرنگە بۆ ئەم مەبەستە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بکرێت. سوپاسی کار و هەوڵەکانی باڵوێزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، جەنابی باڵیۆز و کۆنسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. جەنابی وەزیر دووبارە بەخێربێن بۆ هەولێر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین