توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: هەندێ بەها و نەریت هەن دەبێ بگۆڕدرێن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

جاران ئەگەر کچێک هاوسەرگیری کردبوایە، دەبوایە لە رۆژی مەراسیمی گواستنەوەی کچەکەدا هەموو نێرینەی خێزان ماڵەوەیان جێهێشتبا، لە بەرئەوەی بە نەنگییان دەزانی کە کچەکەیان ئەمڕۆژە دەڕواتە ماڵی هاوسەری.

بەسێ عومەر، ژنێکی دانیشتووی قەزای رانیەیە، باس لە رۆژی گواستنەوەی کچەکانی دەکات و دەڵێت" ئەو شەوەی ماڵی زاوا دەهاتن بۆ بەیانی کچەکەمان بگوازنەوە، هاوسەر و کوڕەکانم ماڵەوەیان بە جێدەهێشت و دەڕۆیشتن بۆ ماڵی خزمێک تا کچەکەم دەڕۆیشت و دواتر دەهاتنەوە بۆ ماڵ". 

کاتێک پرسیاری رۆژی هاوسەرگیری خۆیمان لێکرد بە هەمان شێوە گوتی" ئەو سەردەمە خراپتریش بوو، من ژنبەژنم پێکرابوو، لە سنووری لادێکەی خۆمان من و خوشکی پیاوەکەمیان گۆڕییەوەو هەر کەس بوکی خۆی برد و کەسوکاری هیچ کاممان بەشدارییان لە ئاهەنگی ئەویتر نەکرد".

رۆژی ٢١/ی تەموز، ڤیدیۆی هاوسەرگیری کچی هونەرمەند عادل هەورامی بڵاوکرایەوە، ئەو هونەرمەندە لە مەراسیمی ئاهەنگی کچەکەیدا گۆرانی دەڵێت، بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتییان بە " کارێکی ناشیاو"یان زانی. لە بەرئەوەی بە پێی نەریتی کۆنی کۆمەڵگە ئامادەبوونی باوک لە رۆژی هاوسەرگیری کچەکەیدا گونجاونییە.

نەریمان تاهیر، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە مانەوە و گرنگیدان بە نەریت و بەها کۆنەکان گوتی" راستە ئێمە دەست بە کلتوری خۆمانەوە دەگرین و شتی جوان و شایستەی تێدایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە هەندێک لە بەها و نەریتەکانمان پێویستییان بە گۆڕین و کار لەسەرکردنە، بۆ نموونە نەریتی تۆڵەکردنەوە و دوژمنداری، ژنبەژنی، گەورە بە بچووک و کۆمەڵێک نەریت و بەهای دیکە کە رەگەزێک و هەندێجاریش هەردوو رەگەز دەچەوسێننەوە".

عادل هەورامی، هونەرمەندێکی دیاری کوردە، بەوە ناسراوە کە گۆرانی رەسەنی کوردی بە هەردوو زاراوەی هەورامی و سۆرانی دەڵێت و ساڵانێکە خزمەتی هونەر و گوێگری کورد دەکات، خاوەن جەماوەر و هەوادارێکی زۆرە. ئەو هونەرمەندە لە وەڵامی ئەو کەسانەی کە قسەی ناشیاویان بۆ ئامادەبوونی ئەو لە ئاهەنگی کچەکەی نووسیوە دەڵێت" من دژی ئەو نەریتەم کە جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچ دەکات. شانازی بەوە- وە دەکەم کە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەم گۆرانیم گوت و ئامادەبووم. ئەو تانەو تەشەرەم لا گرنگ نییە کە بەم هۆیەوە لێمدراوە، سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەم کە دەستخۆشییان لێکردم".

نەریمان تاهیر، سەبارەت بە هۆکاری ئەو تانەدانەی کە بەهۆی ئامادەبوونی باوکێکەوە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەی دراوە رایوایە" راستە پێشتر ئامادەبوونی پیاوان لە ئاهەنگ و رۆژی هاوسەرگیری کچ و خوشک یان مێینەی خێزان عەیبە بوو، بەڵام ئێستا بەشێک لە خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچەکانیدا نەکات و بە شودانی کچەکەی بە نەنگی نەزانێت".

لە بارەی کاڵبوونەوەی نەریتە نەگونجاوەکان لە گەڵ قۆناخ و گۆڕانکارییەکان ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئامادەبوونی باوکێکی کورد لە هاوسەرگیری کچەکەی نیشانەی ئەوەیە، کە بەڵێ هەندێ بەها و نەریتمان هەن پێویستییان بە گۆڕانکارییە و لە گەڵ ئەم سەردەم و قۆناخەی ژیان ناگونجێن، راستە لە هەندێ ناوچەی کوردستان ئێستاش باوک هەن کە لەم رۆژەدا لە ماڵ نامێنن، بەڵام ئەوە دەیارە کە باوکی نموونەی ئەم هونەرمەندە بەڕێزەش هەیە، کە بە خۆشحاڵییەوە بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەیدا دەکات. دەبێت ئەوە بزانین راکردنی نێرینەکان لە ئاهەنگی هاوسەریگیری کچەکان لە بنەمادا گونجاونییە و ئەوە لەو هەڵاواردنە رەگەزییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئافرەت بە پلەدوو دەزانێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین