بەهرە حەمەڕەش: دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئازادی بە فۆرمی ئەوروپا لەسەر کۆمەڵگەکان زاڵبووە دیمانە و راپۆرت

گەرمیان گلی

نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەهرە حەمەڕەش، لە دیمانەیەکی تایبەتدا دەڵێت: هیچ مرۆڤێک ئازاد نابێت، تا عەقڵ و بیرکردنەوەی لەو چوارچێوانە ڕزگار نەکات کە نەریت و ژینگە و ئایین و یاساوڕێساکان بۆیان دیاریکردووە.

واتای ئازادی چییە؟

ئازادی چەمکێکە پێچەوانەی چەمکی کۆیلەیە، هەڵبەت ئەمەش بەستراوە بە پێشکەوتن و پرۆسەی کۆمەڵێک مۆدێل و چەمکی تری وەکو دیموکراتی، کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکتر قبووڵکردن.

ئازادی بە پێی بۆچوونی زۆربەی هەرە زۆری شارەزایان ئەوەیە کە مرۆڤ، تا سنووری بەرامبەر مەودای ئازادی خۆی بزانێت. دەزانین کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بەشێوەیەکی سروشتی وەک خۆرئاوا بە ڕیفۆرم، ڕێنسانس و شۆڕشی کۆمەڵایەتی تێنەپەڕیوە، تا بتوانێت بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ چەمک و ماناکان بکات. ئازادی و هەموو ئەم چەمکانەش بەرهەمی عەقڵی ئێمە نین و هاوردەن، بۆیەش بەبێ گەڕانەوە بۆ باکگراوند و قۆناغەکانی دروستبوونی ئەم چەمکە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، کە زۆرجار پێچەوانەی ئامانجەکەی ئەنجاممان بۆ دەردەکەوێت. کەواتە ئێمە نە بۆ ڕەگوڕیشەی چەمکەکان دەگەڕێینەوە، نەدەشتوانین بە گونجان و ڕەچاوکردنی فەرهەنگی خۆمان دیزاینی بکەین، بۆیە زۆر نامۆ و نا تەندروست ڕەفتاریان لەگەڵ دەکەین.

بەڵام دەبێ ئەوە بزانین دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، ئازادی بە فۆرمی ئەوروپی لەسەر کۆمەڵگەکان زاڵبووە، ڕەگ و واتای قوڵی ئازادی ئەوەیە مرۆڤ خۆی بناسێت و سنووری خۆی بزانێت کە تا کوێ دەڕوات، هەر کۆمەڵگەیەک ئەم دووخاڵە ڕەچاوبکات دەستوەردان لە سنووری بەرامبەر تێیدا کەم دەبێت. ئەمەش وا دەکات لە جیاتی ئەوەی ئێمە قسەی بێ سوود بکەین بیر لە ڕەوش و پێشکەوتنی خۆمان دەکەینەوە و وزەو تواناکانمان لە شتی بەسوددا خەرج دەکەین.

لەڕوانگەی تۆوە ئافرەت لە کۆمەڵگەی ئێمە ئازادە؟

ئازادی پرۆسەیەکی ڕێژەییە، لەوانەیە ژنێک کە سەرپۆش ناکات خۆی بە ئازاد ببینێت و ژنێکی داپۆشراویش بە هەمان شێوە. بۆیە کە باسی ئازادی بکەین دەبێ پێوەرەکانمان لە بیربێت کە ئایا بە چی پێوەرێک ئازادە؟ پێوەری داب و نەریت یان پێوەری قانوونی؟ ئایا بە گوێرەی پێوەری ئاست و پێکهاتەکانە؟ یان لەسەر بنەمای گوند و شار و وردە فەرهەنگی ناوچەکە؟ ئەو ئازادییەی بە پێوەری فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک ڕێپێدراوە لەوانەیە بە پێی فەرهەنگی کۆمەڵگەیەکی تر قبوڵ نەکراوبێت، هەتا بۆ وردە فەرهەنگی نێوان شار و لادێکانیش بە هەمان شێوە. ئەمە جیا لەوەی ئازادی لە نێوان ئایین و مەزهەب و نەتەوەکان پێوەرەکانی گۆڕانی بەسەردادێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێموایە بۆ باسکردنی ئازادی دەبێ سەرەتا باس لە ئازادی عەقڵ بکەین، هیچ مرۆڤێک ئازاد نەبێت هەتا عەقڵ و بیرکردنەوەی لەو چوارچێوانە ڕزگار نەکات کە نەریت و ژینگە و ئایین و قانوون و ڕێساکان بۆیان دیاریکردووە. ئەمە بەو واتایە نا کە مرۆڤ گوێ بە هیچ قانوون ڕێسایەک نەدات بەڵکو بەو مانایەی مرۆڤ عەقڵی خۆی لە کۆت و بەندەکان ڕزگار بکات، ئەو کاتە دەتوانێ باس لە ئازادی خۆی و مرۆڤی تر بکات. وەک دەزانین دۆخی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لەسەر ئازادی و تێڕوانین بۆ ئازادی کاریگەرە.

یان بە جۆرێکی تر کرانەوەی ئەو هەموو دەزگاو کەناڵە جۆراوجۆرەی پەیوەندی لەگەڵ جیهان و بچووککردنەوەی جیهان، جۆرێک کودەتایە بەسەر عەقڵی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، ئەمەش لە زۆر حاڵەتەدا ناکۆکی لە نێوان عەقڵییەتی کۆن و نوێ دروست دەکات، لێرەدا هەندێجار ژن و هەندێ جار پیاو بە ئاگا یان بێ ئاگا مامەڵەی ئاڵۆز لەگەڵ ئازادی دەکەن.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کۆمەڵێک دامودەزگا و ڕێکخراو بۆ ئەم مەبەستە هەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا لەبەر هەر هۆیەک بێت ڕۆڵیان بۆ ئاراستە و پەروەردەی کۆمەڵگە بەگوێرەی پێویست نەبووە. بۆ پەروەردەی ئافرەتێک یان پیاوێکی ئازاد، فەرهەنگ و وردە فەرهەنگ حوکم دەکات، بە تێکڕایی بۆ پەروەردە و ئاراستەی تاک ڕۆڵ دەبینن.

بۆ ڕزگاربوون لە هەموو ئەم گرفتانەی کە لەبەردەم ئازادی هەن، پێویستە دەزگا یان ژوورێک هەبێت، بۆ تەرجەمەی چەمکەکان و دیزاین کردنیان بە لە بەرچاوگرتنی فەرهەنگ و داب و نەریتی کۆمەڵگە، هەروەها گونجانیان بە گوێرەی ئامانج و هەم بە جێ نەمان لەو ڕەوتە پێشکەوتنەی کە لە جیهان هەیە، چونکە هەرچۆنێک بێت ئێمە ناتوانین خۆمان لەو لێشاوە لادەین کە لەگەڵ تەکنەلۆجیا دێتە کۆمەڵگەکانەوە.

ڕۆژانە دەبینین توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەکرێت، هۆی چییە؟

تا کۆمەڵگە هوشیار نەبێتەوە و مرۆڤ سالاری جێگەی پیاو سالاری نەگرێتەوە، تووندوتیژی بەردەوام دەبێت، لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئێستا پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەتە بەهێز بێهێز دەخوات و هیچ جۆرە دادپەروەرییەکی تێدا نابێت. بۆیە لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئافرەت و منداڵ دەچەوسێنرێنەوە و تووندووتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

تا ژن و پیاو هەردووکیان هوشیار نەبنەوە تووندووتیژی بەردەوام دەبێت. زۆر هۆی تریش هەن، بۆ بەردەوامی تووندووتیژی بەڵام بەهێزترین هۆ ئەوەیە کە باسمان کرد.

کۆمەڵگەی کوردی لەچوارچێوەی قۆناغی پیاوسالاری دەرنەچووە؟

تا عەقڵ ئازاد نەبێت، نابینە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە قۆناغی پیاو سالاری دەرناچین. ئەمە وێڕای زاڵبوونی فەرهەنگێک کە ڕەوایەتی بە ڕەفتاری پیاوسالارانە دەدات و بە پیاو دەڵێت سەردار و خاوەن لە جیاتی هاوژین و باوک و سەرپەرشتیار.

بەپێی ئامارەکان، ژنانیش تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان ئەنجام دەدەن، لەمبارەوە چی دەڵێی؟

تووندوتیژی بەرمبەر هەر مرۆڤێک ئەنجام بدرێت دەبێ سەرکۆنە بکرێت. ژن بێت یان پیاو، من پێموایە پیاوان و ژنانی تووندوتیژ هێشتا بە ئەرک و مافەکانیان ئاشنا نین و عەقڵیان ئازاد نەبووە، بۆیە ماف بە خۆیان دەدەن کە دەستدرێژی بکەنە سەر مافی کەسانی تر. هەر مرۆڤێک عەقڵ و بیرکردنەوەی ئازاد بوو ناتوانێ مرۆڤێکی تر ئازار بدات یان بیچەوسێنێتەوە.

خاڵێکی تر ئەوەیە بەشێک لە مرۆڤە تووندوتیژەکان، خۆیان تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە بۆیە هەرکاتێک دەسەڵاتیان هەبوو لەسەر ئەو کەسە پراکتیکی دەکەنەوە کە دەسەڵاتییان بەسەریاندا دەشکێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین