مارەیی ژنان پەرژینی پاراستنی خێزان یان هۆکاری هەڵوەشانەوەیەتی دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

لاڤە، یەکێک لەو ئافرەتانەیە کە پێیوایە داواکردنی مارەیی وەک جۆرێک لە سوکایەتییە بۆ ژنان بەڵام توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت" لە کۆمەڵگەی نەریتیدا، مارەیی وەکو پەرژینێکە بۆ پاراستنی ژنان".

بە پێی یاسا، شەرعیش کە بنەمای داڕشتنی یاسایە لە وڵات، ئافرەتان لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا دەتوانن بڕێک پارە یان ئاڵتوون داوابکەن، بەرامبەر بە رازیبوونیان بەم هاوسەرگیرییە. لە کاتی مانەوە یان هەڵوەشانەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری ژنان دەتوانن وەکو چەکێک بۆ پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتی و دارایی خۆیان بەکاری بهێنن.

رازیە، دایکی منداڵێکەو ماوەی ساڵێكە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، ئەو سەبارەت بە نەریتی مارەیی دەڵێت" من لە قۆناغی ناوەندیدا باوکم رێگەی پێنەدام خوێندن تەواوبکەم و منی دا بە کوڕی پورێکم. دوای ساڵێک لە هاوسەرگیری و هەبوونی منداڵێک جیابووینەوە. لە کاتی مارەبڕیندا داوای سی مسقاڵ ئاڵتوونم کرد، ئەوەش لە کاتی جیابوونەوەدا هاوکارێکی باشبوو بۆ ئەوەی هەندێک پارەم بەدەستەوەبێت بۆ خەرجییەکانی خۆم و کوڕەکەم".

لاڤە ئافرەتێکی گەنجە، ماوەی دوو ساڵە هاوسەرگیری کردووە، ئەو پێیوایە" داواکردنی ئاڵتوون و پارە وەکو مارەیی جۆرێکە لە خۆفرۆشتن، من لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا تەنیا داوای کتێبێکی دڵخوازیم خۆم کرد، تا ئێستا هیچ گرفتێکم نییەو لەوەش پەشێمان نیم کە ئاڵتوون و پارەم وەکو مارەیی داوانەکردووە".

سومەییە ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی لە بارەی نەریتی مارەییەوە دەڵێت" ئەو بڕە مارەییەی کە لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، ئافرەتان داوای دەکەن هەم بە پێی یاسا و شەرع رێگەپێدراوە هەم بووەتە نەریتێکی پتەو و بەهادار لە کۆمەڵگەدا، بەشێک لە خێزانەکان نەبوونی هیچ داواکارییەک لە لایەن کچەکانیانەوە بە شیاو نازانن".

لە بارەی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژنان بە مارەیی گوتی" لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەشێکی زۆر لە ژنان خاوەنی دارایی و داهاتی خۆیان نین، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە زوڵمی ئەو پیاوانەی کە دەیانەوەێ نەبوونی داهاتی ژنان ئیستیغلال بکەن بۆ زوڵم کردن لێیان ئافرەتان دەتوانن خۆیانی پێ لە زۆر کێشە بپارێزن. ئافرەت هەیە بەم بڕە مارەییە خێزانەکەی لە هەڵوەشانەوەو هەشە کردوویەتی بە پڕۆژەیەک و داهاتی بۆخۆی دابینکردووە بۆیە ".

لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ئافرەتان لە کاتی هاوسەرگیریدا، داواکاری ماددی کامیان هەیە یانیش هەرنیانەو لە هەندێ شوێنیش خەرجی دروستکردنی ماڵێکی نوێ لە ئەستۆی هەردووکیانە. 

ئەژین دایکی پێنج منداڵە، ئەو دەڵێت مارەییم سەد لیرەیە ئەوەش منی لە زۆرشت پاراستووە"ماوەیەک هاوسەرەکەم بە نیازی ژنهێنان بوو لەبەرئەوەی من مارەییم باشبوو نەیتوانی، ئەگەر ئەو بڕە مارەییەم نەبوایە ماڵم لێ تێکدەچوو هەم منداڵەکانم بێ دایک دەبوون".

سومەییە ئەحمەد جەخت لەوە دەکاتەوە" لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوودا ئاساییە کچ داوای مارەیی نەکات، چونکە لە بنەمادا ئەوە پێوەرنییە بۆ بەڕێز یان بێڕێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی کچەکە، هەرکاتێک کێشەیەکی هەبوو یاسا لە پاڵپشتییەتی، بەڵام لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا مارەیی زۆرجار دەبێتە پەرژین بۆ ئافرەت. ئەوە جیا لەو حاڵەتانەی کە هەندێجاریش دەبێتە بەربەست لە رێگەی هاوسەرگیری دووگەنجدا، چونکە ماڵی کچەکە داوای مارەیی زۆر دەکەن. بۆیە بەبێ هوشیاربوونەوە، دەستدان لە هەندێ نەریت و یاسا کێشەی ئاڵۆزتری لێدەکەوێتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین