چۆپی: ساڵانە 25تا 60 کتێب لە بواری خۆمدا دەخوێنمەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

کچێکی گەنجی خوێن شیرین، بە جلی پەرستارییەوە لەگەڵ منداڵانی ساواو تازە لە دایکبوو دەردەکەوێت. ئەو بە هەستەوە منداڵەکان دە دوێنێت. سادە و قسە خۆش، دەڵێت: دڵخۆشم بەوەی کاتەکانم لە خزمەتکردنی منداڵانی تازە لە دایکبوو بەسەردەبەم. منداڵەکان بەڕێز و خوێن شیرینن. لە قسەکانم تێدەگەن و منیش لە ئەوان تێدەگەم.

چۆپی حەسیب ئیبراهیم، بەرپرسی بەشی خودەجی نەخۆشخانەیەکە، مامۆستای بەشی پەرستارییە لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی، نووسەری کتێبێکە بەناوی( یاری و گەشەی تەندروستانە لە تەمەنی ساوا تا 12 ساڵی). ئەم کتێبەی چۆپی لە ماوەی تەنیا 30 رۆژدا هەزار دانەی لێفرۆشرا.

چۆپی دەڵێت" من تەنیا لە ژیانی نەخۆشخانەو کاردا پەرستار نیم، بەڵکو لە ژیانی ماڵەوە و ئاسایشدا هەر پەرستارم، چونکە ئاگام لە تەندروستی هەموو ئەندامانی خێزانەکەمە، هەتا ئامێرەکانی ماڵەوە، ژووری دانیشتن، قادرمەکان چەند تەندرووست و سەلامەتن ..بەبیرکردنەوەیەکی پەرستارییەوە دەژیم، بۆیە ژیانی کار و ماڵەوەم تا ڕاددەیەک جیاوازنییە".

زۆربەی دایکیان باس لە سەختی مامەڵەو بەخێوکردنی منداڵی ساوا دەکەن، ئایا ئەمە بۆ چۆپی چەند سەختە کە هاوکات مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی ساوا دەکات. بەمجۆرە باسیدەکات" بێگومان کارکردن لەگەڵ منداڵی ساوا سەختە، بەڵام ماوەکە کەمە من لەگەڵ ئەو منداڵانەم کە لەبەشی خودەجن و تەمەنیان لە یەک مانگ کەمترە. لەم بوارە زۆر چالاکی و پڕۆفیسۆر و شارەزا کەمە، مەودای خۆ بەرەپێشبردنیش لەم بوارەدا قورسە. دەبێ ئەوەش بزانین کە من تەنیا لەگەڵ منداڵەکەدا مامەڵە ناکەم بەڵکو لەگەڵ خێزانەکانیشیاندا مامەڵە دەکەم، تەواوی دڵی خێزانەکان لای منداڵەکەیانە، بەڵام کارکردن لەم بوارە لای من زۆر گرنگە زۆرجار دەڵێن تەمەنی یەک مانگ کەمتر زۆر گرنگ نییە، بەڵام لای من زۆرگرنگە و دەمەوێ باشترینیان پێشکەش بکەم. زۆر گوناهە منداڵ کە هێشتا تامی ژیانی نەکردووە ئازاری نەخۆشی بچێژێت. بۆیە بەپێویستی دەزانم کە لەم بەشەدا خزمەت بکەم". 

کاتێک لەم بەشەدا منداڵێک دەمرێت، بێگومان بۆ خێزان و دایک و باوکی سەختە، هەموان نیگەران دەبن بە لە دەستدانی منداڵ چونکە گیانێکی بێ گوناهە ئایا چۆپی لەم کاتانەدا چۆن مامەڵە دەکات؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا باس لەوە دەکات کە بەڵێ نیگەران دەبێت بەڵام" کاتێک منداڵێک گیان لە دەست دەدات ر کاریگەری زۆری لەسەرم هەیە، بەڵام خۆم ڕادەگرم چونکە دەزانم خێزانەکەی زۆر زیاتر لە من نیگەرانن. بارودۆخێکی یەکجار نا ئاسودەیان هەیە، هەرگیز ناتوانن وازبهێنم، دەمەوێ لەم کاتانەدا شتێک بکەم کە لە ئازاریان کەم بکەمەوە، بۆ نموونە ناوکی منداڵەکەیان بە بڕاوی بۆ دەبەم یان یان بە پێی منداڵەکە مۆر لەسەر کاغەزێک دەکەم و بۆیان دەبەم. کۆمەڵێک یادگاری منداڵەکەیان بۆ دەبەم پێیان دەڵێم کە ناوی بنێن، هەوڵ دەدەم ئەگەر کەمیش بێت لە ئازاری دایک و باوکی منداڵەکە کەم بکەمەوە چونکە پێویستییان بەوەیە".

منداڵەکان جیهانێکی پاکن. ئایا خۆشەویستی چۆپی بۆ منداڵەکان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە جەخت لەوە دەکاتەوە" بێگومان خۆشەویستیم بۆیان لە پاکی منداڵەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوەندە پاک و جوان و بەڕێزن، هەست دەکەم کە قسەیان لەگەڵ دەکەم لێم تێدەگەن، کاتێک پێیان دەڵێم مەشغوڵم و ئێستا دێمەوە بۆلات گریانەکەی دەوەستێنێت، بەڵام کە ئەم ماوەیە زۆری پێچوو جارێکی تر بە گریان بانگت دەکاتەوە. زۆرجوان مامەڵە دەکەن، دەڵێن منداڵی ساوا هیچ نازانێت بە پێچەوانەوە زۆر شت دەزانن، ئەوە وادەکات بەڕێز بن لای من و زۆر بە خۆشەویستییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەم".

مامەڵەی چۆپی لەگەڵ منداڵەکان و خێزانی منداڵەکانیشە وەک چۆپی دەڵێت، ئایا بەریەککەوتنی لەگەڵ خێزانەکانیان و بە تایبەتیش دایکەکانیان چۆنە؟ ئەو پەیوەندی نێوان خۆیان و دایکی بە مندالەکان بە گرنگ دەزانێت" بەر یەککەوتنم زۆرباشە لەگەڵیان، کاتێک دایکەکە لە ژووری نەشتەرگەرییە من دەڕۆم بۆ لایان و خۆمیان پێدەناسێنم، کە منداڵەکە لە دایک بوو من ئاگام لێی دەبێت. زۆربەیان دەمناسن و دەڵێن مادەم تۆ ئاگات لە منداڵەکەمان دەبێت خەممان نییە. هەندێکجار بە تایبەت لەبەر من دێنە ئەو شوێنەی من کاری لێدەکەم نەشتەرگەری بۆ منداڵەکانیان دەکەن، تەلەفۆنم بۆ دەکەن کە ئایا خشتەی کاتی من چۆنە تا ئەو کاتە بێن من لە سەر کارم، جگە لەوە رووبەروو یان لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەردەوام زانیاری پێویستییان پێدەدەم، تا باشتر ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت".

چۆپی بەهۆی کاری پەرستارییەوە ناوبانگێکی زۆری هەیە. بەردەوام لە ڤیدیۆکانیدا بە خۆشەویستییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکان دەکات و دەدوێت. جیاوازی ئەو لەگەڵ پەرستارەکانی تردا چییە؟ چۆپی گوتی" جیاوازی من لەگەڵ پەرستارەکانی تر ئەوەیە من بەردەوام دەخوێنمەوە، پێویستە هەر کەس لە ساڵێکدا بەلای کەم دە کتێب بخوێننەوە لەسەر بابەتێک یان بوارێک. خوێندنەوە بیرکردنەوەو رەفتارت بەرەو باشتر دەچێت، بیرۆکەی باشترت دەداتێ، خوێندنەوەی چڕوپڕ و ورد زۆر کاریگەرە. لە زانستی پزیشکیدا دەڵێت: ئەگەر لە ساڵێکدا سی کتێب لەسەر یەک بوار بخوێنیتەوە وەکو ئەوە وایە دکتۆرایەکت هێنابێت. باشە با ئێمە ماستەرێک بێنن. جیاوازی من ئەوەیە لە هەر ساڵێکدا 25-60 کتێب لە بواری پەرستاریدا دەخوێنمەوە. 60م نەخوێندبێتەوە 25م خوێندووەتەوە ئەگەر 25نییە با 15 کتێب بخوێنینەوە تا لە بواری خۆماندا پێشبکەوین". 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین