ژنێک: ئەگە رازی نەبم ژنی دووەم بهێنێت لێم جیادەبێتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

تەمەنی 38 ساڵە، دایکی پێنج منداڵە، بەڵام هاوسەرەکەی داوای جیابوونەوەی لێدەکات. ئەو دەڵێت: کوڕەکانیشم لەسەر قسەی باوکیانن و کەسیان پشتگیری من ناکەن.

شلێر، ژنێکی خەڵکی دەوروبەری شاری کۆیە-یە. دایکی شەش منداڵە، کوڕەکانی خاوەن ماڵ و منداڵن. ئەم ژنە سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمارکردووە لەبەرئەوەی دەیەوێت"ژنی دووەم بێنێت" بەڵام "کەس وەڵامی ناداتەوە". 

شلێر، لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە لەگەڵ خزمێکیان هاوسەرگیری پێکراوە وەکو ئەو باس دەکات " دوو کوڕم ژن و ماڵیان هەیە، کچێکم شویکردووە دوای ئەو تەمەنە دەیەوێت ژنم بەسەربێنێت، لەبەرئەوەی رازی نەبووم لێم جیا دەبێتەوە".

ئەم ژنە، ساڵانێکە هاوسەرەکەی دەیەوێت ژنی دووەم بێنێت، بەڵام ئەو رەتیدەکاتەوەو رازی نابێت، بۆیە سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەی تۆماردەکات" کاتێک زانیم بە دزی من و بێ پرسی من چووە بۆ خوازبێنی، پەشیمانیش نابێتەوە سکاڵای یاساییم لەسەر تۆمار کردووە، بەڵام ئێستا لەسەر ئەوە دەڵێت تەڵاقت دەدەم".

شلێر جەخت لەوەدەکاتەوە" دەمێکە پێیدەڵێم من رازی نیم ژنم بەسەربێنی، کچ و کوڕمان هەیە ژیانمان هیچ کێشەی تێدا نییە، پێشم گوت ئەگەر هەر پێداگیری بکەی سکاڵات لەسەر تۆماردەکەم، بەڵام ئەو وازی نەهێنا، کێشەم ئەوەیە کوڕەکانیش پاڵپشتی باوکیان دەکەن و پێم دەڵێن مادم سکاڵات لەسەر باوکمان تۆمارکردووە با لێت جیاببێتەوە".

دوای ئەوەی شلێر سکاڵا تۆمار دەکات کوڕەکانی لێی دوور دەکەونەوە. بۆ ئەم مەبەستە قسەمان لەگەڵ کوڕە گەورەکەی کرد دەڵێت" باوکم توانای بەڕێوەبردنی دووژنی هەیە، شەرعیش رێگەی پێداوە کەچی دایکم سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە لەسەرئەوە ئێمە لەگەڵ باوکمانین".

شلێر پێیوایە" لەبەرئەوەی باوکیان دەوڵەمەندە کوڕەکان پشتی ئەو دەگرن، دەترسێن لە میرات بێبەشیان بکات، سەرەڕای ئەوەی زوڵم لەمن دەکرێت رازین".

ئاڵا عەبدول. توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی شلێر گوتی " کێشەی لەمجۆرەمان زۆرە، ئەگەرچی بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری دووەم مەرجدار کراوەو ئاسان نییە، بەڵام بەشێکی زۆر لەوانەی ژنی دووەم دەهێنن دەڕۆنە دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی".

حاکم ئەمیرە، دادوەری دادگای تووندووتیژی خێزانی سەبارەت بە گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " زۆربەی پیاوەکان تا هاوسەری یەکەمیان دەزانێت، ئەوان گرێبەستی هاوسەری دووەمیان کردووە. لەبەرئەوەی لە دادگایەیکی فەرمییە گرێبەستەکە یاساییە ئێمە ناتوانین هیچ ڕێوشوێنێک بەرامبەر ئەو کەسە بگرینە بەر، بەڵام ئەگەر ژنی یەکەم بەر لە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری سکاڵا تۆماربکات ئێمە دەتوانین بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ پیاوەکە بکەین".

ئاڵا عەبدول دەڵێت" شلێر مافی خۆیەتی رازی نەبێت بەوەی دوای ئەو تەمەنە ژنی بەسەربێت، بەڵام دەبێ بیر لەوەبکاتەوە ئایا ئەگەر جیابێتەوە پلانی داهاتووی چییە؟ یان دەتوانێ لە منداڵەکانی دووربێت و خۆی بەڕێوەبەرێت؟ پێویستە بە وردی بیر لە هەموو ئەو گرفتانە بکاتەوە کە ئەگەری هەیە بێنە بەردەمی".

سەبارەت بە وەی کوڕەکانی پشتگیری دایکیان ناکەن، ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە دەڵێت" ئێمە نابێ ئەوەمان لا سەیربێت چونکە کلتوری باو، ژنی لەسەر پیاو تا ئەو راددەیە زاڵکردووە کە دەتوانێ بیچەوسێنێتەوە.، هەروەها بە پێی کلتوری ئێمە سکاڵا تۆمارکردنی ئافرەت زۆر قبوڵکراونییە بۆیە دەبێت شلێر چاوەڕێی ئەو گرفتانە بێت و بتوانێت عاقڵانە مامەڵەیان لەگەڵ بکات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین