د.دالیا: گۆڕانکاری هۆرمۆنات لە ئافرەتاندا هۆکارە بۆ تێکچوونی دەرونی دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

پسپۆڕ لە بواری دەرونناسی و چالاکوانی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت، دکتۆرە دالیا دەشتی دزەیی، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت ئاماژە بەو نەخۆشییە دەرونییانە دەکات کە زیاتر توشی ئافرەتان دەبن، هەروەها هۆکارەکانی رووندەکاتەوە.

نوچەنێت: چەند زانستییە کە دەڵێن، ئافرەتان زیاتر تووشی نەخۆشی دەرونی دەبن؟

د.دالیا: لە رووی زانستییەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان عەقڵی ژن و پیاودا نییە، بەڵام بە پێی هەندێک ئامار و توێژینەوەی دەرونی، ئافرەتان زیاتر تووشی نەخۆشی دەرونی دەبن، ئەویش ئەو نەخۆشییانەی کە زیاتر پەیوەندییان بە لایەنی هۆرۆمۆناتەوە هەیە، چونکە هۆرمۆنەکان زیاتر فەرمان لەسەر رەفتار و هەڵسوکەوتی ئافرەتا دەکەن، زۆر قۆناخی ژیانیشی هەیە کە هۆرمۆنەکانی تووشی گۆڕانکاری دەبن بۆیە ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئافرەتان زیاتر تووشی نەخۆشی دەرونی یان تێکچوونی میزاج ببن.

خەمۆکی دوای منداڵبوون جۆرێکە لەو نەخۆشییانەی تووشی ئافرەتان دەبێت

وەنەبێ ئەمە تەنیا هۆکار بێت بەڵکو هۆکاری کۆمەڵایەتیش هەن، کە وادەکەن ئافرەتان زیاتر دەرونییان تێکبچێت، توێژینەوە هەیە دەڵێت، ئەو ئافرەتانەی کە زیاتر لە ماڵەوەن و ناڕۆنە دەرەوە یان ژمارەی منداڵیان زۆرە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دەرونی زیاترە. یان وادەکەن ئافرەت نەتوانێت لەسەر دەرونی خۆی زاڵ بێت. ئەوەش مانای ئەوە نییەکە پیاوان  تووشی گرفتە دەرونییەکان نابن، تێکچوونی دەرونی تووشی ئافرەتان و پیاوان دەبێت، بەڵام بە چەند هۆکارێک پیاوان دەتوانن زاڵ بن لەسەری یانیش بیشارنەوە چونکە پیاوان زیاتر لەدەرەوەن و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی و کاریان زیاترە.

نوچەنێت: ئەو نەخۆشییە دەرونییانەی کە زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت چین؟

د.دالیا: ئەو نەخۆشییانەی کە زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت خەمۆکییە، بە پێی ئامار و لێکۆڵینەوەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، دیارترینیان گۆڕانکارییە هۆرۆمۆنییەکانە، لەوانەیە بەشێکی زۆر لە ئافرەتان پێش سوڕی مانگانە تووشی جۆرێک خەمۆکی ببن هەروەها  جۆرێک خەمۆکی تر هەیە کە پێی دەڵێن، خەمۆکی دوای منداڵبوون، چونکە گۆڕانکاری هۆرمۆنی زۆرە.  ئەو ئافرەتانەی کە کاردەکەن و لەلایەنی ماددییەوە جێگیرن لایەنی دوەروونییان باشترە لە ئافرەتانی ماڵەوە، ئەوەی تێبینیم کردووە بە ئەزموونی کەسیم زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە خۆیان دەسوتێنن ژمارەی منداڵیان زۆرە. 

خەمۆکی زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت

لەوانەیە ئەوە بۆئەو هۆکارە بگەڕێتەوە کە  پیاوەکەی پشتگوێی دەخات، وەستانی سوڕی مانگانە، لە تەمەنێکی دیاریکراودا هۆکارێکی ترە،هەروەها  کەم خەوی بەهۆی منداڵ و ئیشوکارەوە. زیادبوونی کێش، ئەو ئافرەتانەی کە نەشتەرگەری هێلکەدانیان پێویستەو هێلکە دان لێدەکەنەوە، گۆڕانکاری بە سەر میزاجیان دادێت. منداڵ لە بارچوون و فشاری دەرونی کاتێک هاوسەرگیری دەکەن و دووگیان نابن یان چاوەڕێی دووگیان بوونن. ئەمانە زنجیرە هۆکارێکن کە پەیوەستن بە یەکترەوەو لە ئافرەتاندا روودەدەن.

نوچەنێت: پێتوایە تا ئێستا کۆمەڵگەی ئێمە هوشیارییان لەسەر نەخۆشییە دەرونییەکان هەیە؟

د.دالیا: بەداخەوە  لە کۆمەڵگەی ئێمە تێڕوانینێکی ناڕاست بەرامبەر بە دۆخە دەرونییەکان هەیەو نەگۆڕاوە. کاتێک باسی نەخۆشی دەرونی دەکەی یەکسەر دەیبەستنەوە بەوەی ئەو کەسە شیت بووە. پێویستیمان بە هوشیارییە لەسەر دەرون دروستی، کاتێک هوشیاری دەرون دروستیمان هەبوو دەزانین چۆن هەڵچوونەکانمان کۆنتڕۆڵبکەین و چۆن رەفتار لەگەڵ کەسانێک بکەین کە ئیستیفزازمان دەکەن، یان چۆن رەفتار لەگەڵ کێشەکان بکەین. 

لە وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر گرنگی بە بواری دەرون دروستی دەدرێت، رێکخراوی دەرون دروستی ئەمریکی، مانگی پێنجیان داناوە بۆئەوەی لەم مانگەدا چالاکییەکان تایبەت بە هەڵمەتی هوشیارکردنەوەی دەرون دروستی بن، ئێمەش زۆر پێویستمان بە وەها بیرکردنەوەیەکە.

نوچەنێت: پێویستە لە رووی کاتەوە ساڵانە یان مانگانە، سەردانی راوێژکار یان پزیشکی دەرونی بکەین؟

د.دالیا: چەند خاڵێک هەیە پێویستە هەموو مرۆڤێک ئەنجامی بدات بۆئەوەی پشتگیری دەروندروستی خۆی بکات، یەک لە خاڵەکان  پەیوەندی کۆمەڵایەتییە، زۆر گرنگە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت باش بێت و هاوڕێی باشت هەبێت دەردەدڵی بۆبکەی، سەردان و رۆیشتنە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێیان بۆ دەرون دروستی زۆر گرنگن. هەروەها بایەخدان بە وەرزش کردن یان هەر یارییەک کە کەسەکە ئارەزووی دەکات، کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و یاریکردن لەگەڵ منداڵەکان لەو هۆکارانەن کە بۆ دەرون دروستی خێزان گرنگن.

لە کۆمەڵگەی ئێمە هوشیاری دەرون دروستی نییە

بایەخدان بە تەندروستی و لەشی خۆت خاڵێکی ترە، ئاو خواردنەوەی زۆر و خۆراکی تەندروست چوونە پارک و ئەو شوێنانەی کە مرۆڤ لێی ئاسودەیە. ئێمە لە ئینستاگرام پەیجێکمان هەیە بە ناوی (دەرون و ژیان) دەتوانن بۆ وەرگرتنی رێنمایی سودی لێوەربگرن.

کاتێک زانیت خۆت ناتوانیت کۆنتڕۆڵ لەسەر دەرون دروستی خۆت بکەی ئەوا پێویستە سەردانی دکتۆری دەرونی بکەی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین