هۆڵندا: بۆ ئەوەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە سەرکەوێت دەبێ جیاوازییە سیاسییەکان بخەینە لاوە کوردستانی

نوچەنێت:

کۆنسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، پرۆسەى چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە بەباشى بەڕێوەناچێت و ململانێى سیاسى بە هۆکارى سەرەکى دەزانێت.

ڕۆژى سێشەممە (30/ئاب/2023) یاکۆب، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو ڕایگەیاند، لە یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە ئێمە لە دۆخێکداین کە دەبینین شتێکی زۆر بە دەست ناهێنین، ئێمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوامان لێ کرابوو لەوەدا بەشداری بکەین، بەڵام داواکاریی حکومەتی ئێرەیش ئێستا بە بنبەست گەیشتووە، لەبەر ئەوەی لەم ساتەدا خودی حکومەتیش لەئارادا نییە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە کە چالاکانە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات، بە زۆری دوولایەنەیە.

یاکوب ڕوونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، کێشەکان زیاتر لە یەکەى (70 و 80)دایە،  لەبەر جیاوازی لە ئاستی سیاسیدا دەبینیت بە شێوەیەکی بنچینەیی هەر شتێک ئاستی سەربازی پێویستی بێت بیکات، ئەوان لە رێگەی ئەم دۆخە سیاسییەوە دەستیان بەسەردا گرتووە، چونکە ئەو هێزانە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بەش کراون. جا لەبەر ئەو دابەشکارییە سیاسییە، هیچ رێگەیەک نییە کە وا بکەیت سوپا هاوکاری بکات، هەوڵ دەدەن هەندێک بەرەو پێش بچێت، بەڵام بە راستی پرۆژە گەورەکەی یەکخستنەوە بە باشی جێبەجێ ناکرێت.

کۆنسوڵى هۆڵندا دووپاتى دەکاتەوە، کە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئاگادارن و دانى پێدا دەنێین کە پرۆسەکە بە باشى بەڕێوەناچێت.

سەبارەت بە چالاکردنەوەى پرۆسەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە گوتیشى، پێویستی بە سەرکردایەتییەکی سیاسیی زۆر بوێرە و دەبێت بڕیاری زۆر بوێرانە بدرێت، ئەگەر ئێمە بە راستی وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێمان وابێت ئەم پرۆژەیە زۆر گرنگە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت هەندێک لە جیاوازییە سیاسییەکان بخەینە لاوە و بە راستی کاری لەسەر بکەین. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین