هاوسەری ئەو پیاوانەی کۆچ دەکەن لە ژێر بارێکی سەختی دەروونی و کۆمەڵایەتیدان دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

جێهێشتنی خێزان و هاوسەران لە لایەن پیاوەکانەوە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی زۆری لێدەکەوێتەوە، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت: ئەنجامی زۆربەی ئەو خێزانانە هەڵوەشانەوەیە.

کۆچکردن بۆ هەندەران بووەتە دیاردە، ئەگەرچی هۆکاری ئابووری و ئەمنی لە پشت کۆچکردنەوە هەیە بەڵام لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی دیار و بەرچاون. بە ئەگەری زۆر بە جیابوونەوەی هاوسەران کۆتایی دێت.

بەگوێرەی ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ساڵی 2015 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021، زیاتر لە 649 هەزار و 273 کەس کۆچیان کردووە، 296 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 216 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون.

لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، خەڵکێکی زۆر روودەکەنە هەندەران، بە تایبەتیش لە ناوچەی پشدەر، بە تایبەت لە ناو توێژی گەنجان و تەمەنی ناوەند کۆچکردن بووەتە دیاردە.

زیاتر لە 649 هەزار و 273 کەس کۆچیان کردووە

ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن، بەشێکیان خێزانەکانیان بەجێدەهێڵن لە کاتێکدا چارەنووسیان نادیارەو نازانن کەی یان چۆن دەگەن، کەی دەتوانن جارێکی تر ماڵ و منداڵەکانیان ببیننەوە. 

هەوێن، خانمێکی 25 ساڵە. ماوەی دوو ساڵە هاوسەرەکەی رۆیشتووە بۆ ئەوروپا. ئەو دەڵێت" کاتێک رۆیشت سکم هەبوو. ئێستا تەمەنی کوڕەکەم ساڵێک و نۆ مانگە و باوکی نەبینیووە. ئەوە بۆ من زۆر سەختە".

هەژان، تەمەنی23ساڵە. خوشکی هەورینە ئەویش هاوسەرەکەی لەگەڵ هاوسەری هەوێن رۆیشتووە. سەبارەت بەو گرفتانەی دێتە بەردەمیان هەژان گوتی" کاتێک رۆیشتن بە بڕیاری خۆیان بوو ئێمە لە ناچاریدا ئاڵتونەکانمان بۆیان فرۆشت، بەڵام ئێستا وێڕای ئەوەی دوورن قسەی کۆمەڵگەو ماڵە خەزوران و کەسوکار هەمووشتێکی سەختتر کردووە. بۆ ئێمە وەکو ئەوەیە بەردەوام لە شەڕدابین".

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کاریگەری خێزانی ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە، روونیدەکاتەوە " ئەگەر سەیری هاوسەر و منداڵی ئەم کەسانە بکەین، کە کۆچ دەکەن، سەرەتا تا دەگەنە شوێنی خۆیان لە دڵەڕاوکێ و لە ژێر فشارێکی زۆری سەلامەتی ئەو کەسانەدان، دواتر تانەو توانجی دەوروبەر بە تایبەت کە بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانن هاوسەر و منداڵەکانیان بەرن، کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی زۆر سەختی لەسەر هاوسەرانیان هەیە".

ئالا عەبدولغەفور، جەخت لەوە دەکاتەوە" ئەگەر بێین بەدواداچوونێکی وردی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ خێزانی ئەو کەسانە بکەین، کە کۆچ دەکەن و ژن و منداڵەکانیان بە جێدەهێڵن دەبینین کە چەند زیانمەندن، بۆی هەیە ئەم بۆشاییە دەروونییە هەرگیز پڕنەکرێتەوە، چونکە وێڕای سەختی ژیان و دووری هاوسەر یان باوک، کاریگەری باری ئابووری هەروەها کۆمەڵایەتی زۆر سەختە بە تایبەتیش لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان ئێمە چەندین حاڵەتمان هەبووە کە بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە".

بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە کۆچم کرد نە من دەتوانم بگەڕێمەوە نە مافی پەنابەرێتیش بۆ هاوسەرەکەم دەردەچێ

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە، رایوایە ئەو کەسانەی کە کۆچیش دەکەن باری دەروونییان ساغ نامێنێت" ئەمە وێڕای کاریگەری نەرێنی لەسەر خێزانەکانیان، ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن بە ناو ترس و تۆقین و ماندووبوونێکی یەکچار زۆردا دەڕۆن، ئەوە بێگومان کاریگەری دەروونی و جەستەیی لە سەریان دەبێت، بۆی هەیە تووشی گرفتی هەمیشەیی جەستەیی و دەروونی بن، یانیش لە رووی کلتوری کۆمەڵایەتییەوە تووشی دووفاقییەک دەبن کە جیاکردنەوەی سەختە، چونکە نەدەتوانن لەگەڵ کلتوری ئەم وڵاتانە رابێن نە دەشتوانن بێنەوە لە وڵاتی خۆمان یەکجاری بژین، وێڕای ئەوەی تووشی هەڵوەشانەوەو لێکترازانی خێزانی دەبن".

کۆچکردن، کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر هاوسەری کۆچبەران هەیە

ئاریا، تەمەنی 23، خەڵكی ناحیەی سەنگەسەرە، کاتێک کۆچیکردووە تەمەنی حەڤدە ساڵبووە. لە وڵاتی بەریتانیا دەژیت، ئاریا دوای دوو ساڵ مافی پەنابەرێتی وەرگرتووە" دوای دووساڵ مافی پەنابەرێتیم وەرگرت، چونکە هەژدە ساڵ کەمتر بووم دۆخم باشتر بوو لە پەنابەرانی تر بەڵام دووری لە دایک و باوک و خێزان هەموو شتێکی لە بیربردبوومەوە. ئێستا زۆر بیری خێزانەکەم دەکەم بەڵام ناتوانم  و ناشمەوەێ جارێکی تر لە کوردستان بژیم، چونکە بێکاری و باری ئابوری وایکرد من کۆچ بکەم".

عەلی، تەمەنی 39. ماوەی شەش ساڵە خێزانەکەی بە جێهێشتووە، سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنی دەڵێت" بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە کۆچم کرد، ئێستاش مافی پەنابەرێتی بۆ خێزانەکەم دەرناچێ چەند ساڵە چاوەڕێین، منیش ناتوانم جارێکی تر بگەڕێمەوە لە کوردستان بژیم".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین