مەسرور بارزانى: یەکێک لەشێوازە مەترسیدارەکانى هەوڵى لاوازکردنى هەرێمى کوردستان ماددە هۆشبەرەکانە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان."

ڕۆژى یەکشەممە (15/تشرینى یەکەم/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان) لەهەولێر ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، کە یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددەی هۆشبەرەکانن."

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز:

ڕۆژتان باش 

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئامادەم. دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە گرنگە دەکەم کە تایبەتە بە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ئەم سەردەمە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە ڕژدی و بەرفراوانی کار لە سەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردنی و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت .

لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارەی یەکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرا . کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.

بەڕێزان...

کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێکە هەموو جیهانییە و زۆر لە کۆمەڵگاکان پێیەوە گیرۆدە بوون، بەداخەوە  عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە  هەڕەشە و مەترسییەکانی بەدەر نین.

بێگومان ماددەی هۆشبەر، هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بەکەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگا دەدات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی.

هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، کە یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددەی هۆشبەرەکانن و یەکێکە لەو چەکانەی کە بە شاراوە و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لە باربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکار دەهێنرێت، بۆیە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە.

مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان،  هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان و هەوڵ دەدەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان وەربگرن وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی تر، بۆ ئەم مەبەستەش رێگا و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبە بۆ بارزگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەمان ژمارەی ئالوودەبووان لە هەڵکشاندا بێت، بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناکانیان، بەردەوامبن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پلانە مەترسیدارەکانیان سەربگرێت.

پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە بە هۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانی ماددەی 140 ( ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم)، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە هۆکاری ناسەقامگیرین و رێگریش دەکەن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە. بگرە بەداخەوە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە خۆیان بەشێکن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشیان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و هەموو پشتیوانییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە  لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری هەموو چین و توێژو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری بکات لە پێناوی ئەوەی سەرچاوەکانی ئەم پەتایە وشک بکات، چونکە ئەمە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکان هەیە.

 ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان پێکهێناوە کە ژمارەیەک وەزارەت و دام و دەزگای پەیوەندیداری تێدایە، لە هەمان کاتدا ، سندوقێکیش بۆ  پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبووان و ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروستکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێک تایبەت کراوە بەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و كارتێكەرە عەقڵییەكان. بەستنی ئەم کۆنفرانسەش، بەشێکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی ئەم پلانە، بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەک و خێراکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری کردووە بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەر بوون بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان و تووشبووان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، داوا لە کەرتی تایبەتیش دەکەین کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هاوکاریکردنی ئاڵوودەبووان بۆ چارەسەر و دووبارە شیاندنەوەیان.

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، تەنیا ئەركی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی هاوبەشی هەموولایەکمانە. لەم ڕووەوە داوا لە دایک و باوکان ، ناوەندە پەروەدەیی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانمان،  مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن ، کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆشیال میدیا و هەموو هاونیشتمانیان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە دەکەم ، کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و هەر یەکێک لە پێگەی خۆیەوە، کار بۆ هۆشیاركردنەوەی کۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجەکانمان بکات و لە مەترسییە کوشندەکانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بکاتەوە. پێویستە هەڵمەتێکی چڕو بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەست پێ بکەین و ئەمەش پێوستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی هەموومان هەیە . .

لێرەدا دەمەوێ دووبارە جەخت لەوە بکەمەوە کە  پێویستە ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان مافیا و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و  ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن، ئەوانەی بە هەر هۆیەک، تووشی ئەم بەڵایە دەبن، پێویستە هاوکار و یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەرکردنیان و دوورخستنەوەیان لەم ڕێگە مەترسیدارە، ئەمەش لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووان و تووشبووان. بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی دەکەمەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بە سزا گەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بکرێت و دەبێت بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.

جێی ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێویستی بە هاریکاری و پشتیوانی هەیە، بە تایبەتی ڕاوێژ و هاوکاری لۆجستیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان کە پێشنیار دەکەم ستراتیژێکی گشتگیری هاوبەش هەبێت بۆ هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم ، لەم ڕووەوە. لە ماوەی رابردووشدا رێوشوێنەکانی هەماهەنگی حکومەتمان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە بەتایبەتی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ (UNODC) .

هەروەها پێویستە لە بواری یاساییشەوە، هاوکاری حکومەت بکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانان و ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕێکخراوەکان و وڵاتان بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەکمان، بتوانین مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگاکەمان کەم بکەینەوە.

هیوادارین ئەم کۆنفرانسە، هاندەرێک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان ، هەروەها هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پتەوتر بکات بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خێراتر بکرێن لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگاکەمان لەم دیاردە ترسناکە.

ئیتر هەر شاد و سەرکەوتووبن و کوردستان هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین