سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى به‌لجیكا لە عێراق و ئوردن كۆبووه‌وه‌‏ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى به‌لجیكا له‌ عێراق و ئوردن کرد و جەخت لە بره‌ودان ‏به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هەرێمى کوردستان و بەلجیکا دەکاتەوە.

ڕۆژى چوارشەممە (18/تشرینى یەکەم/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز سێرج دیكشن باڵیۆزى به‌لجیكا له‌ عێراق و ‏ئوردن كرد.‏

سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌لژیكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، گرنگیى ‏شیاندنه‌وه‌ى ڕفێنراوانى ئێزدیى ڕزگاربووى ده‌ستى داعش، دۆخى سیاسیى عێراق و ‏هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان، تاوتوێ كرد.‏"

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ "به‌شداریى ‏به‌لجیكا له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و هاوكارییه‌كانى بۆ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا خواستى دوولایه‌نه‌یان بۆ بره‌ودان ‏به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ‏دووپات كرده‌وه‌.‏"

لە ڕاگەیێندراوێکدا هاتووە، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر "گرنگیى جێبه‌جێكردنى دروستى سیسته‌مى فیدراڵى له‌ ‏عێراق و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، ‏هه‌روه‌ها به‌ڕێز باڵیۆزى به‌لژیكا سوپاس و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر دووپات كرده‌وه‌.‏"

ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم دەشڵێت، له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ‏به‌گشتى، بیرورایان گۆڕییه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین