بەردى بناغەی دوو پڕۆژەى ستراتیژى لە زاخۆ دادەنرێت کوردستانی

نوچەنێت:

ئەمڕۆ یەکشەممە، (19/تشرینى دووەم/2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ دانا.

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند، "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کارمان کرد بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەکو ناوچەی پیشەسازی لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەبن. ئەم پڕۆژانە هەلی کار بۆ هەزاران گەنج دەرەخسێنن و ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو پێش دەبەن". 

مەسرور بارزانی گوتیشی، "بابەتی ژینگەپارێزی و پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و چاودێریکردنیان بەشێوەیەکی زانستی، یەکێکە لە پرسە جیهانییەکان و لەو کێشە گەورەیانەیە، کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەم کێشە و ئاستەنگانە دوور نین، بۆیە پێویستە هەموو ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە بکەین." 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە زاخۆ:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە هاتووینەتەوە ئەم دەڤەرە لە زاخۆی دەلال و، لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست بەشدارم لە دانانی بەردی بناغە بۆ دوو پڕۆژەی گرنگ کە لە ناوچەی پیشەسازی لە زاخۆ و کارگەی جیاکردنەوەی پاشماوەکان (ریسایکلینگ) پێکدێن. هەردوو پڕۆژەکە زۆر گرنگ و ستراتیژین و مفای زۆریان بۆ ئەم دەڤەرەیە دەبێت.

دەست خۆشی لە کۆمپانیاکانی جێبەجێکار دەکەم و هیوادارم بە شێوەیەکی باش ئەم هەردوو پڕۆژەیە ئەنجام بدەن. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کارمان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەکو ناوچەی پیشەسازی لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەبن. ئەم پڕۆژانە هەلی کار بۆ هەزاران گەنج دەرەخسێنن و ئابووری هەرێمی کوردستان دەبووژێننەوە.

بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی و کەرتەکانی دیکە، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێشکەوتنی کوردستان دەبێت. ئەمڕۆ لە جیهاندا، ئەو وڵاتانە بە پێشکەوتوو دەزاندرێن کە لەڕووی پیشەسازییەوە پێشکەوتوون و پێداویستییەکانی رۆژانەی مرۆڤ بەرهەمدەهێنن.

جێگەی خۆشحاڵیمانە کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە کەرستەی خاو و سامانە سرووشتییەکان کە بنەمایەکی سەرەکیی گەشەکردنی کەرتی پیشەسازییە. بازاڕی کوردستانیش، بازاڕێکی نوێ و پێگەیشتووە. پێویستە ئێمە کار لەسەر دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بکەین و هاوردەکردنی کەلوپەلەکان لە دەرەوەی سنووردار و کەم بکرێتەوە.

بۆ پێشخستنی کەرتە ئابوورییەکان، پێویستیمان بە بەستنەوەی بازاڕەکانی کوردستان هەیە، ئەمەش لەرێگەی بوونی رێگاوبانی باش دەکرێت، کە ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ دەکات و کاتیش کورت دەکاتەوە، لە ئەنجامدا تێچووی داراییش بۆ خاوەن کارەکان کەم دەکات. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەسەر ئەم لایەنەش کارمان کردووە و لە ئێستادا رێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی کوردستان پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و ماوەی نێوان شار و پارێزگاکان بەراورد بە ماوەی رابردوو، زۆر کورتر بووەتەوە.

پڕۆژەیەکی دیکەی ئەمڕۆ، کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاکە. ئەم پڕۆژەیەش، بێجگە لەوەی هەلی کار بۆ سەدان کەس دەرەخسێنێت، چەندین سوودی گرنگی دیکەی دەبێت لەوانەش پاراستنی ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکان و پارێزگاریکردن لە پاک و خاوێنی زەوی.

بێجگە لە لایەنە تەندروستییەکەی، لەناوبردنی زبڵ و خاشاک بەم شێوەیەی ئێستا؛ سووتاندن یان کردنە ژێرخاکی زبڵ و خاشاک، زۆر جار دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی لە ناوچەکە، چونکە بوونی پاشماوەی زبڵ و خاشاک، مەترسی و هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە لەسەر ژینگە، پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی، کە لە کۆتاییدا کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت. بۆیە پڕۆژەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی لەم جۆرە لە هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجام بدرێن.

ئەمڕۆ بابەتی ژینگەپارێزی و پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و چاودێریکردنیان بەشێوەیەکی زانستی، یەکێکە لە پرسە جیهانییەکان و لەو کێشە گەورەیانەیە، کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەم کێشە و ئاستەنگانە دوور نین، بۆیە پێویستە هەموو ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە بکەین. 

جێگەی سوپاسییە کە خوای گەورە دەرفەتی پێداوین کە پێمان بکرێن زۆرێک لەو بەڵێنانەی داومانن بیانکەینە کردار و بکرێنە پڕۆژە. سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و ئاستەنگای بۆ ئەم کابینەیە دروستکراون، پشوودرێژی ئێوە و پشتیوانی کەرتی تایبەت و ماندووبوون و دڵسۆزی فەرمانبەرانی حکومەت لە کەرتی گشتی، ئەم کابینەیە نەکەوت، بەڵکوو رۆژ بە رۆژ بەرەو سەرکەوتن هەنگاوی نا و ئینشائەڵڵا خوای گەورە دەرفەتمان پێ بدات، هەنگاوی باشتر و سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستدەهێنین.

لە ماوەی رابردوودا زۆر پێشکەوتنمان لە بوارەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبوون و بەنیازین ئەم سەرەتایەی بووژاندنەوەی ئابووری و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، ببێتە شۆڕشێکی بووژانەوەی ئابووری لە هەموو شار و پارێزگاکانی کوردستان.

هیوادارین هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دۆستەکانیشمان لە دەرەوە پشتیوانی لە بەرنامەکانی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی پێمان بکرێت خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی جێبەجێبێکار ئەم پڕۆژەیە دەکەم. هیوادارم بە کواڵێتییەکی باش ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت و خەڵکی زاخۆ و دەوروبەری دهۆک و هەموو کوردستان سوودی لێ ببینن. ئێوە بمێنن بەخێر و سەلامەت و کوردستان هەر ئاوەدان بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین