گومان لە هەوڵێکی فراكسیۆنى بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

فراكسیۆنى بزووتنەوەی گۆڕان بەنیازە چوار وەزیری خۆی لە حکومەتی هەرێمى كوردستان بانگهێشتی پەرلەمان بکات، جێگیری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی سەرنجی لەسەر ئەم هەوڵە هەیە و ده‌ڵێ "ناکرێت بێ بنەما بانگهێشتی وەزیرەکان بکرێت".

دوێنێ شەممە ١٠ی نیسان، گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەری knn ی راگەیاندووه‌، یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ بانگهێشتکردنی چوار وەزیرەکەی بزووتنەوەی گۆران لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوڵستان سەعید روونیکردۆتەوە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە رۆڵی چاودێریکردن لە پەرلەمان چالاك بکەن، بۆیەش لە وەزیرەکانی خۆیان دەستپێدەکەن.

لەوبارەیەوە ئەمرۆ یەکشەممە ١١ی نیسان سەعید هەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی بۆ "نوچەنێت" باسی ئەو هەوڵەی کرد و دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە دەبێت بانگهێشتکردنی وەزیرەکانی حکومەت لەسەر بنەمایه‌ك بیت و نەك تەنیا "موزایەدە" بێت.

سەعید هەرکی بێ ئەوەی ناوی "بزووتنەوەی گۆڕان" بهێنێ باسی ئەوە دەکات ئەگەر کێشەیەک هەبێت ئەوا گرنگە وەزیری پەیوەندیدا بانگهێشت بکرێت، ئەگینا بە هەوڵێکی باشی نازانین.

سەعید هەرکی گووتی، "بانگهێشتکردنی وەزیر دەبێت لەسەر بنەمایەك بێت یاخود کەمتەرخەمیەك یان بابەتێك لە گۆڕێ بێت بەڵام ته‌نیا بۆ موزایەدە بێت و بانگی وەزیر بکەن و بێتە پەرلەمانی نازانین دەبێت چ بنەمایەکی هەبێت، بۆیه‌ بە هەنگاوێکی باشی نابینم لەبەر ئەوەی ئەگەر کێشەیەك لە وەزارەتی دارایی هەبێت هەقە وەزیری دارایی بێتە پەرلەمان بەڵام بۆ هەر چوار بەیەکەوە بێن، لەبەر ئەوەی ئیستا بابەتی لێبرینی مووچە هەیە بابەتی رازیبوونی بودجەی عێراقی هەیە ئایا لێبرینەکە بەردەوام دەبێت یاخود نا، هێشتا ئه‌وانه‌ دیار نییه‌"

بە بڕوای جێگیری سەرۆکی لیژنەی ده‌ستپاكى ئەو کاتەی لە مانگەکانی داهاتوودا لێبرینی مووچە بەردەوام بوو ئەوە رەواییە وەزیری دارایی بانگهێشت بکرێت ئەگینا تەنها لەبەر ئەوەی خودی بانگهێشتەکە، نابێت ئەو کارە بکرێت، سه‌عید هه‌ركى گوتى، "بەڵام بڕوای من ئەو مانگەی تێپەرێت ئەگەر مووچە هەر بە لێبرینه‌وە بدرێتە هاووڵاتی حەقە بانگهێشتی وەزیری دارایی بکڕێت، بۆئەوەی کێشەکان شی بکاتەوە کە بۆچی لێبڕین هەیە حکومەت تاکو کەی بەردەوام دەبێت لەم لێبرینە؟ ئەوە ره‌وایه‌. بەڵام بۆ ئەوەی بڵێن بانگهێشتی وەزیرەکان کراوه‌، ئه‌وها بێ بنه‌ما ناکرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ده‌گوترێ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ دامركاندنه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى ئه‌ندامه‌كانى ئه‌م كاره‌ ده‌كات و ئامانجێكى ناوخۆیى هه‌یه‌، سه‌عید هه‌ركى ئاماده‌ نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ بكات و له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "ئه‌وه‌ باشتره‌ له‌ خۆیان پرسیار بكرێت".
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین