دوای 10 ساڵ خۆشەویستی فێڵی لێدەکات دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دوای دەساڵ لە پەیوەندی خۆشەویستی، خۆشەویستەکەی لەگەڵ کچێکی تر هاوسەرگیری دەکات. بەم هۆیەوە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و ناتوانێ قسەبکات.

لارا، ناوی خوازراوی کچێکی32 ساڵە. لە تەمەنی 22ساڵییەوە لەگەڵ کوڕێکی ناسیاریان پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکات، بەڵام ماڵی باوکی لارا ڕازی نابن کچەکەیانی پێبدەن لەبەرئەوەی باری دارایی کوڕەکە خراپ بووە.

دایکی لارا، بە بێتاقەتی و نیگەرانییەکی زۆرەوە لەگەڵ کچەکەی لە نەخۆشخانەیە. ئەو دەڵێت" باوکی و براکانی ڕازی نەبوون بیدەن بەو کوڕە لەبەرئەوەی دۆخی داراییان زۆرخراپ بوو، کوڕەکە بێ ئیش بوو. هەر لەبەرئەوەش چووە ئەوروپا".

بەپێی قسەی خوشکێکی لارا، دوای ئەوەی باوکی رەدی دەکاتەوە کچەکەی بدات بەو کوڕە، کوڕەکە بڕیار دەدات سەفەری ئەوروپا بکات" دوای ئەوەی چووە ئەوروپا بەردەوام لەگەڵ لارا لە پەیوەندی دابوو. پێی دەگوت چاوەڕێم بکە، پارەیەکی باش پەیدا دەکەم و دێمەوە بۆ خوازبێنیت. لەبەرئەوە خوشکەکەم هیچ داخوازییەکی هاوسەرگیری قبوڵ نەدەکرد و چاوەڕێی خۆشەویستەکەی بوو".

دایکی لارا سەبارەت بە نەخۆشی کچەکەی گوتی" رۆژی رابردوو لە ناکاو لارا لە ژووری خۆی دەستیکرد بە گریان، دواتر لە هۆش خۆی چوو، دوای هاتنەوە هۆش خۆشی بەس دەگریا و هیچ قسەیەکی نەدەکرد. دواتر خوشکەکەی سەیری مۆبایلەکەی کرد، بینی ئەو کوڕە بۆی نووسیوە کە لە تۆڵەی ئەوەی ئەویان نەداوەتێ، چووە کچێکی تری خواستووە". 

لارا بەهۆی گریان و نیگەرانییەوە هیچ قسە ناکات، خوشکەکەی ئاگاداری پەیوەندی نێوانیان بووە دەڵێت" ئەو کوڕە بەردەوام خۆشەویستی خۆی بۆ لارا دووبارە دەکردەوە. دەساڵە خوشکەکەم چاوەڕێیەتی، نازانم چۆن شتیوای کردووە. لەبەرئەوە ئەگەر خوشکەکەم تووشی هەرشتێک بێت سکاڵا لەسەر خێزانی کوڕەکە تۆماردەکەم".

پەیمان ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە دۆخی لارا گوتی" بە داخەوە لە وڵاتی ئێمە چەندین بەسەرهاتی لەمجۆرە هەن، بەڵام ئەوەی لە نەریتی ئێمەدا دەنگ هەڵبڕینی کچ لەو پەیوەندییانەدا ڕێگەپێدراو نییە، زۆربەی کچان تووشی جۆرەها دۆخی خراپی دەرونی و تەندروستی دەبن".

سەبارەت بە هەڵوێستی ماڵی باوکی لارا کە بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە کچەکەیان نەدواوە بەو کوڕە، ئەم توێژەرە دەڵێت" کاتێک دایک و باوک بووی ناچاری بیر لە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی منداڵەکانت بکەیتەوە، ڕەنگە باوکی لارا لەو کاتەدا کە نەیویستووە کچەکەی بدات بە کوڕێکی بێکار، بیری لە چۆنێتی گوزەرانی کچەکەی کردووەتەوە، ئەوەی کە زۆر هەڵەیە لێرەدا ئەوەیە کە حکومەت لە کاتی هاوسەرگیری گەنجاندا هیچ هاوکاری و دەستپێشخەرییەک لە بارەی شوێنی نیشتەجێبوونەوە ناکات، ئەوەی من بزانم و زۆرترین ئەو کەیسانەی کاریان لەسەر دەکەم، لە کاتی هاوسەرگیریدا گرفتیان شوێنی نیشتەجێبوونە.  هەڵەی دووەم بەردەوامبوونی ئەو کوڕە لە پەیوەندیدا لەگەڵ لارا، کاتێک دەساڵ کچێک لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە نابێت، دواتر بەمجۆرە دەستبەرداری بێت".

دایکی لارا، سەبارەت بە قسەی کچەکەی کە دەیەوێت سکاڵا لەسەر خێزانی کوڕەکە تۆماربکات، ڕایوابوو" ئێستا کە ئەم هەڵوێستەی ئەم کوڕە دەبینم پێـوایە، باوکی و براکانی باشیان کرد لارایان نەداوەتێ چونکە ئەوەی کردی ڕەفتارێکی زۆر ناپیاوانەو نا مرۆڤانەیە، بۆیە هەوڵ دەدەم کچەکەم ئاسایی بێتەوەو ئەم کوڕە لە بیربکات". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین