زیبا تەها: کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگ ئەنجام دەدەین دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

زیبا تەها، سکرتێری نوێی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە دیمانەیەکی نوچە باس لە دوو تەوەری سەرەکی کارکردنی ڕێکخراوەکە دەکات لە داهاتوو و دەڵێت: وێڕای دانانی بەرنامە و پلانی تۆکمە، پرسی یەکسانی و پرسی نەتەوەیی دوو ئامانجی گرنگی کارکردنی ئێمە دەبێت.

زیبا تەها، دەرچووی بەشی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی سەڵاحەدین،  پێشتر ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو. لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بووبە سکرتێری ئەم ڕێکخراوە. سەبارەت بە ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکە زیبا تەها جەخت لەسەر دوو پرسی گرنگ دەکاتەوە بۆ کارکردن ئەوانیش "ئێمە جەخت لەسەر دووپرسی گرنگ بۆ کارکردن دەکەینەوە، کە دەبێ هاوتەریب کاریان لەسەر بکەین، یەکەمیان پرسی یەکسانی ودووەمیان پرسی نەتەوەیی و کارکردنە لەسەر پەرەدان بە ئینتیمای نەتەوەیی لەلای ئافرەتان و گەنجان".

کۆنگرە بە ئامانجی گۆڕانگاری پێداچوونەوەی بەرنامەی کار ئەنجام دەدرێت، ئایا ئەو گۆڕانکارییانەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئەنجامیداوە لە کۆنگرەی نۆیەم چیبووە؟ زیبا تەها گوتی"داڕشتن و ئاراستەکردنی کارەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، گۆڕانکاری بەسەردادێت. هەیکەلی یەکێتی ئافرەتانیش گۆڕانکاری بەرسەردا هاتووە. پێشتر  مەکتەبی سکرتاریەت، ئەنجوومەنەکان  و ناوەندەکان بوو، ئەنجوومەنەکان ئەڵقەی پەیوەندی بوون لە نێوان مەکتەبی سکرتاریەت و ناوەندەکان، بەڵام لە کۆنگرەی ئەمجارە گۆڕانکاری لەم شێوازە لە کارکردندا کراو ناوەندەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ مەکتەبی سکرتاریەتدا دەبێت. وێڕای ئەوەی بەرنامەیەکی پلان و تۆکمە و ستراتیژی لەگەڵ هەڤاڵانی سکرتاریەت دادەڕێژین، بە میکانیزمێکی گونجاو لەگەڵ سەردەم کاری بۆ دەکەین".

زیبا تەها، ئەوەش دەخاتەڕوو " پەرەدان بە تواناکانی ئافرەتان و هوشیارکردنەوەیان و، کەمکردنەوەی تووندووتیژی ڕەگەزی، کاری لە پێشینەمان دەبێت. کارێکی ترمان هەوڵدان دەبێت بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئافرەتان، لە ناوەندە حزبی و حکوومییەکاندا".

لە بارەی پەیڕەووپڕۆگرامی ڕێکخراوەکە زیبا تەها دەڵێت" پەیڕەووپڕۆگرامی نوێێ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لەم کۆنگرەیەدا وەها داڕێژراوە، کە دەستمان کراوەتر بێت بۆ کارکردنی هەمەلایەن و ئەنجامدانی گۆڕانکاری".

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕێکخراوێکی مرۆییە لە بواری ئافرەتان و لە هەرێمی کوردستان و مەڵبەندە کوردییەکان لە جیهان کاردەکات. لە ڕێکەوتی (11/12/1952) لە شاری سلێمانی دامەزراوە. ڕۆژی (21/12/2023) یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، نۆیەم کۆنگرەی خۆی لە ژێر دروشمی (هێز و توانای ئافرەت بناغەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە) بەست. 

لەم کۆنگرەیەدا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، حەوت ئەندامی بۆ سکرتاریەتی ڕێکخراوەەکە هەڵبژارد و زیبا تەها بووبە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین