نێچیرڤان بارزانى: خوێنمان بەخشیوە بۆ ئەوەی داکۆکی لە ئازادی بکەین دژبە هێزە شەڕانگێزەکان کوردستانی

نوچەنێت:

ئەمڕۆ ئێوارەى سێشەممە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى پەیامێکى ڤیدیۆیى لە سیمینارى (ئەنستیتۆی جەکسۆن بۆ پرسە جیهانییەکانی زانکۆی یێڵ)ى ئەمەریکى، ڕایگەیاند، " ئەم مانگە، نیسانی ٢٠٢١، بۆ کورد و پێوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کورد بایەخێکی مێژوویی هەیە. لەم مانگەدا یادی سی ساڵەی ساڵوەگەڕی بڕیاری ٦٨٨ و (ئۆپەراسیۆنی دەستەبەرکردنی ئارامی)یە."

لە سیمینارەکەدا، کە بە هاوكاريى ڕێكخراوى (دادپەروەری بۆ کورد) ده‌رباره‌ى كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌چوو و دۆستانى گه‌لى كوردستان له‌ ئه‌مه‌ريكا، به‌ريتانيا و فه‌ره‌نسا تيايدا به‌شدارن.

نێچیرڤان بارزانى گووتیشى، "سەپاندنی هەرێمی نەفڕین لە کوردستان بۆ بیناکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ژێرخانەکەی دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە گرنگ بوو. لە زۆر ڕووەوە بوونی هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر، ئارام و لێبووردە، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەو دەستێوەردانەی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و هاوپەیمانانی ديكه‌يه‌."

 

ده‌قى په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى:

ئامادەبووانی بەڕێز،

ڕۆژتان باش!

سوپاسی ”ئەنستیتۆی جەکسۆن بۆ پرسە جیهانییەکانی زانکۆی یێڵ” دەکەم؛ دۆستەکانم، ژەنه‌راڵ پەترێیس، باڵیۆز فۆرد، ئێما سکای، پرۆفیسۆر لێڤنسۆن، ویتنشتاین و ”دادپەروەری بۆ کورد” و دامەزرێنەرانی، تۆماس کاپلان و بێرنارد هێنری لێڤی: بۆ ڕێکخستنی ئەم دیدارە دۆستانەیە لەگەڵ هاوڕێ ئەمەریکی، بەریتانی و فەرەنسییەکانمان، سوپاستان دەکەم.

ئەم مانگە، نیسانی ٢٠٢١، بۆ کورد و پێوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کورد بایەخێکی مێژوویی هەیە. لەم مانگەدا یادی سی ساڵەی ساڵوەگەڕی بڕیاری ٦٨٨ و ”ئۆپەراسیۆنی دەستەبەرکردنی ئارامی”یە، کە بریتی بوو لە دەستێوەردانی سەرکەوتووی مرۆییی سەربازی و تێیدا وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و هاوپەیمانانی ديكه‌، کوردستانی عێراقیان پاراست. ئۆپەراسیۆنەکە سەرووی یەک ملیۆن لە خەڵکی ئێمەی، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ئێران و تورکیا مابوونەوە، پاراست و ناوچەیەکی ئارامی لەو کاتەدا بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێمە دەستەبەر کرد. زۆرێک لە منداڵان و بەساڵاچووان بە هۆی برسێتی و گیرخواردنەوە، بەرلەوەی ڕزگار بکرێن، گیانیان لە دەست دا.

سەپاندنی هەرێمی نەفڕین لە کوردستان بۆ بیناکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ژێرخانەکەی دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە گرنگ بوو. لە زۆر ڕووەوە بوونی هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر، ئارام و لێبووردە، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەو دەستێوەردانەی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و هاوپەیمانانی ديكه‌يه‌.

هەر لە ڕۆژانی نیسانی ١٩٩١ەوە تا ئێستا، ئەمەریکا پاڵپشتیی هەرێمی کوردستانی کردووە و بەردەوام بووە، دواجار لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتيدا بۆ تێکشکاندی داعش. کوردستان لانەی ئاشتی، سەقامگیری و پێکەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕکێشەدا و هەروایش دەـێنێتەوە. ئێمە خوازیاری په‌يوەندییەکی دوولایەنەی بەسوودین لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان، بۆ ئەوەی بتوانین هەم یارمەتیی خۆمان بدەین و هەم کۆمەکی ئەوانی ديكه‌يش بکەین کە پێویستیان پێیەتی.

ئێمە دان بە بایەخی زۆری یارمەتیدانی پێکهاتەکاندا دەنێین کە لە توندوتیژی ڕادەکەن. شەڕی ناوخۆی سووریا و داگیرکاریی داعش شەپۆلی نەبڕاوەی ئاوارە و دەربەدەری لێکەوتەوە. لەو دۆخەدا، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی (له‌ سه‌تا سى) زیادی کرد بە هۆی هاتنی نزیکەی (2) ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە نەتەوە و ئایینی جیاوازەوە.

بەڵی، گەلی کوردستان بە ڕاستی بەهاکانی ئێوە بە هیی خۆیان دەزانن و ئامادەن بە شێوەیەکی ئەرێنی یارمەتیدەر بن. ئێمە خوێنمان بەخشیوە بۆ ئەوەی داکۆکی لە ژیان و ئازادی بکەین دژبە هێزە شەڕانگێزەکان. وەک سەرکردەی دنیای ئازاد، لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادایە کە بڕوانێتە ئەوبەری سنوورەکانی خۆیەوە. ئێمە پێشوازی لە بڕیاری سەرلەنوێ بەشداربوونەوەی ئیدارەی بایدن دەکەین لە پرسە جیهانییەکاندا.

ئێمە پێشوازی لە دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکا ـ عێراق دەکەین. ئەمە پابەندییەکی بەهێز و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو په‌يوەندییەکی هاوسەنگ.

ئێمە چاوەڕێ نین ئەمەریکا شەڕ لەبری ئێمە بکات، بەڵام چاوەڕێین کە ئەمەریکا لەگەڵ ئێمەدا لە عێراق بە چالاکی بمێنێتەوە بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش. بۆ گەییشتن بەم ئامانجە پابەندیی بەردەوامی ئەمەریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیمان پێویستە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە.

دامەزراندنی هەرێمی نەفڕین، (٣٠) ساڵ بەرلە ئەمڕۆ، ئومێد و دەرفەتی ئەوەی پێ بەخشین تا بناغەکانی کوردستانی ئەمڕۆ وەک بەشێکی سەقامگیر و ئاشتیخوازی عێراق و هاوپەیمانێکی جێمتمانەی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دابنێین.

بۆ پتەوکردنی ئەم دەستکەوتە، ئێمە پێویستە لە هاوبەشیی درێژخایەن بەردەوام بین. بە يارمه‌تيى ئێوە توانیومانە هەرێمی کوردستان بکەینە چیرۆکێکی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە بەشداریی بەردەوام و پاڵپشتیی ئێوە، توانای ئەوەمان هەیە کە هەرێمی کوردستان بکەینە ناوچەیەکی ئاشتیخوازتر، سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر کە لە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولاماندا دەبێت. ئێمە پابەندی ئاشتی، سەقامگیری، حوکمڕانیی باش و ڕیفۆرمین و هەروایش دەمێنینەوە.

دۆسته‌كانم لە ئەمەریکا: دۆستایەتیی و هاوپەیمانیی ئێمە لە ١٩٩١ لە چیاکانی هەرێمی کوردستاندا دروست بوو. با پێکەوە بەردەوام بین بۆ داکۆکیکردن لە بەها و بنەما هاوبەشەکانمان کە بریتین لە شکۆی مرۆڤ و کراوەیی. با پێکەوە تێبکۆشین بۆ بیناکردنی جیهانێکی ئارامتر، دادپەروەرتر، ئازادتر و سەقامگیرتر.

سوپاستان دەکەم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین