گەنجێک بە دزییەوە وێنەو ڤیدیۆی کچێکی هاوڕێی بڵاودەکاتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ماوەی چوار ساڵ بەیەکەوە هاوپۆل و هاوڕێ بوون، دوای ئەوە کە بۆ ئاهەنگێکی خێزانی لە دایکبوون بانگهێشت دەکرێت، بە دزییەوە وێنەی کچەهاوڕێکەی دەگرێت و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە.

شانیا کچێکی 23 ساڵە. خوێندکاری قۆناغی سێیە لە یەکێک لە زانکۆکان،  بۆ ڕؤی لە دایکبوونی سەرجەم هاوڕێکانی هاوپۆلی بۆ ئاهەنگی لە دایکبوونەکەی بانگهێشت دەکات. ئەو گوتی" دەزانن لە کاتی ئاهەنگی خێزانی یان لە گەڵ هاوڕێکان هەندێ جوڵە و قسە و نوکتە دەکرێت کە بڵاوکردنەوەو وێنەگرتن نییە، من سێیەم ساڵمە لەگەڵ ئەو هاوپۆلانەم، بۆیە بانگهێشتی ئاهەنگی خێزانی خۆمم کردوون. بە داخەوە بەم هۆیە تووشی کێشيیەکی ئاڵۆزبووم".

کاتێک شانیا هاوڕێکانی بانگهێشتی ئاهەنگی لە دایکبوونی دەکات، لە باخچەی ماڵی خۆیان، لە سەرەتای ئاهەنگەکەوە داوا لە هاوڕێكانی دەکات، کە لە کۆتاییدا دەتوانن وێنە بگرن لە کاتی قسەو گفتوگۆ کەس وێنە نەگرێت" لە سەرەتاوە بە هاوڕێکانم گوت، تکایە کەس وێنە نەگرێت تا کۆتایی ئەو وێنانەش گیرا کەس بۆی نییە بڵاوی بکاتەوە، بەڵام دیاربوو کوڕێک لە یەکەم خولەکەوە بە دزییەوە ڤییۆی تۆمارکردبوو و وێنەی گرتبوو".

شانیا دەڵێت"ڕۆژێک دوای ئاهەنگەکە کاتێک چوومەوە زانکۆ، هەندێک لە هاوڕێ کچەکانم لێم توڕەبوون و قسەیان پێگوتم، هەندێ کوڕیش تانەیان لێدەدام. کاتێك پرسیارم کرد، گوتیان: تۆ بە ئێمەت گوت کە کەس وێنە ناگرێت و بڵاوناکاتەوە بۆچی هەموو جموجوڵێکی دوێنێ شەومان بڵاوکراوەتەوە؟".

ئەم کچە دەگێڕێتەوە" کاتێک وێنەکانم بینی تووشی سەرسوڕمان بووم، کە کێ شتیوای کردووە. بۆیە یەکسەر گەڕامەوە ماڵەوە و لەگەڵ براکانم قسەم کرد. ئەوان لە ڕێگای شارەزای ئای تییەوە زانییان لە کوێ و کێ بڵاوی کردووەتەوە".

ئەم کچە گەنجە پێیوایە " ئێستا لە سەردەمێکین کە ئیتر ناتوانین متمانە بە هاوڕێکانیشمان بکەین، چونکە چوار بۆ پێنج ساڵ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ ڕۆژانە چەند کاتژمێر بەیەکەوەی لەگەڵیان هێشتا ناپاکیت لەگەڵ دەکەن و دەیانەوێ زیانت لێبدەن".

بڵند مستەفا، پارێزەر سەبارەت بە سزای یاسایی ئەو کەسەی کە بە زییەوە وێنەو ڤیدیۆ تۆماردەکات یان بەبێ مۆڵەت وەرگرتنی کەسەکە بڵاوی دەکاتەوە، ڕوونیکردەوە کە ئەم کارە بە تاوان ئەژمار دەکرێت و سزای یاسایی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی(2008) لە هەرێمی کوردستان دەرچووە. دەیگرێتەوە تێیدا هاتووە"وێنەگرتنی خەڵک بە بێ ئاگاداری یان بڵاوکردنەوەی بەبێ مۆڵەتی کەسەکە، دزەپێکردنی بۆ بڵاوکردنەوە، کە ببێتە هۆی لەکەدارکردنی ئەو کەسە تاوانە، سزاکەی بە بەندکردن کە لە ماوەی شەش مانگ تاکو پێنج ساڵە. بۆیە وێنەگرتتنی خەڵک لە ئاهاەنگی خێزانی و ناوخۆییدا، کە مەبەست لە وێنەگرنتەکە بلاوکردنەوەنییە بەڵام دواتر یەکێک بڵاوی دەکاتەوە دەچێتە چوارچێوەی ئەو تاوانە کە لە ماددەی دوومی یاسای ژمارە(6) دا باسکراوە".

ڕێژین حەیدەر، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی شانیا دەڵێت" ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیایە، متمانەکردن ئەستەمە چونکە بیرمان بێت جیا لەو شتانەی کە بە دزییەوەو بە مەبەست بڵاودەکرێنەوە،  زۆرجار بێ ویست گرتەو ڤیدیۆ دزە دەکات و بڵاودەبێتەوە یان بەهۆی هەڵە بەکارهێنانی ئامێرێک لە لایەن منداڵێکەوە وێنە بڵاوبووەتەوە. بۆیە لەم سەردەمە دەبێت هەرکاتێک نەمانوسیت وێنە یان ڤیدیۆمان بڵاوبکرێتەوە یان بگیرێت دەبێت وێنەگرتن و بەکارهێنانی مۆبایل قدەغە بکرێتە ئەمەش ئەستەمە".

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە باس لە باشترین ڕێگاچارە دەکات، بۆئەوەی گەنجەکان دووچاری ئەم حاڵەتە نەبنەوە" باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لەم کێشانە ئەوەیە کە لە ئاهەنگە خێزانییەکانیشدا جلوبەرگێک لەبەر نەکەن یان جۆرێک هەڵسوکەوت نەکەن، کە بە دزەکردنی وێنەیەک ڕووبەووی کێشەو گرفت ببنەوە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی مۆبایل و وێنەگرتن زۆر ئەستەمە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین