د.ڕێدار ئەمین: بابەتی ڕەگەز گۆڕین بە سیاسی کراوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دکتۆر ڕێدار ئەمین، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت ئاماژە بە حاڵەتی ڕەگەزگۆڕین، زیانەکانی و ئەو کەسانەش دەکات کە زانست، ئایین و یاسا ڕێگەیان پێدەدات ڕەگەز بگۆڕن.

د.ڕێدار دەڵێت: بابەتی ڕەگەز گۆڕین بە سیاسی کراوە، ئەگەرنا ئەو کەسانەی کە دەکرێط ڕەگەز بگۆڕن لە لایەن پزیشکانەوە دوای چەندین پشکنین دەکرێت لە ڕێگەی نەشطەرگەرییەوە بکرێت بەو ڕەگەزەی کە زاڵە.

نوچەنێت: کێن ئەوانەی ئاساییە ڕەگەز بگۆڕن؟

د. رێدار: لە زانستی دەروونیدا دوو زاراوە هەن، کە پێویستە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە روونییان بکەینەوە، ئەویش زاراوەی رەگەز و زاراوەی جێندەر.

رەگەز (سێکس) بریتییە لە پێکهاتە بایۆلۆژییەکەی مرۆڤ، کە پێکدێت لە هۆرمۆنەکان، کرۆمۆسۆمەکان، ئەندامەکانی زاوزێی یەکەمی و دووەمی، بەمجۆرەش ئەگەر کەسێک کرۆمۆسۆمی (xy) بێت و هۆرمۆنی نێرینەی زاڵ بێت و ئەندامەکانی هی نێرینە بن و جەستەی وەک پیاو بێت. ئەوا لە ڕووی ڕەگەزەوە ئەم کەسە نێرە، پێچەوانەکەشی هەمان شتە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا رەگەزی کەسەکە بە ڕوونی دیار نییە و هەندێک لە نیشانەکانی هی ڕەگەزێکە و هەندێکی تریشی هی ڕەگەزەکەی ترە، بۆیە بە ئاسانی ناتوانین دیاری بکەین، کە کامە ڕەگەزە. لێرەدا  کاری زانست ئەوەیە یارمەتی کەسەکە بدات، کە ڕەگەزە دروستەکەی هەڵبژێرێت، کە لە بنەڕەتدا هی خۆیەتی.

بە واتایەکی تر پزیشکەکان پشکنینی پێویست بۆ ئەو کەسە دەکەن و لە ئەنجامدا تێدەگەن کام ڕەگەزی زاڵە بەسەر ئەویتردا، بۆیە ئەو کەسە مافی خۆیەتی و زانست و یاساش ڕێگەی پێدەدەن نەشتەرگەری پێویست بکات بۆ ڕاستکردنەوەی ئەندامەکانی، تاکو لەگەڵ ڕەگەزی بنەڕەتی خۆی بگونجێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسەکە، کرۆمۆسۆمی (xx)ی هەبوو هۆرمۆنی مێینە زاڵبوو، بەڵام هەندێک لە نیشانە جەستەییەکانی لە ڕەگەزی نێر دەچوون، ئەوا دەکرێت نەشتەرگەری پێویست بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەگەز ئەنجام بدات، ئەمەش گۆڕێنی ڕەگەز نییە، بەڵکو ڕاستکردنەوەیە.

پزیشکەکان پشکنینی پێویست بۆ ئەو کەسە دەکەن، کە ترانز جێندەرەو لە ئەنجامدا تێدەگەن کام ڕەگەزی زاڵە بەسەر ئەویتردا، بۆیە ئەو کەسە مافی خۆیەتی و زانست و یاساش ڕێگەی پێدەدەن نەشتەرگەری پێویست بکات بۆ ڕاستکردنەوەی ئەندامەکانی، تاکو لەگەڵ ڕەگەزی بنەڕەتی خۆی بگونجێت

زاراوەی دووەم بریتییە لە (جێندەر) لە ڕووی دەرونییەوە واتە کەسەکە لە نێو کۆمەڵگەدا چۆن خۆی دەبینێت و ڕۆڵی چییە، بە چاوپۆشین لەوەی چ ڕەگەزێکە، واتە دەکرێت کەسەکە لە ڕووی ڕەگەزەوە نێر بێت، بەڵام خۆی بە مێ ببینێت و بە پێچەوانەشەوە. ئەم حاڵەتەش تاکو ساڵانێکی زۆر بە گرفتی دەروونی دادەنرا، ئێستاکەش هەروایە، بەڵام جاران لە ڕێگەی چارەسەری دەروونی هەوڵدەدرا بیروبۆچوونی کەسەکە بگۆڕدرێت، ئێستا یارمەتی کەسەکە دەدرێت ڕەگەزی بگۆڕێت!

نوچەنێت: حاڵەتەکانی ڕەگەز گۆڕێن زیادبوون، هۆکارەکەی چییە؟

د. رێدار: هۆکاری یەکەم: بریتییە لە گۆڕانی گۆشەنیگای زانست بۆ کەسی ترانزجێندەر، جاران زانستی دەروونی هەوڵی دەدا بیروبۆچوونی کەسەکە ڕاست بکاتەوە بە جۆرێک لەگەڵ جەستەی هاوتەریب و هارمۆنی بێت، ئێستاکە لە ژێر فشاری ڕێکخراوە مەدەنییە (گوماناوییەکان) هەوڵ دەدات جەستەی بگۆڕێت.

واتە جاران هەوڵ دەدرا بەرنامەی مێشکی کەسەکە ڕیفۆرم و ئەبدەیت بکرێت، ئێستا هەوڵ دەدرێت شاشە و هاوس کیبۆرد بگۆڕدرێت، من پرسیار دەکەم ئایا  کامە گونجاوترە بێیت ئەقڵی ئەلیکترۆنی ئۆتۆمبیلێک ئەبدەیت بکەیت، بە جۆرێک کە لەگەڵ جەستەی ئۆتۆمبیلە کە بگونجێت یان بە پێچەوانەوە؟ 

کاتێک کۆمپیوتەر فۆرمات دەکەیتەوە ئایا شاشە و کیبۆرد دەگۆڕێت یاخود بەرنامەی سۆفت وێر؟ بە یاساییکردن و ئاساییکردن و پاڵپشتی کردنی ڕەگەز گۆڕین، پشت ئەستور بە تیۆری دەروونی هۆکار بۆ زیادبوونی ڕێژەکە. 

جاران زانستی دەروونی هەوڵی دەدا بیروبۆچوونی کەسەکە ڕاست بکاتەوە بە جۆرێک لەگەڵ جەستەی هاوتەریب و هارمۆنی بێت، ئێستاکە لە ژێر فشاری ڕێکخراوە مەدەنییە (گوماناوییەکان) هەوڵ دەدات جەستەی بگۆڕێت.

نوچەنێت: دەکرێ هۆکاری هەموو  ڕەگەز گۆڕێنێک ناهاوسەنگی هۆرمۆنی بێت؟

د. رێدار: رەنگە ناهاوسەنگی هۆرمۆنی یەکێک لە هۆکارەکان بێت و دەکرێت ڕاست بکرێتەوە نەک ڕەگەز بگۆڕدرێت! بەڵام کە باس لە زۆر هۆکاری تر دەکرێت دیارترینییان هۆکاری کلتوری و دەروونییە،  هۆکاری کلتوری ئەوەیە، کە ڕەگەزی نێر  هەمیشە بە کەسێکی بەهێز و زاڵ دانراوە، بۆیە ئەو کەسانەی ئەندامەکانی نێرن، بەڵام لە ڕەفتاردا زیاتر لە ئافرەت دەچێت هەمیشە دەبێتە جێگای توانج و گاڵتەی هاوڕێکانی و بۆ دەربازبوون لێی هەوڵ دەدات ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت، ڕاڤەی دەروونی ئەوەیە، کە کەسی ترانزجێندەر لە ناو خێزانێکی ناهاوسەنگ دەژیت و جاری وایە وەک لێکچوون بۆ دایک و باوک، یان وەک ڕق، ڕەگەزی خۆی دەگۆڕێت. سەبارەت بە کرۆمۆسۆم تاکو ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەکراوەتەوە، تەنانەت ئەوانەی سەرەوەش کە باسم کردن تەنیا گریمانە و بۆچوونن. 

نوچەنێت: کاریگەرییە دەروونییەکانی ڕەگەز گۆڕێن لەسەر خودی کەسەکە و ژینگەی خێزانی ئەو کەسە چین؟

د. رێدار: توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕێژەی خۆکوشتن و خەمۆکی لە ترانزجێندەر زیاترە وەک لە وانیتر. هۆکارەکەی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگە و پەشیمان بوونەوەی کەسەکە و سەختی لە گونجان لەگەڵ ژیانە نوێکەیەتی.

سەبارەت بە خێزان و کەسوکاری بە تایبەت کەسانی پلە یەک، بێگومان کاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت، چونکە بۆ ئەوان وەک ئەوە وایە کەسێکیان مردبێت.

نوچەنێت: ماوەی زیاتر لە ساڵێکە زیاد لە پێویست باس لە ڕەگەز گۆڕین دەکرێت، پێتوایە ئامانجی سیاسییە یان هۆکاری دەروونی هەیە؟ ئەگەر هۆکاری دەروونییە چین؟

د. رێدار: ئەگەر مەبەستت کوردستان بێت، ئەوا ماوەی ساڵێک زیاترە باس دەکرێت، ئەگەرنا ماوەیەکی زۆرە ئەم بابەتە لە ڕۆژئاوا جێگای مشتومڕە؛ هۆکاری باسکردنی لە کوردستان ڕەنگە بۆ ئەوە بێت، کە میدیای کوردی تەنها وەک توتییەک هەڵسوکەوت دەکات و پێیوایە هەرچی لە ڕۆژئاوا بێت قبوڵکراو و پەسەندە. ڕەنگە هەندێک ڕێکخراویش هەبن بیانەوێت خێزانی کوردی پەرتەوازە بکەن، خێزان لای ئێمە پیرۆزە و لای ئەوان کۆتایی پێهاتووە، من خۆم پێموایە ئامانجی سیاسی لە دوایە؛ ئەگەرنا بۆچێ ڕێکخراو هەیە بە بیانووی مافی مرۆڤ، ئامادەیە ملیۆنەها دۆلار بۆ ئەم مەبەستە خەرج بکات، لە کاتێکدا میللەتی ئێمە چەندین کێشەی قورستر و ئاڵۆزتری هەیە، بۆ زانیاری، تاکو ئێستا لە ڕۆژئاواش زۆرێک لە زانایانی دەروونی دژی ئەو بۆچوونەن، کە ئێستا لە ئارادایە و پێیانوایە مەبەستی سیاسی لە پشتە، پێم باشە سەیری فیلمی دیکۆمێنتاری (wat is a woman ) بکەن. 

خێزان لای ئێمە پیرۆزە، ئەم حاڵەتەش خێزان هەڵدەوەشێنێتەوە

نوچەنێت:  بۆچی لە حاڵەتەکانی ڕەگەز گۆڕیندا پیاوان خۆیان دەکەن بە ژن، بەڵام هیچ ژنێکمان نەبینیوە خۆی بکات بە پیاو؟

د. رێدار: ڕەگەز گۆڕێن لە هەردوو ڕەگەزدا هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە ڕێژەکەی لە پیاواندا زیاترە، هۆکارەکەشی لە وەڵامی پرسیاری پێشووم ئاماژەم پێکرد، کە ئەوەیە نێر یان پیاو حەز ناکات ببێتە جێگای گاڵتەجاڕی و شەڕپێ فرۆشتنی هاوڕێکانی، بۆیە زیاتر و زووتر هەوڵی ڕەگەز گۆڕێن دەدات.

نوچەنێت: ئایا  ڕەگەز گۆڕین، کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەیە، جیا لە ژینگەی خێزانی؟ بە تایبەت لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا؟

د.ڕێدار ئەمین: لە ڕووی ئاینییەوە ئەم کارە بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە و حەرامە، چونکە گۆڕینی دروستکراوی پەروەردگارە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و خێزان هەیە. 

بە پێی تیۆری پەرەسەندنیش هەر قبوڵکراو نییە، چونکە بە پێی ئەم تیۆرە، دەبێت جۆرەکان هەوڵبدەن باشترین بەرهەم بێنن بە مانەوەی خۆیان (مانەوە بۆ باشترینە) بۆیە ئەوەی رەگەز دەگۆڕێت باشترین نییە. دواجار دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ئەم جەشنە. پەرەپێدانی ئەم کارە مەترسییە بۆ سەر مرۆڤایەتی و لە ناوبردنی شارستانیەت. دووبارە گەڕانەوە بۆ چارەسەرکردنی دەروونی و گۆڕێنی گۆشەنیگای کەسی ترانز جێندەر، دروستترین هەڵبژاردەیە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین