سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەیستۆنیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا، جەخت لە "برەودان بە پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستانیان دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و کەرتی تایبەت."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (17/کانوونی دووەم/2024) سەررۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی خۆی لە ھەولێر پێشوازی لە ئالار کاریس سەرۆکی کۆماری ئیستۆنیا و شاندێکی یاوەری کرد.

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە ئامادەی بوون، "ھەردوولا خواستی برەودان بە پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستانیان دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و کەرتی تایبەت و لەو بوارنەدا کە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموون و پسپۆڕیی ئیستۆنیا وەربگرێت، وەک بواری ئایتی و حکوومەتی ئەلەکترۆنی و بیناکردنی دامەزراوەکان."

ھەروەھا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی" سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری و ڕۆڵی ئیستۆنیا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئەرکی تیمی ڕاوێژکاریی سەربازییان و ھاوکارییان لەگەڵ پێشمەرگەدا دەربڕی و ھیوای خواست لە بوارەکانی دیکەی سەربازیدا ھاوکاریی پێشمەرگە بکەن."

لای خۆیەوە سەرۆک کاریس "خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی تیمی سەربازیی وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستان نیشان دا، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە لە ھەموو بوارەکاندا، زیاتر برەو بە پەیوەندییەکان و ھاریکاریی ھاوبەش لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بدات."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھێرشی سەر ھەولێر، شەڕ لە غەززە و دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ لە ئۆکرایینا و لێکەوتەکانی، تاوتوێ کران.

 

پاشان ھەردوو سەرۆک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، باسیان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان کرد.

سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتی:

بەخێر بێن..

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە ھەولێر پێشوازی لە جەنابی سەرۆک (کاریس) دەکەم. بە گەرمی بەخێرھاتنی جەنابیان دەکەم بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، جێی خۆشحاڵی و پێزانینە کە لە یەکەم سەردانیدا بۆ عێراق، سەردانی ھەرێمی کوردستانیش دەکات، دوای ئەوەی ھاوینی ڕابردوو بەڕێز وەزیری بەرگرییان ھاتە ھەولێر.

کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک ھەبوو ئەمڕۆ. باسمان لە برەودان بە پەیوەندیی ئیستۆنیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دەرفەتەکانی ھاریکاریی ھاوبەش و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە کرد. ھەروەھا دەر‌بارەی ھێرشەکانی سەر ھەولێر، پێشھاتەکانی ناوچەکە، دۆخی مرۆیی لە غەززە و شەڕ لە ئۆکراینا، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد.

سوپاس و پێزانینمان بۆ گەل و حکوومەتی ئیستۆنیا دووپات کردەوە کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ھاوکاریی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان کردووە. ئێستاش ھێزێکی سەربازییان لە ھەرێمی کوردستان لە ئەرکدان و ڕاوێژ و یارمەتی پێشکەش بە پێشمەرگە دەکەن، سوپاس و دەستخۆشییان لێدەکەین.

جگە لە ھاوبەشیمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕووبەڕووبوونەوەی دەمارگیری وتوندڕەوی، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان خوازیارین لە پسپۆڕی و ئەزموونی سەرکەوتووی ئیستۆنیا لە چەند بوارێکدا سوود وەربگرین. وەک: بواری ئای تی و حکوومەتی ئەلەکترۆنی کە ئەوان لەم بوارەدا پێشەنگن.

بۆ ئەم مەبەستە کاتی خۆی چەند جارێک شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئیستۆنیای کردووە، ھەروەھا لە بواری شەفافیەت و بیناکردنی دامەزراوەکان و لە ھەر بوارێکی دیکەدا کە ئێمە بتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین.

لێرەدا دووبارە زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆک دەکەین بۆ ئەم ھاتنەی. ھاتنیان نیشانەی بایەخدان و پشتگیرییە لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستان و بۆ ئێمە گرنگە. ھیوادارم بتوانین لە ھەموو ئاست و بوارەکاندا، برەو بە پەیوەندییەکان و ھاریکاریی ھاوبەشی داھاتوومان بدەین.

دیسانەوە جەنابی سەرۆک بە ‌خێر بێی.

زۆر سوپاس..

پاشان لە لێدوانەکەیدا سەرۆک ئالار کاریس گوتی:

جەنابی سەرۆک، سوپاس بۆ پێشوازیی گەرم و میوانداریتان، سوپاس بۆ گفتوگۆی ورد و ڕاشکاوانەمان. شانازییەکی گەورەیە کە یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا بم سەردانێکی فەرمی بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق بکات.

خۆشحاڵم کە شانسێکی کەسیم ھەبوو ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە مەزنانەی گەلی کوردستان ببینم ئەوانەی لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کردوویەتی. ھەندێ لە دینامیکییەکان زۆر ئەرێنین، وەک پەرەپێدانی فرەیی لە ژیانی سیاسیدا.

لە پەیوەندیی دوولایەنەشدا، بە خۆشحاڵییەوە ئاماژە بەوە دەکەم کە ئێمە لە بواری دیجیتاڵکردندا ھاوکارییەکی باشمان ھەیە. ھیوادارم لە داھاتوودا بتوانین ئەم ھاوکارییە بۆ بوارەکانی دیکەش فراوان بکەین.

ھەروەھا لە پرسە ئەمنییەکاندا ھاوکارین. ئیستۆنیا بە درێژاییی ساڵان چالاکانە بەشداری لە ڕێکاری نێودەوڵەتیی جۆراوجۆردا کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.

سەربازەکانمان لێرە لە ھەولێرن، ستایشی میوانداری و میھرەبانیی خەڵکی ناوچەکە دەکەن. سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ میوانداریکردنیان. ئێمە لێرەین بۆ پشتگیری و یارمەتیدانتان، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەوەی ھەیە زیاتر ئاوەدان و ئارامتر بێت و گەشە بکات.

ھۆکاری دیکەی گرنگ بۆ ھاتنمان ئەوەیە کە ئێمە خوازیارین لە جیھاندا ئاشتی ھەبێت، ھەروەھا بۆ ئێمە دیموکراسی و ئازادی زۆر بایەخدارن، ئەوانە ئەو بەھایانەن کە ھەوڵ دەدەین بەدیبێن و بپارێزرێن.

ئیستۆنیا بە توندی ھەموو جۆرە ئەگەرێکی تیرۆر سەرکۆنە دەکات، چونکە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی. ئێمە لەگەڵ ھەموو ھاوپەیمانەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆردا پێکەوە وەستاوین، ھەروەھا بە توندی سەرکۆنەی ھێرشە بەردەوامەکانی سەر ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق دەکەم و سەرەخۆشیی قووڵم بۆ خەڵکی ناوچەکە کە لە ھێرشی دوێنێدا لێرە لە ھەولێر خۆشەویستانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ ئاڵنگارییەکانی چۆنیەتیی مامەڵەکردنمان لەگەڵ بارودۆخی ئەمنیی ئاڵۆزدا تاوتوێ کرد کە چ لە ئەوروپا و چ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ئارادان. بارودۆخی غەززە بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە، پشتیوانی لە ھەموو ھەوڵێک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ئەم ململانێیە.

ھەروەھا باسمان لە دەستدرێژیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کرد. ئیستۆنیا دڵنیایە ئەگەر ڕێگە بدەین دەستدرێژکار ئامانجەکانی بپێکێت، ئەوە دەبێتە ھاندەر بۆ ھەموو دەوڵەتە شەڕانگێزەکانی دیکە بۆ ئەوەی کار بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ئیمپریالیستەکانیان بکەن.

ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات، ناتوانین ڕێگە بە ھیچ دەوڵەتێک بدەین بنەماکانی سستمی نێودەوڵەتی تێکبدات. بۆیە دەبێ ھەموو وڵاتانی دیموکراسی و ئازادیخواز، پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی جیھانێک کە ھەمووان تیایدا بتوانن سەرفراز بن و بە ئارامی بژین.

جەنابی سەرۆک، دووبارە زۆر سوپاس بۆ گفتوگۆی ڕاشکاوانە و بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی لە خۆم و شاندەکەم کرا. ھیوای ئارامی و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم!

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین