ژنێک:جیابوونەوەی خۆشەویستەکەی بووە هۆی تێکدانی ژیانی من دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دایکی پێنج منداڵە، بەهۆی جیابوونەوەی خۆشەویستە کۆنەکەی هاوسەرەکەی، ژیانی خێزانی ئەویش لە لێواری هەڵوەشانەوەیە، دەڵێت" لەبەرئەوەی ئامۆزامە دەبێت هەمووشتێک قبوڵ بکەم".

لەیلا، ناوی خوازراوی ژنێکی تەمەن سیوپێنج ساڵە. خەڵكی یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری شاری سلێمانییە. لە تەمەنی 19ساڵیدا دراوە بە ئامۆزای خۆی. بە پێی قسەکانی تا ساڵێک لەمەوبەر ژیانی ئاسایی بووە" لە ناو خێزانی ئێمە هاوسەرگیری لەگەڵ خزمانی خۆمان دەکەین، بەم هۆیەوە منیش درام بە ئامۆزایەکم، هەرچەندە دەمزانی ئامۆزاکەم پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێكی تردا هەبووە، بەڵام نەمدەتوانی بڕیاری باوکم رەتبکەمەوە".

لەیلا، دایکی سێ کوڕ و دووکچە، وەکو خۆی دەڵێت"چەند ساڵە بە هەموو بوون و نەبوونێک لەگەڵ هاوسەرەکەم هەڵمکردووەو ڕازی بووم، بەڵام دوای ماوەی ساڵێکە ژیانم بە تەواوی تێکچووە. هاوسەرەکەم بەردەوام بەجێمان دەهێڵێت و وەکو پێویست خەرجیمان ناکات".

ئەم ژنە دوای ئەوەی قسەکردنی خۆی لەگەڵ هاوسەرکەی سودی نابێت، سکاڵا لە لای باوکی خۆی و هاوسەرەکەی دەکات" کە زانیم قسەو تکاکردنی خۆم چاری کێشەکە ناکات، لەگەڵ باوکم و باوکی هاوسەرەکەم قسەم کرد، بەڵام بە ڕاشکاوی بە ئەوانی گوتووە کە خۆشەویستە کۆنەکەی لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە لەبەرئەوە دەیەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەودا بکات".

هەرچەندە بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان، هێنانی ژنی دووەم مەرجدارە، بەڵام لەیلا دەڵێت" باش دەزانم کە چۆن بە نا بە دڵ دامیان بەو ئیمزاکەشم پێدەکەن، چونکە لە ئێستاوە مامم دەڵێت، ئاساییە با ژنێکی تر بهێنێت و ئاگای لە ئێوەش بێت".

جیهان عەلی، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی لەیلا گوتی " لە ڕاستیدا کێشەی لە مجۆرەمان زۆرە، هەرچەندە ژنەکە بە پێی یاسا مافی پارێزاراوبێت، بەهۆی ڕێگری خێزانەکەی لە ناتوانێت وەکو پێویست مافەکانی وەربگرێت و پەنا بەرێتە بەر یاسا، ئەمەش بەهۆی ئەو دابونەریتەوەیە کە چوونە داداگا بە عەیبە و نەنگی دەزانن".

جیهان عەلی ڕایوایە " هەرچەندە ئێستا یاسا بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئەم ژنە بڕیاردەدات، بە مەرجێک خۆی سکاڵای یاسایی تۆماربکات، بەڵام کاتێک خێزانەکەی ڕێگر دەبن لەبەردەم وەرگرتنی مافەکانی، ئەوا بە ناچاری دەبێت بیر لەوە بکاتەوە ئایا بەرژەوەندی خۆی و منداڵەکانی لە چیدایە ئەوە هەڵبژێرێت. لەسەرەتادا با هەموو هەڵێک بدات بەڵکو بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی، ئەگەر لەوە سەرکەوتوو نەبوو ئەوا دەتوانێ بە مەرج ڕازی بێت و داوای دابینکردنی ژیانی خۆی و منداڵەکانی بکات".

لەیلا دەڵێت" داوای یارمەتیم لە ڕێکخراوێکی داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان کردووە، دووجار دانیشتنیان لەگەڵ هاوسەرەکەم کردووە بەڵام سودی نییە، بۆیە ئەوان پێیان گوت، هەر کاتێک ویستی ژنی دووەم بهێنێت بەبێ ڕەزامەندی تۆ دەتوانی سکاڵای یاسایی تۆماربکەی، ئەگەر سکاڵا تۆمار نەکەی لەوانەیە مافت بخورێت ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین