وەزارەتى کشتوکاڵ هاوردەی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا هاوردەکردنى تەماتە بۆ هەرێمى کوردستان قەدەغە دەکات، وەک چۆن حکومەتى عێراق لە ماوەی ساڵی رابردوو، "بڕیاریاندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی ناوچەی پێجوێن و حاجی ئۆمەران."

ڕۆژى دووشەممە (22/کانوونى دووەم/2024) بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جووتیاران و چارەسەرکردنی کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمێکی زۆری (تەماتە)ی خۆماڵی جووتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، پاڵپشت بە هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها وەڵامدانەوەی یاداشتی داواکارییەکانی جووتیاران لە(کۆمەڵەی کشتوکاڵی الزوبێر) لە سنووری پاڕێزگای بەسرە، و لەژێر رۆشنای هەماهەنگی و بەرەو پێشچوونەکانی لیژنەی هاوبەشی تایبەت بە یەکخستنی (رۆژمێری کشتوکاڵی) لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ، وەک چۆن ئەوان لە ماوەی ساڵی رابردوو، بڕیاریاندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی ناوچەی پێجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، ئێمەش لەپێناو درێژەدان بەو نەریتی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنە و کردنەوەی بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرووی بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی (تەماتە) لە دەرەوەی وڵات، لە رێکەوتی 21/1/2024 تا کاتێکی نادیار".

وەزیری کشتوکاڵ ڕاشیگەیاند، "بۆ ئەم مەبەستە و وەرگرتنی رێککاری کارگێری و یاسایی، نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری /بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم کردووە، بۆ کارپێکردنی لە سەرجەم دەروازەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین