هەرێمی کوردستان چارەسەری کورتهێنانی مریشك و هێلكەی عێراق دەکات کوردستان- عێراق

نوچە نێت:

بەهۆی ئەو باجە قورسەی لەسەر بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە بازگەکانی عێراق هەیە، نرخی بەرهەمە پەلەوەرییەکان بەرز بووەتەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرپرسانی عێراق دەیانەوێ ئاسایشی ئەم وڵاتە لەناو ببەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (11/10/2026) فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک لە کێڵگەکان بە (2500) دینارە و نرخی کارتۆنێک هێلکەش (78) هەزار دینارە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی (2036) پرۆژەی پەلەوەری گۆشت و (63) پرۆژەی هێلکەیە و ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی هەموو عێراقدا دەبینێت، سەبارەت بە هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە ئەو بەڕێوەبەرە گووتیشی، بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە هەرێمی کوردستان دەگاتە (350) هەزار تۆن؛ لەو بڕە تەنیا (150) هەزار تۆنی بۆ پێویستیی ناوخۆیە و (200) هەزار تۆنەکەی دیکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێت.

هەروەها سەبارەت بە بەرهەمهێنانی هێلکەش ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕۆژانە (22) هەزار کارتۆن بەرهەممان هەیە؛ تەنیا حەوت هەزار کارتۆنی لە ناوخۆدا بەکاردێت و (15) هەزار کارتۆنی ڕۆژانە ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت، چونکە عێراق ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی عێراق خۆی نزیکەی (300) هەزار تۆنە. هاوکات عێراق ساڵانە پێویستی بە هەشت ملیار هێلکەیە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ تەنیا سێ ملیار هێلکەیە و دوو ملیاریشی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەچێت، واتە تەواوی بەرهەمی ناوخۆ دەگاتە پێنج ملیار هێلکە و نزیکەی سێ ملیار هێلکە کورتهێنان هەیە.

جێگای ئاماژە پێدانە (8/10/2026) عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا وەرگرتنی باج و رسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وەک هێلکە، مریشک و گۆشت دوابخرێت، بەڵام دوای بڕیارەکە نرخەکان لە بازاڕدا دانەبەزین و بە پێچەوانەوە بەرزبوونەوە. لە بەرامبەر ئەو بڕیارەشدا نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێت، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم، لە جیاتی ئەوەی باج لەسەر بەرهەمی بیانی هەڵبگرن، با ئەو باجە قورسە لەسەر بازگەکانی عێراق هەڵبگرن کە بۆ هەر لۆرییەکی بەرهەمی پەلەوەری هەرێمی کوردستان سێ بۆ پێنج ملیۆن دینار وەردەگرن، چونکە لە هەموو شوێنێک یارمەتیی کێڵگەکان و بەرهەمهێنان دەدەن، کەچی لێرە دەیانەوێ ئاسایشی ئەم وڵاتە لەناو ببەن. لە کاتێکدا هاووڵاتییانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەرهەمی ئێمەیان زۆر پێباشترە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین