توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم بە نهێنی زۆربووە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دوای ئەوەی دەزانێت هاوسەرەکەی بە دزییەوە ژنی دووەمی هێناوە، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری هەیە و لە دادگا کراوە بە پێی یاسا هیچ ڕیوشوێنێک بەرامبەر هاوسەرەکەی ناگیرێتەبەر.

نەسرین، دایکی سێ منداڵە، خەڵكی یەک لە گوندەکانی دەوروبەری شاری هەولێرە. ماوەی دوانزە ساڵە هاوسەرگیری کردووە، ئەو دەڵێت " هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو پیاوە گلەییەکی لە من نەبووە، نازانم چۆن ویژدانی قبوڵی کرد ئاوابکات".

هاوسەری نەسرین پلەی سەربازی لە یەکێک لە حزبەکان هەیە، ماوەی ساڵێکە بەبێ پرسی ژنی یەکەمی بە نهێنی ژنی دووەمی هێناوە" ڕۆژێک لە ماڵەوە خوتبوو تەلەفۆنی زۆر بۆ دەهات، کاتێک من وەڵامی تەلەفۆنەکەیم دایەوە دەنگی ژنێک بوو، کە گوێی لە دەنگی من بوو تەلەفۆنەکەی داخست. منیش ژمارە تەلەفۆنەکەیم هەڵگرت، کاتێک بەدواداچوونم کرد زانیم ئەوە ژنی دووەمی پیاوەکەمە".

ئەم ژنە دوای ئەوەی دەزانێت هاوسەرەکەی ژنی دووەمی هێناوە، سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەی تۆماردەکات بەڵام بەهۆپی ئەوەی لە یەکێک لە دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام داوە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا ناکرێت.

12ساڵە هاوسەرین گلەیی لێم نەبووە، کەچی بە دزی منەوە ژنی دووەمی هێناوە

حاکم ئەمیرە، دادوەری دادگای تووندووتیژی خێزانی، سەبارەت بەمجۆرە گرێبەستانە بە نوچەنێتی ڕاگەیاند "ئەو پیاوانەی کە بەر لەوەی هاوسەرەکانیان گرێبەستی هاوسەری دووەم ئەنجام بدەن، سکاڵا تۆماربکەن دەتوانین ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان بگرینە بەر بەڵام کاتێک گرێبەستیان ئەنجامدا، لەبەرئەوەی لە دادگایەکی فەرەمییە ئێمە ناتوانین هیچ بڕگەیەکی یاسایی لە بەرامبەری جێبەجێبکەین".

سەبارەت بە کێشەی نەسرین، کاتێک بەدواداچوونمان بۆ کێشەکەی کردو لەگەڵ هاوسەرەکەی قسەمان کرد گوتی" بۆیە سەرەتا نەمهێشت بزانێت چونکە دەمزانی کێشە دروست دەکات، من بەرپرسیارێتی هەردووکیان دەگرمە ئەستۆ ئەگەر نەسرین بیەوێ جیابێتەوە من لێی جیانابمەوە. بۆیە باشترە لە ماڵ و حاڵی خۆی دابنیشێت".

ژیوار تەها، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بەم کێشەیە گوتی " بە داخەوە ئێستا ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم بە شێوەیەکی نهێنی زۆربووە. بەشێکی زۆریش لەو پیاوانەی کە بە نهێةی هاوسەرگیری دووەم ئەنجام دەدەن، بەرپرسیارێتی حزبییان هەیە. هەندێکیان ژنی دووەم تەنیا لای مامۆستای ئایینی مارەی دەبڕین و هەندێکیشێان لە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی حکوومەتی ناوەندی گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن".

زۆربەی ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووەم بە دزییەوە ئەنجام دەدەن پلەی حزبییان هەیە

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە دەڵێت" لێکەوتەی هاوسەرگیری نهێنی زۆرە، بەشێکیان بەر لەوەی ئاذشکرابێت جیادەبنەوە، چونکە ئەمجۆرە کەسانە ناتوانن ئازادانە بەیەکەوە پیاسەیەک بکەن یان پیاوەکە هاتووچۆی ژنی دووەمی بکات، لەبەرئەوە ژنەکە بێزاردەبێت. هەندێجاریش کاتێک ژنی یەکەم دەزانێت پیاوەکە ناچاردەبێت ژنی دووەم تەڵاق بدات، هەندێجاریش بەبێ ئەنجامدانی گرێبەست لە دادگا منداڵ لە دایک دەبێت ئەوکاتەش کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن".

ژیوار تەها ڕایوایە " پێویستە سزای یاسایی بۆ ئەم کەسانە جێبەجێبکرێت، چونکە بەبێ ئەوەی حساب بۆ هاوسەرو منداڵەکانی بکات هاوبەشیان بۆ دەدۆزێتەوە لە زۆربەی حاڵەتەکان لە ئاییندەدا ئەم منداڵانە ڕقیان لە یەکتر دەبێت، هەتا دەبنە دژی باوکیشیان واتە خێزانەکان ناکۆک دەبن و هەڵدەوەشێنێنەوە".

نەسرین ئێستا بۆ بێدەنگ بوون داواکارییەکی هەیە ئەویش ئەوەیە " دەبێت هاوسەرەکەم یان لە من جیاببێتەوە یان لەو ژنەی هێناویەتی، ئیتر دەبێت خۆی هەڵیبژێرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین