کوڕێک: خۆم دەکرد بە ژن و ڕۆژ هەبوو سەد دۆلارم پەیدا دەکرد دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دوای ئەوەی ئاشکرابووم و سزا درام وازم لە ئیشەکەم، هێنا. ئەوە قسەی ئەحمەد کوڕێکی تەمەن (23) ساڵی خەڵکی پارێزگای سلێمانییە. ئەم کوڕە ئەو تاوانەی کردوویەتی بە کار ناوی دەهێنێت لە بەرئەوەی پارەی پێ پەیدا کردووە.

ئەم کوڕە لە خێزانێکی هەشت کەسی گەورەبووە. تا پۆلی دوانزەی بنەڕەتی خوێندوویەتی " تا پۆلی دوانزەی بنەڕەتی خوێندم بەهۆی هەژارییەوە وازم لە خوێندن هێنا، باوکم عەرەبانەیەکی بۆ کڕیم و خواردنم لەسەر دەفرۆشت، بەڵام قازانجێکی کەمم دەکرد".

ئەحمەد، دوای ئەوەی ڕۆژێک بەهۆی یەکێک لە کڕیارەکانییەوە کە بەردەوام پەیوەندی پێوە دەکات بۆ ئامادەکردنی لەفە، قسەیەکی پێدەگوترێت، بیر لە شتێک دەکاتەوە" ڕۆژێک کڕیارێک کە بەردەوام لەفەی لای من دەخوارد هات پێی گوتم، دەزانی دەنگت لە تەلەفۆن زۆر لە هی ژن دەچێت. بڕوابکە وامزانی کچی".

ئەحمەد دەگێڕێتەوە" سەرەتا هەر بۆ خۆشی خۆم لە یەک دووخزم کرد بە ژن، بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندیم پێوەدەکردن، هیچێان هەستیان بەوەنەدەکرد من کوڕم بۆیە ئەم گاڵتەیەی سەرەتا دواتر لێم بوو بە خو، دواتر چەندین ژمارە تەلەفۆنم لە بازاڕ کڕی و پەیوەندیم بە پیاوانەوە دەکرد، ڕۆژ هەبوو زیاتر لە سەد دۆلار کارتی تەلەفۆنم وەردەگرت، زۆر لەو پیاوانەی کە خۆمم لێدەکردن بە کچ بەبێ ئەوەی بمبینن کارتی تەلەفۆنییان بۆ دەناردم".

ئەحمەد، ئەم باسە لای چەند کوڕێکی هاوڕێ و خزمی باس دەکات، پێیان دەڵێت لەم کارە زیاتر لە عەرەبانەکەی دەستدەکەوێت" کاتێک بۆ ئەو دووسێ هاوڕێیەم باسکرد دواتر زانیمەوە ئەوانیش لای چەند کەسێک باسیان کردووە، دیارە یەک دوان لەو پیاوانەش بیستبوویانەوە کە کارتیان بۆ من ناردووە، بۆیە ئاشکرابووم، سکاڵاین لەسەر تۆمارکردم و  پۆلیس دەستگیری کردم".

دلێر عەبدوڵڵا، پارێزەر سەبارەت بە حاڵەتی ئەحمەد گوتی " بابەتی لەمجۆرەمان زۆرە، کە پیاو خۆیان کردووە بە ژن و پارەیان پێ کۆکردووەتەوە ئینجا هەیە ئاشکرا دەبێت و هەیە بە نهێنی دەمێنیتەوە. زۆرجار ئەمە تەنیا بە ژمارە مۆبایلی ساختە ناکرێت بەڵکو بە پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کراوە و پیاوان هەڵخەلەتێنراون".

سەبارەت بە سزای یاسایی ئەم کەسانە دلێر عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە "بە پێی 
یاسای ژمارە6)ی ساڵی 2008، یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردنە سزا دەدرێن، سزاکەی بەندکردنە بە جۆرێک کە لە شەش مانگ کەمتر و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت. هەروەها پێبژاردن بە بڕێک کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت".

ئەحمەد، ئەگەرچی کەیفی زۆر بەو کارە هاتووە بەڵام دەزانێت هەڵەبووە بە پێکەنینەوە دەڵێت" هەرچەندە دەمزانی کارێکی هەڵەیە بەڵام چێژم زۆر لێوەردەگرت، چونکە زۆر پێدەکەنیم هەندێجاریش توشی سەرسوڕمان دەبووم کە هەندێک پیاو وا بە ئاسانی باوەڕیان پێدەکردم. جیا لە قسەی خۆش و پێکەنین پارەشم پێ پەیدادەکرد، بەڵام دوای دەستگیرکردنم بەڵێنم داوە ئیتر ئەم کارە نەکەمەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین