وتەبێژى حکومەتى هەرێم: ئەو شەفافیەتەى بەغدا لە ئێمەى دەوێت لای ئەوان هەیە؟ کوردستانی

نوچەنێت:

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، "لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک."

ڕۆژى دووشەممە (29/کانوونى دووەم/2024) پێشەوا هەورامى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە نووسینێکدا دەڵێت،  "ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟ لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک، لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە!"

پێشەوا هەورامى ئاماژە بەوەشدەکات، "بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە! ئایا ئەم شەفافییەت و تەوزیحەی لە ئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟."

لە درێژەى نووسینەکەى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان نووسیویەتى، "گەڕانێکی سادە، لە چوار هەواڵی بڵاوکراوەی ژمارەیەک سەرچاوەی میدیایی باوەڕپێکراو:

ئەلجەزیرە، 20%ی پارەی مووچەی عێراق بۆ مووچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی 10 ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لە موچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەلحوڕە: 300 ملیار دۆلار لە عێراق بۆ پڕۆژە و مووچەی وەهمی چووە. ئەلبەغداد ئەلیەوم: لە لیستی خانەنشینانی عێراقدا، 22 هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن کە 800 ملیار دینار لە خەزێنەی عێراق دەبەن."

هاوکات ئاماژە بە ڕاپۆرتێکى بى بى سى دەکات و ڕاشیگەیاندووە، بەپێى ڕاپۆرتەکە "ساڵی 2014 حکومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 50 هەزار سەربازی وەهمی مووچەیان لە خەزێنەی عێراق وەردەگرن،وەهمی نەک بندیوار!."

هەروەها دەشڵێت، "ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟ ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق رابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە!".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین