د.شیلان: بەر لەوەی بەرهەمێک بەکاربهێنی پێویستە بزانی پێکهاتەکەی چییە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

چیا خانمێکی 26 ساڵە، خاوەنی دوو منداڵە. دوای ئەوەی کرێمێکی گژوگیا بەکاردەهێنێت روخساری تێکدەچێت، کاتێک سەردانی دکتۆر دەکات پێی دەڵێت، هەستیاری بەو ماددەیە هەبووە.

بابەتی جوانکاری و بەکارهێنانی ڕۆتین و کرێمەکان، کردارێکی ڕۆژانەی خانمان و بەشێک لە پیاوانیشە،  ئایا بەکارهێنانی ئەم ڕۆتینانە چەند تەندروستە؟ بۆ هەموو کەسێک گونجاوە؟

چیا، سەبارەت بە بەکارهێنانی کرێمێک کە لە شوێنێکی گژوگیا کڕێویەتی دەڵێت" ویستم کرێمێکی سروشتی بۆ روخسارم بەکاربهێنم، بۆیە سەردانی دوکانێکم کرد کە ئەم بابەتانەی لا دەستدەکەوت بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە بەکارهێنانی روخسارم ئاوساو سورهەڵگەڕا".

چیا، کاتێک سەردانی دکتۆر دەکات پێی دەڵێت کە هەستیاری بەو ماددەیە هەبووە " کاتێک سەردانی دکتۆرم کرد پێی گوتم، هەستیاریم بەو ماددەیە هەبووە کە لەم کرێمەدا هەیە بۆیە پێویستە بەبێ ڕاوێژی دکتۆر هیچ ماددەیەک بەکارنەهێنم".

شیلان حەمەدئەمین، پزیشکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری، سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕۆتینی ڕۆژانەی پێست لەلایەن خانمانەوە گوتی " بەکارهێةانی ڕۆتینی پێست بۆ خانمان یان هەر پیاوێک بیهەوێت گرنگی بە پێست بدات پێویستە، بە مەرجێک بەرهەمی گونجاو بۆ پێستییان هەڵبژێرن هەروەها ئەو بەرهەمەی هەڵیدەبژێرن زۆر بە هێز نەبێت کە پێستەکە بڕوشێنێت یان زیانی لێبدات".

دکتۆرە شیلان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ناسینی جۆری پێستی خۆت گرنگە " پێویستە هەر کەسێک جۆری پێشتی خۆی بناسێت، ئایا چەور، وشک، تێکەڵ یان ئاساییە، بە گوێرەی پێستی خۆی پاککەرەوەو کرێمە و بەرهەمەکان هەڵبژێرێت، لە هەموو هەنگاوێک باشتر ئەوەی ڕاوێژ بە پزیشکی شارەزا بکرێت بە تایبەت بۆ ئەوانەی پێستییان هەستیارە بەڵام ئەگەر ئەوەیان بە سەخت زانی پێویستە خۆیان پێستی خۆیان بناسن".

بە ڕای دکتۆرە شیلان " باشترین ڕۆتین جیا لە پاککردنەوەی پێست بە ئاوێکی شێلەتێن، بە کارهێنانی دژە خۆرێکی گونجاوە بۆ پێست لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا، نەک تەنیا لە هاوینان، هەروەها بە کارنەهێنانی ماکیاژی زیاد لە پێویست یان زوو پاککردنەوەی، هەروەها ئەو بەرهەمانەی کە بەکاری دەهێنێت ماوەی بەسەرچونییان بزانێت چونکە خانم هەیە، سەردانی کردووم بەهۆی بەکارهێنانی ماکیاژ و کرێمی ماوە بەسەرچوو پێستی تووشی زیپکەو هەستیاری پێست بووە".

لە ئێستادا پڕوپاگەندەیەکی زۆر بۆ بەرهەمی ماددە جوانکارییەکان دەکرێت، ئایا خانمان چۆن دەتوانن بەرهەمی گونجاو هەڵبژێرن؟ دکتۆرە شیلان دەڵێت " وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دەبێ پێستی خۆت بناسی، ئەو بەرهەمی هەڵیدەبژێری بزانی پێکهاتەکەی چییە؟ لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ڕاوێژ بە پزیشکی شارەزا بکەی بە تایبەت بۆ ئەوانەی کێشەی پێستیان هەیە یان پێستیان هەستیارە".

چیا، دوای مانگێک لە بەکارهێنانی دەرمانی پزیشک پێستی ئاسایی بووەتەوە بۆیە دەڵێت" دوای مانگێک لە بەکارهێنانی دەرمان پێستم ئاسایی بووەوە، بۆیە ئێستا زۆر بە ئەستەم دەتوانم بڕیاری بەکارهێنانی کرێم بدەم، هەر کرێمێک ویستم بەکاری بهێنم سەرەتا سێرچی باشی بۆ دەکەم بزانم پێکهاتەکەی چییە، یان ڕاوێژ بە کەسی شارەزا دەکەم ئینجا دەتوانم بەکاری بهێنم".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین