پەرەنگ جیهانی: یۆگا گۆڕانکاری گەورەی جەستەیی و دەروونی دروست دەکات دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

پەرەنگ جیهانی، بە کالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی هەیە، بەڵام ئێستای مامۆستای یۆگایە و دەڵێت: چەند ساڵێکە یۆگا دەکەم بەڵام ماوەی دوو ساڵە تەواوی ژیانی خۆم بۆ تەرخانکردووە. بۆیە زیاتر هەست بە سوود و بەرەکەتی یۆگا دەکەم لە ژیانمدا.

ئەو کچە مامۆستایە خەڵکی شاری مهابادە، ئێستا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەژیت، هەفتانە چەند رۆژێک لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ کۆمەڵێک کەس یۆگا دەکەن. پێیوایە: ئەو کەسانەی کە یۆگا دەکەن تەندروستترن و تێڕوانینیان بۆ ژیان جوانترە.

مێژووی یۆگا، بۆ زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە هیندستانی کۆنەوە سەری هەڵداوە. وشەی یۆگا لە بنەڕەتدا لە وشەی (یوچ) هاتووە، کە بە مانای یەکبوون دێت. لە زۆربەی پێناسەکان یۆگا بریتییە، لە یەکبوونی عەقڵ و جەستەی مرۆڤ، چونکە لە یۆگادا وەرزش بە عەقڵ و جەستە دەکرێت. مرۆڤ والێدەکات بچێتە ناو تێڕامانی قوڵ و کۆنتڕۆڵکردنی نەفس و هاوئاهەنگی لە نێوان فکر و لەش دروست دەکات. زانستی پزیشکیش بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی، پێشنیار بۆ ئەنجامدانی یۆگا دەکەن. بەپێی قسەی ئەو کەسانەی یۆگا دەکەن، ژیانی سادە و ساکار و راستگۆیی هەڵدەبژێرن، حەز و پێداویستی لە یەکتر جیادەکەنەوە. ناخی خۆیان ئازاد دەکەن. 

سەبارەت بە چۆنێتی ئەنجامدانی یۆگا و کتێبی بنەڕەتی، پەرەنگ جیهانی دەڵێت "یۆگا لە بنەڕەتدا دیسیپلینێکی رۆحی زاھیدانەیە، کە لەسەر بنەمایەکی زانستی زۆر وورد دامەزراوە. گرنگی بە ھێنانەدی ھاوسەنگی نێوان دەروون و جەستە دەدات. ھونەر و زانستی ژیانێکی تەندروستە. حەکیمێکی گەورە بە ناوی (پاتانجیلی) کۆمەڵێک شتی بە ناوی یۆگا سترا نوسیوە، ئەو شتانەی لەسەر یۆگا هەیە کۆی کردووەتەوەو کردوویەتی بە کتێبێک، کە ئێمە ئێستا سودی لێوەردەگرین، ئەو زانستانەی لە شارستانی کۆندا ناوی ساراسوتییە، کە ئاگاهییەکی گەورەی بۆ چۆنێتی ژیانکردن تێدایە".

پەرەنگ زیاتر دەربارەی یۆگا روونکردنەوە دەدات و دەڵێت "بۆ گه‌یشتن به‌ هاوسەنگی جەستە و دەروون، یۆگا راهێنان بە جەستەو دەروون دەکات، به‌ یاما و نیاما به‌ ئاگا بێت له‌ كرده‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌كانی و له‌ ژیانی رۆژانه‌دا‌، به‌ درێژایی ته‌مه‌ن هاوڕێ بیت لەگەڵ جوڵەی جەستە، كه‌ پێی ده‌گوترێ ئاسانا، راهێنانی هه‌ناسه‌ به‌ واتای پرانایاما و كۆكردنه‌وەی هۆش، یانی پراتی ئاهارا، کۆ كردنه‌وه‌ی هۆش ته‌نیا له‌ سه‌ر یەك مه‌به‌ست و تێڕامان، تاكو ئه‌و كه‌سه‌ی دەچێتە سەر رێگای یۆگا، بتوانێت به‌ ئاگا بێت و لەگه‌ڵ وزه‌ی گه‌ردوون یەکبگرێتەوە".

ئایا ئەو کەسانەی دەیانەوێ یۆگا ئەنجام بدەن، لە هەفتەدا چەندجار تەندروستە؟ لە کوێ ئەنجام بدرێت؟ 

پەرەنگ گوتی "ئەو کەسانەی سەرەتا دەستپێدەکەن، هەفتەی دووجار لەگەڵ مامۆستاکانیان یۆگا بکەن باشە، بەڵام دەبێ ئەو راهێنانانەی، کە مامۆستاکەی دەیداتێ لە ماڵەوە جێبەجێی بکەن، هەروەها بزانین، کە یۆگاکردن لە ناو سرووشت، کە هەواو وزەی پاکی تێدایە، باشترە تا وەکو لە شوێنی داخراو یان ماڵەوە، کە مرۆڤ کەمتر دەستکاری کردووە و کاولکاری تێدا کردووە، چونکە ئەو شوێنانەی، کە مرۆڤ هاتووچۆی تێدا دەکات پڕی دەکات لە وزەی خراپ یان هەڵیدەکۆڵێ یان پیسی دەکات و دەستکاری ژینگەکە دەکات، چونکە ئەو خاک، ئاو، هەوا و کێو و ئەوانە وزەی ئەرێنی دەدەن و یارمەتیدەرن وێڕای ئەوەی، کە ئێمە راهێنان دەکەین، لەو شوێنانەی وزە و هێزێکی زیاتر و باشتر بە لەش و وجودمان دەگات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی بگاتە ئەم سرووشتە لە شوێنی داخراویش دەتوانێ ئەنجامی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا بە لانیکەم دەبێ هەفتەی رۆژێک مرۆڤ خۆی بخاتە باوەشی سرووشت و وزەی خۆی هاوسەنگ بکاتەوە، باشییەکانی خۆی لەگەڵ سرووشت رێکبخات، چونکە مرۆڤیش بەشێکە لەو سرووشتە، مرۆڤ بەهۆی تەکنەلۆژیا و سەرقاڵییەوە، زۆر لە سرووشت دوورکەوتووەتەوە، بۆیە نەخۆشی و بێزاری و بێتاقەتی زۆر رووی تێکردووە. لەبەرئەوە یۆگا هۆکارە بۆ ئەوەی لەو بێتاقەتییە بێتە دەرەوە و هەست دەکات بۆ خۆی ناوەندی دونیایە و هەست بە گرنگی و پێگەی مرۆڤبوونی خۆی دەکات. کاتێک مرۆڤ دەچێتە داوێنی کێوێک تێدەگات، کە ئەو لە ئاست ئەو کێوە چەند بچوکترە یان هەتاو چەند لەو بەرزترە، ئاگاهی زانستی جیاواز و تایبەتی پێدەگات". 

ئایا یۆگا وەکو وەرزشی رۆح و جەستە بۆ هەموو رەگەز و تەمەنێک پێویستە؟ 

پەرەنگ جیهانی رایوایە "یۆگا بۆ هەموو تەمەن و رەگەزێک پێویستە، بەڵام ژن زۆر هەستیاتر ترە زووتر درک بە گۆڕانکاری لە وزەکان دەکات، ژن هوشیارترە و هەستێکی بەهێزتری هەیە. وزە ئەرێنییەکانی دەورووبەری جوانترو زووتر وەردەگرێت. بۆیە زۆرترین رێژە لە ژنان وابەستەی یۆگا دەبن، یۆگا هەر رۆژ شتێکی تازەت دەداتێ و هەر بۆشاییەک، کە لە ژیانتدا هەبێ، بۆت پڕدەکاتەوە. هەندێ شت، کە تۆ فکری ناکەی بۆت دەخاتە سەر رێگای ئاسایی".

سەبارەت بە سوودە دەرونی و تەندروستییەکانی یۆگا، ئەم مامۆستایەی یۆگا، ئەم وەرزشە بە کاریگەر لەسەر زۆربەی نەخۆشییەکان داددەنێت "مرۆڤ دوای تەمەنێک ئەگەر زۆر ئاگاداری خۆی نەبێت تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی دەبێت، هەرەچەندە گەنجی ئێستاش بەهۆی شێوازی ناتەندروستی ژیانەوە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن، بۆیە دەتوانین بڵێین، یۆگا کاریگەری لەسەر زۆربەی نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان هەیە بە تایبەتیش، نەخۆشییە هۆرمۆنییەکان؛ هەروەها خەمۆکی،سترێس، پشت ئێشە و سەرئێشە؛ چونکە کار لەسەر مێشک و بیرکردنەوەمان دەکات، بۆیە ئێستا وانەیەک لە زانکۆکان دەخوێندرێ، وەکو فیزۆتراپی بۆ نەخۆشی بەکاری دەهێنن. هەروەها سستمی بەرگری لەش بەهێز دەکات، بۆیە پێویستە بەر لە نەخۆش کەوتن یۆگا بکەن، ئەو کەسانەی، کە یۆگا ناکەن وەکو دەردەدار سەیر دەکرێن، بەڵام کەسێک، کە یۆگا دەکات مێشک زهن و بیری ئارام دەکاتەوە، بۆیە کاریگەری ئەرێنی یەکجار زۆری هەیە. کارمای تازەی بۆ دروست نابێت و خۆی لە نەخۆشییەکان دەپارێزێت. پێویستە بزانین، کە ئەو کەسانەی یۆگا دەکەن، رێژەیەکی زۆر لەو نەخۆشییانەی، کە هەیەتی بەرەو باشتر دەڕۆن، چونکە کەسێک کە دڵخۆشە، کاریگەری لەسەر خانەکانی لەشی دەکات، زیاتر لە سەدا هەشتای لەشێ ئێمە بیرکردنەوە و هزرە، بۆیە ئەو کەسانەی، کە یۆگا دەکەن بە لانیکەم دە ساڵ لەو کەسانە گەنجتر لەو کەسانەی کە یۆگا ناکەن دەردەکەون، بۆیە کاتێک دیسیپلین رەچاو دەکەی دواتر لەسەری رادێی و کاریگەری لەسەر تەمەن درێژی هەیە".

لە بارەی کاریگەرییەکانی دیکەی یۆگا، بەڕای مامۆستا پەرەنگ "ئەو کەسانەی کە یۆگا دەکەن دەتوانن کەسانی دەورووبەر و ژینگە و سرووشتیان خۆش بوێ، دەتوانن ژینگە و دار و درەختیان خۆشتر بوێ چونکە وزەی ئەرێنییان زۆرە. هەروەها ئاژەڵی خۆش دەوێ ئاژەڵەکانیش ئەوانی خۆش دەوێ و هەست بە وزەکانی دەورووبەری دەکات. دەکرێ هەندێ کەس بە رێگای عیرفانی دیکە بەو هەستانە بگات، بەڵام یۆگا وەکو قوتابخانەیەکە بۆ گەیشتن بەم هەستانە". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین