راگەيێندراوى كۆتايى كۆبوونەوەى پارتى و يەكێتى کوردستانی

نوچەنێت

پارتى ديموكراتى كوردستان و يەكێتى نيشتيمانى كوردستان، راگەيێندراوێكيان بڵاوكردەوە، لەو رگەيێندراوە هاتووە، هەردوولا كۆك بوون لەسەر دانانى پارێزگارێكى كورد بۆ شارى كەركوك.

ئەمڕۆ يەكشەممە (چوارى شوبات/2024) پارتى ديموكراتى كوردستان و يەكێتى نيشتيمانى كوردستان لە شارى سلێمانى كۆبوونەوە، لەدواى كۆبوونەوەكە راگەيێندراوێكى هاوبەشيان بڵاوكردەوە، كە تێيدا جەخت لەسەر چەند خاڵێك كراوەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە:

 کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو .

کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :

1 - هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک

بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .

2 - هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین .

3 - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان          پارتی دیموکراتی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین