هەوار محەمەد: کار بۆ بە جیهانیکردنی جلی کوردی دەکەین دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

هەوار محەمەد، دیزاینەری جلوبەرگی کوردی سەبارەت بە هەڵبژاردنی کارەکەی دەڵێت: من لە خێزانێکی دیزاینەر گەورەبووم، بۆیە هەر لە منداڵییەوە حەزم لە کاری دیزاین کردووە تا گەیشتمە ئەم کارەی ئێستام.

کاتێک سەیری جلوبەرگی کوردی دەکەی، ئاڵو واڵا و ڕەنگاوڕەنگییەکەی لە سرووشتی کوردستانەوە وەرگرتووە، بۆیە ڕەسەنێتی جلی کوردی بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەنگاوڕەنگی و سەرنجڕاکێشییەتی.

هەوار محەمەد، خاوەنی براندی ئێچ ئێڵ دیزاین، کە وەکو تاکە براندی جلوبەرگی کوردی دەیناسێنێت دەڵێت" بەر لەوەی ئێمە دەست بەکار بکەین جلوبەرگی کوردی سەقەتکرابوو، قۆڵ و فەقیانەی لێکرابووەوە. کراسیان کورت دەکردەوە و یەخەیان چوارگۆشە دەردەخست. کەوا بێ قۆڵ بوو. بە خۆشحاڵییەوە ئێمە توانیمان بەرگری لە کلتورەکەمان بکەین و بیگێڕینەوە سەر شێوازی ڕەسەنگی خۆی، ساڵانێکە ئێمە بۆ بەرز ڕاگرتن و زیندووکردنەوەی ئەم کلتورە کاردەکەین".

ئێمە ڕەسەنایەتیمان بۆ جلی کوردی گەڕاندەوە چونکە سەقەت کرابوو

سەبارەت بە تازەگەری ئەوان لە جلی کوردیدا هەوار محەمەد جەخت لەوە دەکاتەوە" ئێمە لە ڕووی شێوازی ڕەسەنی خۆیەوە کاری لەسەر دەکەین، لەسەر هەمان شێواز نوێگەری دەکەین. نوێگەری ئێمە لە نەخش و دیزاینی سەر جلەکانە هەروەها تازەگەری لە ئێکسسواراتدا دەکەین".

ئایا ئێچ ئێڵ دیزاین، تەنیا کار لەسەر جلی کوردی یەک پارچەی کوردستان دەکات؟ هەوار محەمەد گوتی " کار لەسەر جلی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەم، بە هەموو ناوچەکانییەوە. ڕاستە هەموو کەس بۆ قازانج کاردەکات بەڵام ئێمە ئامانجمان لەگەڵ ئەوەدا  زیندووکردنەوەی کلتوری کوردی وبە جیهانیکردنی جلی کوردی و ناساندنیەتی بە زۆرینەی خەڵکی بیانی".

لە بارەی ئەو پرسیارەی ئایا ماددەخواوەکانی کارەکان یان لە ناوخۆی کوردستان دەست دەکەوێت؟ هەوار محەمەد دەڵێت"ماددەخاوەکان زیاتر لە هیندستانەوە دەهێنین، چونکە دیزاین و جلوبەرگیان لە جلوبەرگی کوردییەوە زۆر نزیکە. هەروەها بەرد و ئێکسسواراتەکانمان لە مالیزیا و تورکیا دەستدەخەین، چونکە دەبێ کوالێتییان ئەم ئێکسسواراتانە بەرزبێت بۆ ئەوەی بمێنێتەوەو تێکنەچن".

نرخەکانمان گرانن چونکە کەرەستەی باش بەکاردەهێنین

خانمان کارو ئێکسسواراتی ئێچ ئێڵ دیزاین بە پەند و جوان دەزانن، بەڵام گلەییان لە نرخەکەیەتی، هەوار محەمەد بۆ گرانی نرخەکەیان نکۆڵی ناکات" لاریمان لەوە نییە کە کارەکانمان بە گرانی ناسراوە، لەبەرئەوەی ئێمە ئەو کەرەستانە بەکاردەهێنین، کە کوالێتیان باشە و نرخیان گرانە.  شتی هەرزانیشمان هەیە، بەڵام کاری لە پێشینەمان ئەوەبووە جوانترین و باشترین پێشکەش بکەین".

خانمانی کورد ساڵانە لە وەرزی بەهاردا زۆرترین بایەخ بە جلی کوردی دەدەن، ئایا بۆ بەهاری ئەمساڵ چی جۆرە دیزانێکیان هەڵبژاردووە؟ هەوار ڕایوایە" قەت یەک ڕەنگ ناکەینە مۆدێلی ساڵێک، چونکە ئاڵو واڵایی و تێکەڵ کردنی ڕەنگەکان ڕەسەنێتی جلی کوردییە،  بەڵام بۆ بەهاری ئەمساڵ دیزاینەکانمان جیاوازە . هەوڵمانداوە لە ڕەنگیشدا کار لەسەر کلتور بکەین، کلتوری کوردی وا بەناوبانگە لە چەند ڕەنگێک قاتێک، دروستکراوە شتی جیاواز دەخەینە بەرچاوی خانمان بۆ ئەوەی بێزارنەبن و شتی دووبارە نەبینن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین