دوای پەنجا ڕۆژ لە هاوسەرگیری جیادەبێتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ماوەی پەنجا ڕۆژە هاوسەرگیری کردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی خەسوی لێی ڕازی نییە ناردوویانەتەوە ماڵی باوکی، ساوێن دەڵێت: بەر لەوەی هاوسەرەکەم بێتە خوازبێنیم دایکی ڕازی نەبوو، لە کۆتاییدا توانی وا بکات جیامان بکاتەوە.

ساوێن دوای دەرچوونی لە زانکۆ، کوڕی مامی خوازبێنی دەکات بەڵام دایکی کوڕەکە ڕازی نابێت لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەرگیرییەکە دەکرێت، دوای پەنجا ڕۆژ لە پێکەوە ژیانی ساوێن و هاوسەرەکەی کێشە دەکەوێتە نێوانیان.

ساوێن تەمەنی 25 ساڵە، دوای ئەوەی خوێندن تەواودەکات لەگەڵ کوڕێ مامی هاوسەرگیری دەکات" سەرەتا کە ئامۆزاکەم پێی گوتم، هاوسەرگیری بکەین دوودڵ بووم چونکە دەمزانی ئامۆژنم ئێمەی خۆشناوێت بەڵام پێموابوو بۆ خاتری کوڕەکەی ڕای دەگوڕێت".

بە پێی قسەی ساوێن، تەنیا پەنجا ڕۆژ لە دوای مەراسیمی هاوسەرگیرییان کێشە دەکەوێتە نێوانیان" تەنیا پەنجا ڕؤژ دوای هاوسەرگیری ڕؤژێک هاوسەرەکەم بە توڕەبوونەوە گوتی، چۆن شتیوا دەکەی؟ گوتم، چی؟ گوتی، ملوانکەی دایکمت دزیوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهیچ جۆرێک من شتیوام نەکردووە. هەر ئەوکاتە منی بردەوە ماڵی باوکم".

ئەو ژنە گەنجە، لە کاتی گێڕانەوەی کێشەکەی زۆر بێتاقەت بوو پێیوابوو" ئەوەی بەرامبەر بە من کرا زۆر سەختە، هەرچەندە ماڵی باوکم و تەنانەت مامیشم کە باوکی هاوسەرمە، دەیزانی من شتیوام نەکردووە. بەڵام هاوسەرەکەم تەنیا قسەی دایکی وەردەگرت".

دوای ئەوەی ماوەی دوومانگ ساوێن لە ماڵی باوکی دەمێنێتەوە، ڕۆژێک هاوسەرەکەی تەلەفۆنی بۆ دەکات" تا دوو مانگ هەر لێی نەپرسیمەوە، دوای دوومانگ تەلەفۆنی بۆ کردم گوتی، حەزدەکەم لە دوات بێم چونکە ملوانەکەکەمان لە ناو زێراب دۆزیوەتەوە، بەڵام من چاوەڕێی ئەوەبووم ئەو بوختانەی پێمکرا ڕاستییەکەی دەربکەوێت دوای ئەوەی چوومە دادگا و داوای جیابوونەوەم کردووە".

ئێستا دۆسیەی ساوێن لە دادگایەوە چاوەڕێیە لە دانیشتنی دادگادا جیاببنەوە " هەرچەندە مام و زۆر لە خزمەکان هەوڵ دەدەن کە من بگەڕێمەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک ناتوانم جارێکی تر متمانە بە هاوسەرەکەم بکەمەوە، چونکە کاتێک دایکی ئەو بوختانەی بۆ من کرد گوێێ لە کەس نەگرت و منی تاوانبار کرد".

مەریوان ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی ساوێن گوتی " بەداخەوە ئێمە کەیسی زۆری کێشەی تووندوتیژی خێزانیمان لایە، ژمارەی ئەو کێشانەی کە خەسوی هەردوو لا هۆکارن زۆرە، چونکە دایکەکان دوای هاوسەرگیری کوڕەکانیان پێێانوایە کەسێک لە دەرەوە هاتووە کوڕەکەی لێسەندوون، تێگەیشتنیان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری و ئاشتەوایی لاوازە".

ئەو توێژەرە دەڵێت" هەرچەندە بە هۆکاری خزمایەتی نێوانیان ساوێن، لەسەر ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی هیچ سکاڵایەکئ تۆمار نەکردووە لەگەڵ ئەوەی مافی خۆیەتی، تەنیا داوای جیابوونەوەی کردووە. لە کاتێکدا بە پێی یاسا دەبوایە قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی بکرێتەوە".

مەریوان ئەحمەد ڕایوایە" هەر کێشەیەک ئەگەر ڕێگە بدەن بە پێێ یاسا چارەسەر بکرێت، لەوانەیە تاوانەکانیش کەمتر ببنەوە، بەڵام بەردەوام بە هۆکاری خزمایەتی و دابونەریت ئافرەتان لە مافی خۆیان بێبەش دەبن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین