هێرشه‌كه‌ى سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر به‌ درۆن ئه‌نجام دراوه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى داعش رایانگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ى ئه‌مشه‌وى سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر به‌ درۆن ئه‌نجام دراوه‌ و هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌.

ئه‌مشه‌و چوارشه‌ممه‌ 14ى نیسان هێرشێك كرایه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر و بنكه‌ى هاوپه‌یمانانى كرده‌ ئامانج، سه‌ره‌تا وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ به‌ مووشه‌ك ئه‌نجام دراوه‌ و دواتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و دواتریش هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ئاشكرایان كرد، هێرشه‌كه‌ به‌ درۆن "فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان" ئه‌نجام دراوه‌.

له‌ راگه‌یێندراوێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆ هاتووه‌، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە"

سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كان وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە"

هه‌ر له‌سه‌ر چۆنیه‌تى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر، گوته‌بێژى هاوپه‌یمانان لێدوانى بۆ كه‌ناڵى "رووداو" داوه‌ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هێرشه‌كه‌ به‌ درۆن ئه‌نجام دراوه‌.

ئه‌م هێرشه‌ دوو مانگى ته‌واو دواى هێرشێكى ترى مووشه‌كى دێت كه‌ له‌لایه‌ن گرووپێكى شیعه‌وه‌ كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر و ئه‌ویش له‌ ئێواره‌ى 15ى مانگى شوباتى ئه‌مساڵ بوو. جیا له‌م دوو هێرشه‌، پێشتر له‌ 30ى ئه‌یلوولى ساڵى رابردوو جارێكى تر له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌واوه‌ له‌لایه‌ن گرووپێكى شیعه‌وه‌ هێرشى مووشه‌كى كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر. دواى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران له‌ مانگى كانوونى دووه‌مى ساڵى 2020 له‌  هه‌شتى هه‌مان مانگ، ئێران چه‌ند مووشه‌كێكى ئاراسته‌ى بنكه‌كانى هاوپه‌یمان له‌ هه‌ولێر كرد. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین