سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتیى UN جه‌خت له‌ پاراستنى سه‌قامگیریى عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى (16/شوبات/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبووه‌وه‌ و ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منیى و سیاسیى عێراق و ئاڵنگارى و مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، گفتوگۆیان كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ و ده‌بێ ئاساییش و سه‌روه‌ریى عێراق پارێزراو بێت و ڕێگه‌ نه‌درێت عێراق بخزێته‌ نێو ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌."

هه‌روه‌ها جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا "ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكى هه‌ستیارى ئه‌منیدا تێده‌په‌ڕێت، ده‌بێ هه‌مووان دان به‌ خۆیاندا بگرن و یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و پاراستنى سه‌قامگیرى."

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى "ستایشى ئاماده‌یى و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هاوكارى و یارمه‌تییه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و كار و چالاكییه‌كانى تیمى UNى له‌ عێراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند. لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز گۆتێرێس سوپاسى ڕۆڵى ئه‌رێنیى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرد."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە،  دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى"گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، پێویستیى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی هه‌رێمى كوردستان له‌ نزیكترین كاتى گونجاودا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و شه‌ڕ و بارى مرۆیى له‌ غه‌ززه‌، چه‌ند باسێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین