مەسەلەی یەکسانی جێندەری، خەمی هەمیشەیی نێچیرڤان بارزانییە  دیمانە و راپۆرت

دکتۆرە نازناز:

نوچەنێت

دکتۆرە نازناز محەمەد قادر، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە مێژووی کورد، لەسەردەمی پەرلەمانتارییەوە تا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر کاری لەسەر پرسی جێندەر کردووەو، بەشیوەی خۆبەخش یارمەتی رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی ژنانی داوە، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت، باسی پێشکەوتنی رەوشی ژن لەکوردستان دەکات و دەڵێت” نێچیرڤان بارزانی، جێ پەنجەی لەم سەرکەوتنانەدا هەیە”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەماوەی حوکمڕانی خۆیدا زۆر کاری گرنگ و شوێندانەری لە بواری ئافرەتاندا کردووەو چەند دام و دەزگایەکی تایبەت بەم پرسەی کردۆتەوە. بۆیە لە ناو ژنانی چالاک و رێکخراوەکان، وەک تاکە سەرکردەی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، ناوی دەبرێت.

دکتۆرە نازناز، سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ کەمکردنەوەری توندوتیژی دژ بەژنان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت” سەرۆکی حکومەت هەمیشە پشتگیری تەواوی دۆزی ئافرەتان بووە. لەماوەی ئەو چوار ساڵەی پەرلەمانتاربووم لە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا و ئەندامی لیژنەی داکیکردن لە مافی ئافرەت بووم. دەمدی پەخشان خان بە چ حەماسێک لەگەڵ تیمەکەی کاری بۆ چاکسازی لە یاسای باری کەسی دەکرد، بەڵام سەرۆکی حکومەت رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە سەرکەوتنی ئەم چاکسازییە یاساییەدا هەبوو، کە لە راستیدا چاکسازی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بوو”.

لەبارەی چۆنێتی کاری نێچیرڤان بارزانی بۆ دەرچوونی یاسای باری کەسی، دکتۆرە نازناز باسی کار و گرنگیدانی خودی بارزانی دەکات” ئەو شەخسی خۆی کاری بۆ ئەم یاسایە دەکردو زەمینەی بۆ رەخساند، لەگەڵ زانایانی ئایینی وەکو دکتۆر مستەفا زەڵمی دادەنیشت، کاریگەری لەسەر ئاراستەی راگەیاندنەکان هەبوو. لەگەڵ فراکسیۆن و حزبەکان کۆدەبۆووە. چونکە دەرکردنی ئەم یاسایە شۆڕشێک بوو لەناو کۆمەڵگەی پیاو سالاری. لەهەمان کاتدا شوێنە سەرەکییەکان بە نفوزی کۆمەڵگە دەورەدرابوو. بۆ ئەوەی کۆدەنگی بۆ پڕۆژەی یاسای باری کەسی فەراهەم بکات، لەهەموو لایەک کاری دەکرد.  توانی سەربکەوێ و یاساکە دەرچوو. گرنگترین خاڵی ئەم یاسایە نەهێشتنی فرەژنی بوو لە کوردستان”.

نازناز محەمەد قادر، لە ساڵی ٢٠٠٥-٢٠٠٩ ئەندامی لیژنەی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی پەروەردە بوو. ئەوە رادەگەیەنێت کە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گرنگیدان بە قەزیەی ژنان لە کۆمەڵگە زۆر گرنگی بە بواری پەروەردە دەدا “نێچیرڤان بارزانی،  بە پەرۆشی سەیری رەوشی پەروەردەی دەکرد. لە ماوەی کاردکردنم لە پەرلەمان دوو وەزیرم بینی لە کابینەی ٥ و ٦کاری وەزارەتیان رادەپەڕاند. یەکەم پارتی و دووەم یەکێتی بوو.  بەبێ جیاوازی پشتگیری هەردوو وەزیری دەکرد و دەمبینی کە بەتەواوی لەگەڵیان هەماهەنگ بوو.  لەسەرداوای ئێمە، وەک لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا و، دانیشتن لەگەڵ وەزیری پەروەردە دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان، بڕیاردرا بەمەبەستی ریفۆرم لە بواری پەروەردە. کۆنفرانسێک سازبکەین. راستەوخۆ شاندێک لە لیژنەی پەروەردە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت دانیشتین و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ چاکسازی دەربڕی، کە ئێمە پێشنیارمان کرد و کۆنفرانسەکەش بەم ئاراستەیە سازکراو سەرکەوتوو بوو. لە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەکەرتی پەروەردەدا. لەو ماوەیە لەسەر فەرمانی بەرێزیان، قوتابخانەی شوەیفات و زانکۆی کوردستان دامەزران. کە تا ئێستا لە کوردستان (سەرەرای کەموکوڕییەکان) باشترین قوتابخانەو زانکۆن لە بەرهەمهێنانی قوتابی کارامە و لێهاتوو”.

دکتۆرە نازناز، ماوەیەک وەکو خۆبەخش یارمەتی سەنتەری خاتوزینی داوە، کە ئەو بە” سەرکەوتوترین رێکخراو” لە بواری پرسی ژنان وەسفی دەکات”سەرکەوتوترین رێکخراو بوو، کە لەو ماوەیەدا توانی زۆرترین بەرهەمی هەبێت لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو ئافرەتان بە تایبەتی، لە شاری هەولێر.

سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە پشتگیری لە چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە دەکرد، لەگەڵمان کۆدەبۆوە. لە هەشتی مارس لە کاتی کردنەوەی رادیۆی زین، سەردانی کردین. بە پەرۆشەوە دەیڕوانییە چالاکییەکان، هەوڵی دەدا ئاستەنگەکان لابەرێت و رێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی رێکخراوەکە سەرکەوتوو بێت. لەوەش زیاتر بەگشتی لە پشتگیری کردنی رێکخراوە نا حکومییەکان درێغی نەدەکرد. بە تایبەت ئەوانەی کە کاریان بۆ دۆزی ئافرەت دەکرد. لە کۆنفرانسەکانیان حزوری هەبوو. لە بابەتی دەرچوونی گۆڤارو کتێب و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ژنان، یارمەتی دەدران. مەسەلەی یەکسانی جێندەری بووە خەمی هەمیشەیی سەرۆکی حکومەت”.

هاوکات ئاماژە بە گەشەکردنی کوردستان لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٠١٤ دەکات و پێیوایە، ئەم گەشەکردنە خێرایەی کوردستان لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی بوو” کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠١٤، گەشەکردنێکی خێرای لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی، بەخۆیەوە بینی، چونکە لەماوەی ئەم ساڵانەدا جگە لە دووساڵ باقی ئەو سەرۆکی حکومەت بوو. بەداخەوە لە رۆژی شومی ٣-٨-٢٠١٤وە نە تەنیا لە گەشەسەندن وەستا، بەڵکو هەڕەشەی جددی کەوتەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان  و ئاسایشی وڵات و ژیانی خەڵک”.

نازناز محەمەد، باس لە هۆکارەکانی قەیرانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کوردستان دەکات” یەک لە رەهەندە تاڵەکانی شەڕی داعش، جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو. جگە لە شەهیدبوونی هەزارانیان ئاوارەکران و شەنگال وێران کرا. ٦٤١٧ ژن و پیاو و منداڵیان رفێندران.  بۆ ئەم مەبەستەش لە ١١-١١-٢٠١٤، سەرۆکی حکومەت بڕیارێکی دەرکرد. دۆسیەیەک بۆ گەڕاندنەوەی رفێندراوانی ئیزدی کرایەوەو بۆ ئەم مەبەستە، لە دهۆک نوسینگەیەکیان کردەوە. بەمەبەستی کڕینەوە و گەڕاندنەوەیان. ئەم ئۆفیسە نەخشە رێگایەکی بۆ دۆزینەوەی دیلەکان داڕشت”.

کاری گەڕاندنەوەی رفێندراوانی ئێزدی لەلایەن نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی، بودجەیەکی گەورەی بۆ تەرخان کرا. دکتۆرە نازناز باسی گەورەیی کارەکە دەکات” هەرسێ هەنگاو پڕبوو لەمەترسی، هەروەها بودجەیەکی زەبەلاحی پێویست بوو. سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی و ئابوری، بەڵام سەرۆکی حکومەت درێغی نەکرد و بەردەوام بوو. بە هەمووشیوەیەک ماددی و مەعنەوی پشتگیری ئەم هەنگاوانەی کردو توانی تا ٣٠-٤-٢٠١٧، ٦٤١٧ دیل لە ٣٠٠١ دیل بگەڕێنێتەوە. کە نزیکەی نیوەیان ئافرەت بوون. گەڕانەوەی دیلە ئافرەتەکان بۆ ناو خێزانەکانیان و وەرگرتنەوەیان بە پێی داب و نەریتی کوردی، دژواربوو. بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی حکومەت خۆی هاتە ناو بابەتەکە و دووجار لەگەڵ ئەنجوومەنی روحانی ئیزدییەکان دانیشت، قەناعەتێکی لا دروست کردن کە دیلە مێینەکان وەک دیلە نێرەکان، ستەم لێکراون و دەبێ باوەشیان بۆ بکرێتەوە. دوابەدوای ئەم هەوڵە. ئەنجومەنی روحانی لەگەڵ سەرۆک هۆزی ئێزدییەکان دانیشت و هەمان قەناعەتیان لا دروست بوو. سەرەتا کە دیلەکان دەهاتنەوە لەلایەن بابە شێخ(گەورەی ئایینی ئێزدیان) پێشوازییان لێدەکرا بۆ ئەوەی هیچ پەڵەو شەرمێک بە ناوچەوانی ئەو  ئافرەتانە نەمێنێ”.

ئەو ئافرەتانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون.  لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە تێکشکاون، لە کوردستان دام و دەزگای وەها پێشکەوتوونییە کە بتوانێت چارەسەری پێویستیان بکات. نازناز محەمەد، باسی هەوڵەکانی بارزانی بۆ ئەم مەبەستەش دەکات” سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەت وڵاتی ئەڵمانیا بۆندێکی واژۆکرد بۆ وەرگرتنی ١١٠ ئافرەت و منداڵی دیل، کە گەڕابوونەوە. ئەمانە خرانە ژێر چارەسەری پزیشکی و هەوڵیش درا کە ژمارەیەکی تریش لە دیلە گەڕاوەکان بنێردرێت”.

بەپێی یاسای سزاکانی عیراق، کوشتن بەبیانووی شەرەف وەک هەر کوشتنێکی تر ئەژمار نەدەکرا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم یاسایەش بە پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی هەموارکرایەوە، کوشتنی ژنان بەهەر بیانوویەک بێت، وەک هەر تاوانێکی تری کوشتن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و یاسای لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە.

کۆمەڵێک کاری تری گرنگی یاسایی و رێکخراوەیی، بۆ پاڵپشتی ژنان و کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک کاری کرد وەکو، دامەزاراندنی ئەنجومەنی باڵای خانمان، کە ئەنجومەنێکی چاودێرە بەسەر یەکەکانی حکومەت، بۆ پرسی جێندەرو یەکسانی، سەرۆکی حکومەت سەرۆکایەتی دەکات و لە نزیکەوە هاوکاریانە.

دامەزراندنی بەڕیوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەفەرمانی جەنابیان دامەزراوە. کە بەڕێوەبەرایەتییەکی ئەکتیڤەو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، نوسینگەیان هەیە.

چوار شەڵتەری داڵدەدانی ژنانی هەڵاتوو، لە دەست توندوتیژی خێزانی هەیە کە حکومەت، ئیدارەی دەکات. هەروەها دادگای تایبەتمەند بە توندوتیژی خیزانی لە زۆربەی دادگا سەرەکییەکانی کوردستان هەیە. یەکەی جێندەری لە وەزارەتی پەروەردە هەیە. هەروەها لەیەکەکانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەکی بەرچاو پۆلیسی ئافرەت هەیە. هەروەها لە هێزەکانی زێرەڤانی پاراستنی کونسوڵگەرەکان ژمارەیەکی بەرچاو ئافرەت هەیە.

سەرۆکی حکومەت هەردەم لەگەڵ پرەنسیپی جیاکاری ئەرێنییە، بۆ گەیشتن بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بۆیە بڕوای بە سستەمی کۆتا هەبوو لە کاتێ یاسای حزبەکان و هەڵبژاردن گوشاری رێکخراوە ناحکومییەکانیس هاتە ئارا، بۆ بەرقەرارکردنی سستەمی کۆتا.

دکتۆرە نازناز، باس لە دوایین هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکات، کە کەوتنە ناوزڕاندنی کاندیدا ئافرەتەکان”لە بانگەشەی دوایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، لە ١٢-٥-٢٠١٨،  نێچیرڤان بارزانی، بەرگریکاری کاندیدا ژنەکان بوو دژی ئەو تەوژمە وەستایەوە، کە هەوڵی ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ئەوانی دەدا”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین