رێبەر ئەحمەد: ڕێگەنەدراوە خاکى هەرێمی کوردستان بۆ هەڕەشەکردن لە هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت کوردستانی
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی پێشڕەو دزەیی ڕایدەگەیێنێت، ''بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، بەتایبەتی وەبەرهێنەران و خاوەنکاران بە پاساوی بێ بنەما لە هەولێر، نیشانەی لاوازی و بێ ئومێدیی دەستدرێژیکارانە.''

ڕۆژی شەممە (24/شوبات/2024) رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی سەرمایەدارى کورد پێشڕەو دزەیی، کە بەهۆى مووشەکەکانى سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستدا، رایگەیاند، ''دوژمنانی ئارامی و ئاوەدانی، رێگەیان نەدا پێشڕەو دزەیی درێژە بە خواست و خولیاکانی لە پێناو پێشکەوتنی زیاتری شار و وڵاتەکەی بدات.''

 رێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند، ''بەشێکی زۆری وەبەرهێنەران، لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا، جێ پەنجەیان لە هەرێمی کوردستان دیار بووە کە هاوکاری حکومەت و خەڵکی کوردستان بوون.''

هاوکات وەزیرى ناوخۆ بۆ  ئەوانەى بە هێرشی مووشەکی هێرشیان کردە سەر هەولێر دووپاتى کردەوە "بە ئەوانەی پێش ئێوە و نە بە ئەوانەی ئێستاشتان ئیرادەی ئەم مللەتە نالەرزێت و هەر بە هێزی دەمێنێتەوە، چونکە خاوەنی بیروباوەڕێکی بەهێز و رێبەرایەتییەکی حەکیمیانەی سەر دەستی سەرۆک بارزانییە".

 لەبارەى هەبوونى بارەگاى مۆساد لە هەولێر گوتى،  ''هیچ کات هەرێمی کوردستان نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هەموو کات فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە و رێگە نەدراوە خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت."

جێگەى ئاماژەپێدانە شەوى (15-1-2023) سوپاى پاسداران هەولێرى مووشەکباران کرد و بەهۆیەوە ماڵى  سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەییش کردە ئامانج، کە گیان لەدەستدانى منداڵێک و میوانێکى و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین