هێلین: نەخۆشییەکەم بووە هۆکاری جیابوونەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دوای پێنج مانگ لە دەزگیرانی کە دەزانن نەخۆشی پەرکەمی هەیە، تەڵاقی دەدەن. هێلین دەڵێت: من لە کاتی ناسینی کوڕەکەوە پێم گوتن بەڵام ئەوان دوای مارەبڕین ئەو خراپییەیان بەرامبەرم کرد.

هێلین کچێکی خەڵکی شاری هەولێرە، تەمەنی بیست و پێنج ساڵە، دەرچووی زانکۆیە، ئەو لە پۆلی دوانزەی بنەڕەتییەوە توو نەخۆشییەک بووە، دواجار بووە هۆی ئەوەی دوای پێنج مانگ لە دەزگیرانی کوڕەکە لێی جیاببێتەوە.

بەپێی قسەی هێلین لە بارەی نەخۆشییەکەیەوە گوتی" لە پۆلی دوانزەی بنەڕيتییەوە تووشی نەخۆشی پەرکەم بووم و لە هۆش خۆم دەچووم. بەو هۆیەوە بەردەوام هاتووچۆی دکتۆرم کردووە. زۆرکەم تووشی بورانەوە دەبووم، تا ئەو کاتەی ئەو ماڵە تووشی ئەو ناخۆشییەیان کردم".

هێلین دوای دەرچوونی لە زانکۆ کوڕێک دەناسێت وەک خۆی دەڵێت" دوای دەرچوونم لە زانکۆ کوڕێک چەند جارێک داوای هاوسەرگیری لێکردم، بەڵام من بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە ڕاڕا بووم و وەڵامم نەدەدایەوە، تا پرسم بە دکتۆرەکەم کرد پێی گوتم، ئەگەر بەباشی پابەندی ڕێنمایی پزیشک بی کێشەیەکی ئەو تۆت لەگەڵ نەخۆشییەکەت نابێت، بەڵام پێشتر لەو بارەیەوە لەگەڵ دەزگیرانەکەت قسە بکە".

هێلین دەڵێت" لەگەڵ ئەو کوڕە دانیشتم پێیم گوت کە من نەخۆشی پەرکەمم هەیە، ئەو دەرمان و ئەوەش قسەی پزیشکەکەمە، ئەویش گوتی: لای من ئاساییە نەمزانی ئەو لەگەڵ خێزانەکەی ئەوەی باس نەکردووە".

دوای ئەوەی هێلین مەراسیمی خوازبێنی و مارەبڕینی تەواودەبێت، دوای پێنج مانگ دەیانەوێ ئامادەکاری بۆ ئاهەنگی گواستنەوە بکەن " دەمانویست ئامادەکاری بۆ ئاهەنگی گواستنەوە بکەین، من زۆر هیلاک بووم و دەرمانیشم نەخواردبوو لە هۆش خۆم چووم، دایکی دەزگیرانەکەم لەوێ بوو کە هاتمەوە هۆش خۆم و زانی من نەخۆشیم هەیە ڕۆیشت لەو کاتەوە تا چوار ڕۆژ دەزگیرانەکەم وەڵامی تەلەفۆنی نەدەدامەوە".

دوای ئەوەی خەسوی هێلین دەزانێت کە دەزگیرانی کوڕەکەی نەخۆشی هەیە، گوشار دەخاتە سەر کوڕەکەی بۆ ئەوەی واز لە هێلین بهێنێت" دوای پێنج ڕۆژ دەزگیرانەکەم هاتە ماڵمان گوتی: بۆچی هێشتووتە دایکم بە نەخۆشییەکەت بزانێت، ئەو کاتە زانیم کە ئەو لای خێزانەکەی باسی نەکردووە، بەو هۆیەوە دایکی بووە ڕێگر و جیابووینەوە".

هێلین دوای ئەو جیابوونەوەیە دۆخی تەندروستی خراپتر دەبێت، دایکی هێلین دەڵێت" پێمان وابوو کوڕەکە لەگەڵ ماڵەوەیان قسەی کردووە، ئەگەر بمزانیایە شاردوویەتییەوە کچم نەدەدانێ ئاوا گاڵتەی پێبکەن، چونکە ئێستا تەندروستی کچەکەم خراپتر بووە، چونکە خەڵک هەرکەس چیرۆکێک دروست دەکەن بۆ هۆکاری جیابوونەوەکەی".

جەعفەر ئەمین، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی هێلین گوتی " نەخۆشێ شتێکە لە دەسەڵاتی کەسدا نییە، بۆی هەیە هاوسەرگیری لەەگەڵ کەسێکی لەشساخ بکەی بەڵام دواتر تووشی نەخۆشی بێت، بە پێچەوانەشەوە. هەندێجار هەر دوو کەسەکە ساخ بوون دوایی بە هۆی ڕووداوێک یەکێکیان کەمئەندام بووە. بۆیە باشترە لەو کاتانەدا خێزانەکان بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخانە بکەن و نەبنە هۆکاری شکاندنی یەکتر".

ئەو توێژەرە ڕایوایە " هەر کاتێک کوڕ یان کچ نەخۆش بوو، پێویستە جیا لە کوڕو کچەکە خێزانەکانیشیان ئەم بابەتە بەیەکەوە باسبکەن، بۆئەوەی بەر لەوەی ئاوا ببنە هۆکاری ناخۆشی و دڵ شکاندن لە یەکتر تێبگەن کە ئایا ئەم دۆخەی یەکتریان قبوڵە یاننا، بە پێچەوانەوە دواتر تووشی کێشەی زیاتر دەبنەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین