پارێزگاى هەولێر: (166) دوکانی بازاڕى لەنگە سووتان کوردستانی

نوچەنێت:

پارێزگاى هەولێر لەبارەى کەوتنەوەى ئاگر لەبازاڕى لەنگەى گەورە ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "(166) دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچووە."

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە (28/شوبات/2024) پارێزگاى هەولێر ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگە هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت،"لەکۆی (2400) دوکان (166) دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەرکران و (24) کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە."

 

دەقى ڕاگەیندراوەکەى پارێزگای هەولێر لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگە:

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.2.27، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەوڵی ئەفسەر و کارمەندانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، کە بەهۆیەوە لەکۆی (2400) دوکان (166) دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەرکران و (24) کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە.

ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێکی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەکە کەمترین زیانی هەبێت و کەلوپەلی کاسبکاران لە سووتان رزگار بکرێت، سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو کارەساتە لە شارەکەمان جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی4 و سەرۆکایەتی شارەوانی) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان،

کاسبکاران و هاوڵاتییانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین