زۆرترین ڕێژەی تەڵاق و ژنهێنانی دووەم لە هەولێرە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان، ئامارەکانی ساڵی 2023ی بڵاوکردەوە بەگوێرەی ئامارەکە، ڕێژەی تەڵاق زیادیکردووە، زۆرترین ڕێژەی تەڵاق و ژنهێنانی دووەم لە هەولێرە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت: نا سەقامگیری سیاسی و ئابووری یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی تەڵاقە، هەروەها هەولێر شارێکی ئاینییە لە بەرئەوە ڕێژەی ژنهێنانی دووەم تێیدا زۆرە.

   زۆرترین رێژەی ھاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی بووە کە (20 ھەزارو 427) حاڵەت بووە بەرێژەی (%39).

•    رێگەدان بە ژنھێنانی دووەم زۆرترین حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر بووە, کە (34) حاڵەت بووە.

•    زۆرترین حاڵەتی لێکجیابوونەوەی ھاوسەران "تەڵاق" لە پارێزگای ھەولێر بووە کە (5 ھەزارو 857) حاڵەت بووە بەرێژەی (33%)

ھاوسەرگیری:

ھەولێر: (17,543)

سلێمانی: (20,427) 

دھۆک: (12.499) 

گەرمیان: (2.618) 

کۆی گشتی: (53,078)

جیابوونەوە:

ھەولێر: (5,857)  رێژەی جیابوونەوە (33%)

سلێمانی: (5,438) رێژەی جیابوونەوە (37%)

دھۆک: (2,164) رێژەی جیابوونەوە 17%)

گەرمیان: (853) رێژەی جیابوونەوە (33%)

کۆی گشتی: (14,312)

هێمن ڕەفیق، توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕاوێژکاری خێزانی سەبارەت بە بەرزی و نزمی ئامارەکان گوتی، بە دڵنیایەوە رەهەندی ناسەقامگیری ئابووری سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆڵی هەبووە لە بەرزی و نزمی ئەم داتایانە و بەتایبەتی لە شارەکاندا بۆ نمونە لە شاری هەولێر، کە رێژەی جیابوونەوە زیاترە و ژنهێنانی دووەمیش زیاترە، بە بڕوای من وەکو توێژەرێکی کۆمەڵایەتی کە بەردەوام خوێندنەوەمان هەیە بۆ دۆخی ژیان و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ژیاریانە کە روو دەدەن لە کوردستان، کەشوهەوای هەولێر زیاتر کەش و هەوایەکی ئایینییە پیاوی کورد لە هەولێر زیاتر لە رووانگەی ئایینییەوە بیردەکاتەوە بۆ ژنی دووەم و ئەو بابەتانە و کەشەکەشی بۆ ئەم بابەتە لەبارە.

لە بارەی هەڵکشان و داکشانی ئامارەکان و جیاوازییان لە نێوان شارەکان و لە نێوان ساڵەکانی، ئەم توێژەرە ڕایوایە، ئەمە جۆرێک لە زیندوویەتی کۆمەڵگا پیشان دەدات، کە جۆرێک لە کرانەوەیە و کۆمەڵگاکان لە سەرەتادا تووشی ململانێ  و دژیەکی نایەکانگیری کلتووری دەبێ، بابەتەکە ئەوەیە تاک دەیەوێ باشتر هەناسە بدات و باشتر بژیێت و جواتر مومارەسەی ئازادی خۆی بکات.

بە پێی ئامارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری، زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیری لە ساڵی 2023 لە شاری سلێمانییە، هێمن ڕەفیق دەڵێت، زیادبوونی رێژەی هاوسەرگیری لە سلێمانی، زیاتر پەیوەندی بە دروستبوونی پەیوەندییەکی پتەوی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، ئەگەر چی رێژەی جیابوونەوە لە هەموو شارەکان هەیە.

بەشێک لە چالاکانی بواری کۆمەڵایەتی و توێژەران ڕایانوایە، کە زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە ناکرێت هەمووی نەرێنی سەیربکرێت، لەبەرئەوەی بەشێکی پەیوەندی بە کرانەوەی کۆمەڵگەو ئازادی ئافرەتانەوە هەیە، بەو پێیەی کە جاران جیابوونەوە زۆر سەخت بوو ئەگەر پیاوێک چەند ئازاری هاوسەرەکەی بدایە ئەوا ئافرەتەکە جیانەدەبووەوە، بەڵام لە ئێستادا زیادبوونی ڕێژەی سکاڵاو جیابوونەوە پەیوەندی بە هەبوونی ئازادی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. ئەگەر وەکو ڕوکەشیش بێت ئەوا کاریگەرتی لەسەر پێکهاتەی خێزانەکان و چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ یەکتر هەیە.

هێمن ڕەفیق، سەبارەت بە زیادبوونی ئاماری جیابوونەوە گوتی، ئێمە وەکو توێژەر هەستی پێ دەکەین کە لەم سەردەمەدا، ئافرەت حەزی لە چوونەدەرەوە هەیە و حەزی کارکردنی لە دەرەوەی ماڵ هەیە.حەزی لێیە کەسایەتییەکی ئابووری سەربەخۆ و جێگیری هەبێ و ئەمەش جۆرێک کاردانەوەی پیاوی لێدەکەوێتەوە. کێشە و ململانێ درووست دەبێ و چەندین حاڵەتی جیابوونەوەش کە ئێمە ئاگادارین لەسەر ئەو بنەمایە بووە. 

ساڵانە ئامارەکانی دادگا لە بارەی کۆمەڵایەتی، تاوان و کێشە خێزانییەکان لە لایەن دەزگا جیاواز و پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاودەکرێنەوە. هەندێک لە توێژەران پێیانوایە هەموو ئامارێک ناکرێت لە کۆمەڵاگە بڵاوبکرێتەوە، بەشێکیش بە باشی دەزانن بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دروست لێکدانەوە بۆ کێشەکان بکرێت. ئەم ڕاوێژکارە خێزانییە هەبوونی ئامارەکان بە باش دەزانێت و دەڵێت،هەبوونی ئەو ئامارانە بە شتێکی باشی دەزانم و لە سەر ئەو بنەمایە ئێمە دەتوانین لێکدانەوەی زانستی، وەکو داتا لەبەر دەستمان بێت بۆ ئەوەی لەسەر دۆخی خێزان قسە بکەین و هەموومان دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین ئاشتەوایی خێزانی پەرەپێبدەین و تەبایی و گونجان و خۆشەویستی هاوسەران زیاتر بکەین.؛ بیرمان نەچێ بەردی بناغەی مانەوەی هەر کۆمەڵگایەک، پێشکەوتنی هەر کۆەمڵگایەک بەندە بە خێزانی تەندرووستەوە، ئەگەر خێزانێکی تەندروستمان هەبێ نەوەیەکی تەندرووستمان دەبێ و نەوەیەکی تەندروستمان هەبێ کۆمەڵگایەی وشیار و رۆشنبیرمان دەبێ و کۆمەڵگە بەرەوپێش دەچێ.

لە بارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم جۆرە لە زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە، بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە زۆر نییە؟ هێـن ڕەفیق بە ئاسایی دەزانێت و بەمجۆرە لێکدانەوەی بۆ دەکات: جیابوونەوە کۆتایی ژیان نییە و ئەوە سرووشتی مرۆڤە، کە نەگونجان دروست دەبێت دواجار ئەبێ بڕیاری جیابوونەوە بدات. مرۆڤ دەبێ بە ئازادی ژیان بکات و بیربکاتەوە، بەڵام لە هەر بارودۆخێکدا دەبێ بە هەموومان کار بۆ مانەوەی خێزان لەسەر پیرۆزییەکان و بەها جوانەکان، ئەوە ئەرکی ئێمەیە وەکو توێژەران و پسپۆڕانی بواری دەروونی و راوێژکارانی خێزانی، کە بەردەوام جەخت لەوە بکەیەنەوە کە خێزان دەبێ سەروەری و پیرۆزی خۆی پارێزراو بێ و پیاو، وشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا بکات و ئافرەتیش بتوانێت واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئازادییەکانی خۆی بکات، بۆ ئەوەی رێژەکانی جیابوونەوە و توندوتیژی خێزانی کەم بکرێتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین