مەسرور بارزانى: دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بۆ مووچەی مانگی سێ بکرێ کوردستانی

نوچەنێت:

ئەمڕۆ چوارشەممە (27/ئادار/2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە بڕیارمان داوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم راسپاردووە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش."

هاوکات سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشى، "بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستبکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکومەت سوودمەندنەبوون."

 

دەقی لێدوانی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتییانی خۆشەویست

هەر وەک چۆن دوێنێ بەڵێنمان پێدان کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بدەین. ئەمڕۆ دەمەوێت پێتان رابگەیەنم، وێرای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی کوردستان، پێتان دەڵێم کە ئێمە بڕیارمان داوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم راسپاردووە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش، ئێمە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان.

ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە هەموومان جێبەجێکردووە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە مەعنییەکان هەموو کاری پێویستییان کردووە بۆ ئەوەی هەموو رێکارەکان بگرنەبەر و هەموو ئەو بیانوویانەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون هەموویان نەهێڵن و ئەوەی لەسەر شانی ئێمەبووە ئەنجاممان داوە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت.

هەروەها لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ئێمە هەندێک بڕیاری ترمان لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارە قوڕسە ناهەموارە ئابوورییەی کە کەوتووەتە سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تۆزێک بۆیان سووکبکەینەوە. بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستبکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکومەت سوودمەندنەبوون.

داوامانکردووە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە رێژەی 20%. ئێمە وەزارەتە مەعنییەکانمان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن هەروەها بۆ داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ) و داشکاندنی 50% لە رسووماتی هێنانی گۆشت و هەروەها داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان. هەروەها لێخۆشبوونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و راسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی رسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە رێژەی 20% و داشکاندنی رسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی ئەوانیش بە هەمان شێوە بە رێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

هیوادارم  ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەسەری گشت گرفتەکانی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون. 

ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین.

ئێوە هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین