دۆخی ژن لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تر قابیلی بەراورد نییە دیمانە و راپۆرت

لەنجە عەبدوڵڵا:

نوچەنێت

لەنجە عەبدوڵڵا، چالاکوانى بواری ژنان و بەرپرسی دەزگای وارڤین لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، باس لە کێشەو گرفتەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە، هەنگاوی گەورە لەم بوارە نراوە بەڵام هێشتا پێویستمان بە کار و نیەتی جددیترە.

نوچەنێت: ژنان بە سيسته‌می کۆتا دەڕۆنە پەرلەمان، هەندێک ئەمه‌ وەکو سەدەقە بۆ ژن سەیردەکەن، پێتوایە هێشتا پێویستمان بەم سيسته‌مەیە؟

لەنجە: رێژەی چوونی ژنان بۆ پەرلەمان لەسەر بنەمای کۆتایە. ئەگەر کۆتا نەبوایە، حزبەسیاسییەکان ئەم رێژەیان دانەدەنا، چونکە تێگەیشتنی نوخبەی سیاسى بۆ ژن زۆر خراپە و هیچ حزبێک نەگەێشتۆتە ئەو ئاستەی کە تەجاوزی ئەم ئەفکارە بکات، بۆیە کۆتا- تا ئێستا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاکارییەکی ئەرێنییەو بوونی باشترە لە نەبوون.

لە هەرێمی کوردستان، کە چەندین ساڵە قەزیەی ژن یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کە باسی لێوەدەکرێ. حکومەتیش دانی پێداناوەو تا راددەیەکیش هەنگاوی ناوە. ئەگەرچی بەهۆی دۆخی سیاسی و شەڕ هەوڵەکان تاراددەیەک وەستاون هەتا دەتوانین بڵێین گەڕانەوەیەکی خراپ هەیە، بەڵام هێشتا هیوا هەیە بۆئەوەی کاری باش بکرێت.

کۆتا و بەشداری ژنیش بەهەمان شێوە، تا ئێستا حزبە سیاسییەکان تێگەیشتنیان بۆ قەزیەی ژن لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، هەر بەو عەقڵیەتە عەشایرە بیر دەکاتەوە کە دەبێ پیاو دەسەڵات بەدەست و لە پۆستی باڵا دابێت، بۆیەش تا ئێستا هیچ ژنێک لە پۆستی باڵادا نییە.

نوچەنێت: ئەو ژنانەی کە بەربژێری چوونە پەرلەمانن، هەموو خولەکان گلەیی ئەوە دەکەن، کە ژن دەنگ بەژن نادات، بۆچی؟

لەنجە: دەبێ بزانین کە ژنان بەر لە چوونە پەرلەمان پێویستیان بە دوو هۆکارە بۆئەوەی لە کاری سیاسی سەرکەوتووبن و پێشبکەون، ئەویش ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتییە کە لەم کۆمەڵاگەیە هەردووکی بۆ ژن نییە، بۆیە هەڵبژاردنەکانیش لەسەربنەمای تواناو لێهاتووی نابێ چونکە ئەو لەناو حزبەکەش هیچ رۆڵێکی بەرچاوی نەبووە، ئەگەر سەیربکەی هیچ کامیان ژنانێک نین کە پێگەی بەرچاویان لەکۆمەڵگە هەبێت، ناسراو نین ولە رووی ئابووریشەوە خاوەن سەرمایە نین تا کاری پێبکەن بۆئەوەی بتوانن بەدەنگی خۆیان دەربچن.

لە بەرامبەردا پیاوەکان خاوەن سەرمایەن و پاڵپشتی ماددی و عەشایەرییان هەیە، ئەم ژنانە لەناو حزبەکانیشدا پاشکۆی پیاون بۆیە ناتوان لە کارەکانیان پێشکەون و داهێنان بکەن، بۆیە ناچار دەبێ بە کۆتا بچێتە پەرلەمان.

لەهەموو دنیا خەڵک دەنگ دەدا بەو کەسەی کە دەیناسێ، ژنەکان ناسراونین و لە پڕ لەناو دەنگداندا دەردەکەن. 

هەروەها بەشێکی زۆری ژنانی چالاکوان کە لە رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنین، هاتوون پشتی حزب یان کاراکتەرێکی سیاسیان گرتووە. پاڵپشتی بوون بۆ سەرکەوتن. لەکاتێکدا خودی کاراکتەرەکان خاوەنی جەماوەرەکە بوون، بەڵام هیچ کاتێ ئەمانە خۆیان بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە خۆیان لیستێ رابگەینن، کە ئەم ژنانە خۆیان ببنە لیستێک یان بزووتنەوەیەک، هیچ شتێ رێگر نییە بۆئەوە، دەیان حزب و لیستی گاڵتەچار هەیە بۆچی نابێ لیستێکی ژنان هەبێ؟

نوچە: ژن زۆرینەی کۆمەڵگەن لەرووی ژمارەوە، بۆچی وەکو کەمینە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟

لەنجە: ئەوە راستە هەر لەبەر ئەوەشە کە که‌ماسییەکانیان دیارترە بە بەراورد لەگەڵ پیاوەکان، هەرچەندە لەرووی ئاستەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، پیاوەکانیش خەڵکی عەبقەری و زۆر لێهاتوو نین بەڵام ئەوان کەمتر دەکەونە بەرباس و زەق ناکرێتەوە، بۆیە رای گشتی و میدیاکان ئەم کەماسیانە دەخەنە پاڵ توانای ژن، زۆرجار سستمەکە لە بنەمادا خۆی سەقەتە، کەچی بەسەر کەسەکاندا دەشکێتەوە. 

نوچە: ژمارەی رێکخراوەکان زۆرن، وێڕای هەموو ئەو کێشانەی باسمان کرد، بۆچی ژنان ناتوانن بەقەد مەلایەک کاریگەرییان هەبێ؟ 

لەنجە: بەشداری ژن لە پرۆسەی سیاسی و کرانەوەی کۆمەڵگە، خوێندنی ژنان، تۆمارکردنی سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندووتیژی…، ئەمانە هەمووی کاری رێکخراوەکانن کراون بەهی حکومەت. ژن گەیشتۆتە ئاستێک لە هوشیاری کە بەرامبەر توندوتیژی بێدەنگ نابێ و دەچێ سکاڵا تۆماردەکات.  

ئەگەر بەراوردی دۆخی ژن بە عێراق و دەوروبەر بکەی، دۆخی ژن لە هەرێمی کوردستان نموونەیە، من لە ٢٠٠١٤ بەشداریم لە نووسینەوەی راپۆرتی سیداو کرد چەپڵەیان بۆ هەرێمی کوردستان لێدەدا، بەراورد بە عێراق دنیایەکی تربوو، دۆخی ژن لێرە بەراورد بە ناوچەکانی تر قابیلی بەراورد نییە، بەڵام لە ئاستی تموحی ئێمەدا نییە. 

دەبێ بزانین کە کۆمەڵگە شەرعیەتی داوە بە مەلا، بۆیە مەلایەک دەتوانێ لەسەربانەکەی خۆیەوە قسە بۆ کۆمەڵگە بکات، هەمیشە مینبەرێکی بەدەستەوەیە بۆ قسەکردن بۆ خەڵك، ئیتر مزگەوتە یان کەناڵی تەلەفزیۆنی. 

ئەگەر رێکخراوەکانیش مینبەرێکی وەهایان هەبێت دۆخی کۆمەڵگە دەگۆڕێت. 

رکخراوەکانی ژنان لە شەڕێکدان کە کەرەستەکانی شەڕیان پێ نییەو خۆشیان وێڵن، ئەم کەسانەی کە ئەم رێکخراوانەش بەڕێوەدەبەن هیچیان تایبەتمەند نین بە بابەتەکە و لە هیچ کۆلێژو ناوەندێک نەیانخوێندووە. ئەمانە کەسایەتین و هەریەک لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە هاتوون خۆیان وەکو نوێنەری ئەم قەزیەیە بەرجەستە دەکەن، لە سەر ئاستی کەسی کاردەکەن و هیچ هاوکارییەکیان نییە.

نوچەنێت: کەواتە پێتوایە حکومەت هیچ هاوکارییەکی رێکخراوەکانی ژنان ناکات؟

لەنجە: حکومەت لە زەمەنی جیاوازداو بەشێوەی پچڕپچڕ هاوکاری کردووە، تۆ ناتوانی بۆ ماوەی ساڵێك دەعمی رێکخراوێ بکەی و دواتر وازی لێبێنی چونکە  هیچ پڕۆژەیەک بە ساڵێك ناگاتە ئەنجام، لە کابینەیەک دەعمی رێکخراوێک کراوە کابینەکەی دواتر هاتووە بڕیویەتی و تۆ بەمە دێیتەوە سەرەتا، بۆیە ژن زیانمەندی یەکەمی ئەم دۆزە سیاسیەیە.

نوچەنێت: ماوەیەک بەر لە ئێستا وەفدێکی باڵای یوئێن، سەردانی سەرۆکی حکومەتیان کردو گوتیان، دۆخی ژن لە ناوچەکە و بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر نموونەیە؟

لەنجە: هەر یوئێن راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تییدا باسی رێژەی هەژاری ژن لە سێکتەرە جیاوازەکان و کەمی بەشاداری ژن لە ئابوری دەکات، ئەمەش لایەنێکی تری دۆخی ژنە، کە دەبێ لە هەموو لایەنێکەوە بەراوردی بکەین، کە ئایا لە چی روویەکەوە باش و لە چ روویەکەوە خراپە، راستە یاسای توندوتیژی خێزانی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەیە بەلام ئایا وەکو پێویست جێبەجێدەکرێت؟

نوچەنێت: کەواتە دەگەڕێینەوە بۆ عەقڵیەتی پەروەردەی کۆمەڵ، چونکە حاکم و پیاوانی یاساش پەروەردەی ئەم کۆمەڵگەیەن.

لەنجە: بەڵێ، کەسێک کە لە ئاستی سەرۆکوەزیرانیش بێت، باوەڕی بەم قەزیەیە هەبێ بەڵام ئەگەر لایەنەکانی دەورووبەری کۆیلەی ئەم واقعە بن و پاڵپشتی نەبن لەبەرەوپێشچوونی رەوشەکە، ناتوانێ سەرکەوتووبێت.

نوچە: دەتوانین بڵێین، ئەوەی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هوشیارییەوە دەکرێت رەنگە بە یاسا نەکرێت؟

لەنجە: یاسا فەرهەنگەکان دەگۆڕێت، بەڵام کاتێک ئاشنا نەبووی بەم یاسایە و خزمەتی نەکردی چی پێدەگۆڕێت؟ ئایا وێڕای هەبوونی ئەم یاسایە تا ئێستا توندوتیژی ماوە یان نا؟ ئەمە بازنەیەکە هەمووی تەواوکەری یەکترە، سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێ لەمە سەرکەوتووبێ پێویستی بە هێزی ژن و رێکخراوی بەهێزە تا رووبەڕووی ئەم واقعە ببنەوە، بۆ نموونە کاتێک من سکاڵام هەیە لە دادگا یان گروپێک  و چاودێری پرۆسەیەک دەکەم، کە نەمتوانی ئەم سکاڵایە بگەیەنمە سەرۆکی حکومەت و بە فلتەری ١٥ راوێژکاردا تێپەڕیم کە باوەڕیان بە قەزیەی ژن نییە، کەواتە من سەرکەوتوو نەبووم. دەبێ بەر لەهەرشتێ شەرعیەت بدرێتە بوونت.

نوچەنێت: ئەنجوومەنی خانمان کە دەزگایەکی حکومییەو بۆ خزمەتی قەزیەی ژن دامەزراون وەک دەڵێن، ئەوەی کەکراوە بەراورد بە دۆخی سیاسى کۆمەڵگە هەنگاوی گەورەن و شتی کەم نەکراوە.  

لەنجە: ئەوان دەزگایەکی حکومین و شتەکان بەزۆر دەزانن و وەکو ئێمە لەناو واقیعەکە نین، ئەگەر رێژەی سکاڵا زۆر بێت کەواتە ئاستی هوشیاری بەرزبۆتەوە، دەبێ دەزگایەک هەبێ  کە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دەزگاکانی حکومەت بکات ئینجا شتی واقعی دەبینین، رەنگە ژن هەبووە خۆی سوتاندووە سکاڵای نەبووە، تۆ دەبێ لە ئەنجامی تەحلیل لە بانکێکی زانیاری قسە لەسەر باش وخراپی رەوشەکە بکەی.

نوچەنێت: چالاکوان هەیە دەڵێت، خودى سەرۆکی حکومەت هاوکاری زۆری ئێمە و رێکخراوەکانی کردووە،  ئەو هەمواری یاسای گرنگی کردووه‌تەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دامەزراندووە. شەڵتەرەکان بۆ پاراستنی ئافرەتان هەن، ئەوانە هەمووی هەنگاوی گەورەن، پێتوایە ئەم کارانە باوەڕی سەرۆکی حکومەتە وەکو کەس، یان دامەزراوەی حکومییە؟

لەنجە: بەرای من ئەوە باوەڕی خۆیەتی وەکو شەخس نەک حکومەت، من خۆم بینیومە و لەگەڵی دانیشتووم ئەو باوەڕی بە قەزیەی ژن هەیە، بەڵام نابێ ئەم پاڵپشتییە پچڕپچڕ بێ، ئەم کارە پێویستی بە کاری گروپەو دەبێ ئەم هاوکاریانە بەردەوام بن، سەرۆکی حکومەت لەسەر ئاستی شەخسی باوەڕی پێیەتی بەڵام ئەوەی لەدەورووبەریەتی چ ئەوانەی لە سەر ئاستی قەزاو سوڵتەی تەشریعین سەدا دە باوەڕیان پێی نییە. 

ئەو پاڵپشتی دەکات، پەرلەمان یاسا دەردەکات و دادگا یاسا جێبەجێ دەکات، کەواتە ئەو هەوڵەکەی داوە بەڵام ئەوە پەرلەمانتاری حزبی عەلمانی بوو رۆیشتە دەرەوەو نەیهێشت قەدەغەکردنی فرەژنی دەنگی پێویست بێنێ، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە جورئەت و ئیرادەی زیاترە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین