ئارى رەفیق: تا یەک نێر و مێ لەژیاندا بن توندوتیژى بەردەوامى دەبێت
تایبەت بە نوچەنێت:
ئارى رەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت ئاماژە بەوە دەکات، شێواز و جۆرى پێشێلکاریی و توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان لەم سەردەم گۆڕاوە و فۆرمى نوێیان وەرگرتووە.
هەروەها ئارى رەفیق ئاشکراى دەکات، بەپێى توێژینەوەیەک خۆى ئەنجامى داوە، لەبارەى ڕێژەى خۆسوتاندنى ژنان لە نێوان ساڵانى (2010 تاوەکو 2024)، بۆى دەرکەوتووە ڕێژەکە ڕۆژ بەرۆژ بەرەوە نزم بوونەوە دەچێت.
سەبارەت بە ئامارى ئەو کەسانەى پەیوەندیی بە هێڵى گەرم دەکەن، ئاماژە بەوە دەکات، کە ساڵانە (70) هەزار پەیوەندیی تۆمار دەکرێت لە ڕێگەى ستافێکى (36) کەسى لە هەر سێ پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک.
دیمانەى ئارى رەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ نوچەنێت:
نوچەنێت: ڕەوشو دۆخی ئافرەتان چۆن دەبینن لە هەرێمی کوردستان؟
ئاری رەفیق: بابەتی بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی پەیوەستە بە حاڵەتی پێشێلکاری و توندوتیژی ڕەگێکی قووڵی هەیە، ڕەنگە بگەرێتەوە بۆ سەد ساڵی ڕابردوو، ئینجا ئەو حاڵەتانە ئەگەر لە توندوتیژی رەمزییەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە بابەتی ناو ناتۆرە، جنێوپێدان، و سوکایەتی پێکردن، هێنانی ژنی دووەم بەبێ پرس کردن تەنانەت لێدان و ئەشکەنجەدان، هەموو ئەوانە کاریگەرییەکەیان ماوەتەوە تاکو ئێستا نەوە لە دوای نەوە بەشێکی لەسەر هەمان رێرەو دەڕوات، بەڵام بە بەراورد بە بیست ساڵی ڕابردوو، هەندێ قۆناغمان تێپەڕاندبێ کە هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتیمان هەبووە کە زۆربەیان زوڵم و ستەم بوون بەرامبەر بە ژنان، دەتوانین بڵێین ئەو قۆناغەمان بە جێهێشتووە، بەڵام دیسانەوە لەو قۆناغەی ئێستادا دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە، کە ئەویش هەندێ دیاردەو تاوانی تازە هاتوونەتە کایەوە بەرامبەر بە ژنان، پێشبینی ئەوەش دەبێ بکرێ کە لە ماوەی بیست ساڵی داهاتوو هەندێ دیاردە و گرفتی کۆمەڵایەتی تر بێنە پێش جیاوازبن لەساڵی (2024)، بۆیە دەڵێین هەتا نێر و مێیەک مابێت بابەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەردەوام دەبێ، بەڵام بە پێی قۆناغەکان و گۆڕانی کۆمەڵایەتی گۆڕنکاریش بەسەر دیاردە و شێوازی تاوان و گرفتە کۆمەڵایەتیەکان دادێت.
نوچەنێت: پێتوایە لە ئێستادا ئەو ڕێژەیەی ژنان کە لە دامودەزگا حکومی و ئۆرگانە سیاسیەکان هەیە رێژەیەکی باشە؟ ئایا دەتوانین بڵێین ژنان بەگشتی هەنگاوی باش رۆیشتوون؟
ئاری رەفیق: ئێمە ئەگەر بەراورد بکەین لەوەی کە ئەو رێژەی ئێستا هەیە لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، واتا (25 بۆ 30)ـى ڕابردوو، بەشداری ژنان لە کایەکانی کارگێڕی بە تایبەتی لە ناوەندی بڕیاردان، وەکو بەڕێوبەری گشتی، ڕاوێژکار هەتا بەڕێوەبەری قوتابخانە و فەرمانگاکان و پەرلەمان، دادوەر، ئەنجومەنی پارێزگاکان تەنانەت بەرپرسی میدیاکان، ڕێکخراوەکانی مەدەنی کە ئەوانە سەرجەمیان پێیان دەگوترێ ناوەندی بڕیاردان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵگای کوردستان هەنگاوی زۆر باش هاتۆتە پێش، بەشێکیان بە بڕیار ئەو گۆڕنکاریانە کراون، بەشێکیان بەدەرکردنی یاسا و هەموارکردنی یاساکان ئەو بڕیارە دراوە، ئەگەر بەراورد بکەین لە پێش (2009)، هیچ ژنێکمان نییە دادوەر بێت، ئێستا دادوەری کەیسەکانی تووندوتیژی بەرامبەر ژنان و خێزانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان و قەزاکان ئافرەتە، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشتر کەمینەیەک لە ژنان بەرپرسیاریەتیان وەرگرتبوو، ئێستا بەشێکی زۆری ژنان بەرپرسی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنین، بەڵام ئێستا دەرفەتێکی تر بۆ ژنان ماوە کە هێشتان بە یاسایی نەکراوە، ئەویش بەشداریی ژنانە لە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی هەر کابینەیەک کە دروست دەبێ، بە ئیتفاقی سیاسی دروست نەبێ کە چەند ژن لەناو ئەو کابینەیە بێت، ئەویش هاوشێوەی پەرلەمان هاوشێوەی ئەنجوومەنی پارێزگایەکان هاوشێوەی پەیمانگای دادوەری پیویستی بەوە هەیە کە پڕۆژە یاسایەکی بۆ ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێکخستنی هەر کابینەیەک کە چوار ساڵ تەمەنیەتی ڕێژەی ژنان لەناو ئەنجومەنی وەزیران جێگیر بکرێت.
نوچەنێت: وەکو بەرێوەبەرایەتی تووندوتیژی ئافرەتان کارو چالاکیەکانتان چۆنە، بەرنامەی کارتان بەردەوام لە نوێ کاری دایە؟
ئاری رەفیق: ئەو دەزگایە کە دروست بوو لە مانگی شەشى (2007) کاتێک دروست بوو کە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان لە ئاستێکی زۆر زۆر بەرزدا بوو، لە ڕاپۆرتی ساڵی (2007) ڕێژەی کوشتنی ژنان دوو هێندەی ڕێژەی کوشتنی ژنانە لە قۆناغی ئێستادا، بۆیە خودی دەزگاکە کە دامەزرا هەندێ گۆڕانکاری باشی دروست کرد، یەکێک لەوانە پاراستنی ژنانە لەناو شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان، کە ئەرکی پاراستنی تەواوی ئەو ژنانەیە کە لە شڵتەرەکان هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە ئەستۆی دەزگایەکانی تووندتیژیە، هەروەها بینینی کەیسەکانی ڕۆژانە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستە بە تاوانی ئەلیکترۆنی، حاڵەتەکانی کوشتن، خۆکوشتن و خۆسووتاندن، تووندتیژی سێکسی و هەڵاتنی ژنان لە ماڵەوە، هەموو ئەرکی لە پێشینەی دەزگایەکانی تووندوتیژیە کە خۆی لە هەشت بەڕێوەبەرایەتی و (27) نووسینگە دەبینێتەوە، هەروەها ئەرکێکی تری ئەو دەزگایە بریتییە لە بابەتی بەرزکردنەوەی توانای کارمەندان و ئیشکردن لەسەر ئەولایەنانەی کاریگەریی باش و خراپیان لەسەر رەوشی تووندتیژی هەیە، لە ڕێگەی کردنەوەی خول و ڕاهێنان لە ڕێگەی چاپکردنی کتێب و نامیلکە، هەروەها پێشکەشکردنی کۆڕ و سیمینارى تایبەت، بۆ ئەمەش لە ساڵی (2015)وە دەزگایەکە تەنسیقێکی باشی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستکردووە، ساڵانە پڕۆژەی زۆر باش لەناو ئەو دەزگایە جێبەجێ دەکرێت.
نوچەنێت: تاچەند دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوکارن لەگەڵ ئێوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی توندوتیژی دژ بە ژنان؟
ئاری رەفیق: میدیاکان بەڕاستی چەکێکی دووسەرەن، واتا لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنی لایەنە ئەرێنیەکە بە تایبەتی لە ساڵانی نەوەتەکان، ڕۆڵێکی زۆر زۆر باشی بینی لە ڕێگەی ئەو هەموو چاوپێکەوتن و رێپۆرتاژ و ڕاپۆرتانەی کە کران، هەروها بڵاوکردنەوەی هەوڵ و کەمپینی نارەزایی و ئەو یاداشتانەی کە لەلایەن دەزگایەکان و رێکخراوەکانەوە بڵاودەکرانەوە، میدیاکان دەورێکی زۆر باشیان بینی، جۆرێک لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی دا بە کۆمەڵگا، ئەوانە هەموویان کاریگەریان هەبوو لەسەر کاڵکردنەوەی زۆرێک لە دیاردە نێگەتیڤەکان، بەڵام لایەنە نەرێنییەکە، ئەوەیە لەو قۆناغانەی کۆتایدا بە تایبەت لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە دوای ساڵی (2003) رێژەی دەزگایەکانی ڕاگەیاندن یەکجار زۆربوو و گەشەی کرد، ژمارەی کەناڵە ئاسمانییەکان زیاتر بوو، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە فەوزا لە کاری میدیایی، بە تایبەت لەبارەی کەیسەکانی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە لە بەشێک لە وڵاتانی ئەسکەندەنافی بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوژی قەدەغەیە، بەهەموو جۆرێک، بەڵام میدیای ئێمە خواخوایەتی کەسێک خۆی بکوژێت بۆ ئەوەی بە چەندان مانشێتی جۆراوجۆر هەواڵەکە دابەزێنن، بێ ئەوەی رێز لە سایکۆلۆجیای خێزانەکە بگرن، هەندێ جار کەیسی ناو شەڵتەرەکان دەهێنە سەر شاشە ئەوەش زوڵمێکی ترە بەرامبەر بە ژنان، چونکە هەر کەیسێک بکەوێتە شەڵتەرەکان جگە لە کارگێڕیی شەڵتەرەکە، حکومەتیش نازانێ ئەو کەیسە لەکوێ پارێزراوە، بەڵام هەندێ جار میدیاکانی ئێمە دەستیان بردووە بۆ ژنێک کە لە ژێر هەڕەشەی کەسوکاری پارێزراوە خۆی شاردۆتەوە.
نوچەنێت: رێژەی تووندوتیژی لە سەرەتای ئەمساڵەوە چۆن بووە واتا رێژەکە زیادی کردوە یان کەمی کردوە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە پێی داتاکان؟
ئاری رەفیق: لە ماوەی ئەو پێنج مانگە جارێ هیچ دیراسەیەکمان نەکردوە، بەڵام من توێژینەوەیەکم کرد لەبارەی خۆ سوتاندنی ژنانەوە لە ساڵی (2010) تاکو سەرەتای ساڵی (2024) کە بەداتاوە ئیشم لەسەر کرد، بەراوردێکم تێیدا کردووە، لە نێوان ژمارەی ژنانی خۆسوتێنەر، دەبینین کە رێژەکە ڕۆژ بەرۆژ بەرەوە نزم بوونەوە دەچێت، ئەوە داتایەکی فەرمییە لە کوردستان، من پێشموایە بۆ هەموو کەیسەکانی تریش پێویستمان بە توێژینەوەی لەو جۆرە هەیە بە بەراورد کارییەوە کاری لەسەر بکرێت هەتا بزانرێت ئەو کاتەی رێژەکانی تێدا بەرز بۆتەوە چ ساڵێک بووە چ سەردەمێک بووە، چ قەیرانێک گاریگەری دروستکردوە لەسەر بەرز بوونەوە نزمبوونەوەی، ئەوەی لەو توێژینەوەی پێی گەیشتم لە بارەی نزمبوونەوەی رێژەی خۆسوتاندنی ژنان بەشێکی هۆکارەکەی هەبوونی دەزگایەکانی تووندوتیژیە، هەبوونی شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان، چونکە ئەگەر ئەو کەیسانە کاتێک دەکەونە سەر شەقام ئەگەر شەڵتەرەکان نەبن رەنگە کەسی قوربانی رووبەرووی دەستدرێژیش ببنەوە، ئێمە نموونەمان هەیە لە هەولێر پێش دروستبوونی شەڵتەرەکان کەیس هەبووە ١٤ شوفێری تاکسی دەستدرێژیان کردۆتە سەر، بەڵام لە ٢٠١٥ زیاتر لە دە هەزار ژن لە شەڵتەری هەولێر و سلێمانی و دهۆک داڵدە دراون، دەتوانین بڵێین ئێستا بەشێکی زۆر کەم لە ١٪ ناکات لە شەڵتەرەکان ماونەتەوە، ئەوەش هەر جێی دڵخۆشییە کە ژمارەی ژنان لە شەڵتەرەکان کەمە.
نوچەنێت: زیاتر ژنان لە ئێستادا رووبەرووی چ جۆرە تووندوتیژیەک دەبنەوە پێتان وایە هۆکاری سەرەکی چییە؟
ئاری رەفیق: تاوانی ئەلیکترۆنی یەکێکە لەو تاوانانەی کە زۆرترین ئاستی لەناو ئامارەکانی دەزگایەکانی تووندوتیژی تۆمارکردووە، واتا ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە سی پەیوەندیی تەلەفۆنی زیاتر پەیوەستە تاوانی ئەلکترۆنی، ئەوەی کە بابەتی هەڕەشە لێکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی و چات و بابەتی ئابرووبردنە، لێرەدا دەتوانین بڵێین هەردوو ڕەگەز هۆکارن هەم پیاوان لەلایەک هەم سادەی و ساویلکەی ژنانیش لەلایەک کە بەشێکی زۆری ئەو تاوانە ئەلکترۆنیانە، کە تووشی کێشە دەبنەوە نە کەسەکەیان بینیوە نە ناونیشانی دەزانن، نە ناوی تەواوی دەزانن تەنها لە رێگەی چاتەوە ناسیویەتی، ئەو بابەتە پێویستی بە هۆشیاری تاک هەیە، کە بەڕاستی ژنان تێبگەیندرێن کە ئەو بابەتە چەندە ترسناکە، من دەڵێم تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وەکو بۆمبی چێندراون لەدەستی پیاوان و ژنان، هەموومان دەبێ بە چاوی ترسەوە سەیری تەکنەلۆژیا بکەین.
نوچەنێت: پێتوایە چارەسەر چییە، چی بکرێت باشە؟
ئاری رەفیق: من پێموایە چارەسەرەکە لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە
خاڵی یەکەم: بۆ ئەوەی بە شێوازێکی تازە کار لەسەر دۆزی ژن بکرێت پێویستمان بە توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان بکرێت، بێگومان ئەو هەوڵە تەنیا لایەنێک نەبێ بەڵکو هەوڵێکی پێکەویی بێت،کە تێیدا دەستکەوتەکان بهێندرێتەوە رەوشەکان بە داتا بخرێتە روو، ئاستەنگەکان چین و هەروەها میکانزمەکانی چارەسەری دۆخەکە لەو توێژینەوەیە بخرێتە روو
خاڵی دووەم، دوای ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە بچینە قۆناغێکی تازە کە داڕشتنی ستراتیژی فرە ڕەهەندی گشتیە لەسەر ئاستی حکومەت و گۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و دامەزراوەکان هەروەها مامۆستا ئاینییەکانیشی تێدا بێت،
خاڵی سێیەم: راستی پێویستمان بەدەرکردنی هەندێ بڕیاری کارگێری بوێرانە هەیە، بۆ نموونە قەدەغە کردنی بڵاوکردنەوەی هەوڵی خۆکوژی هەم بۆ ژنان و هەم بۆ پیاوان، هەتا چیتر ئەو هەواڵانە نەبنە هاندەر بۆ کەسانی تر کە ئامادەن بۆ خۆکوژی، هەروەها هەر پرۆگرامێک لە میدیاکانەوە لە بارەی خۆکوژییەوە دەکرێ پێویست دەکات جیهەتی مەعنەوی ئاگادار بکرێت، چونکە زۆر جار ناوەرۆکی بەرنامەکە کە دەکرێت کە تەنها رەوشەکە بخاتە روو یان چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە سەیر دەکەی جۆرێک لە هاندانی تێدایە بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان نەکوشتوە، دەبێتە رێنیشاندەر، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هاوشێوەی وڵاتی نەرویج قەدەغەبکات، وڵاتی نەرویج یەکێکە لەو وڵاتانەی ناهێڵێت هیچ دەزگایەکی مەدەنی و ڕاگەیاندن رووماڵی بابەتێکی خۆکوژی بکات هەتا پارێزگاری شارەکە ئاگادارنەکرێتەوە و کەسەکان دیاری بکرێت، شیکردنەوە بۆ پرۆگرامەکە بکەن، کێ قسەی تێدا دەکات و ئامانجی پانێڵەکە یان پرۆگرامەکە چییە کە لە بارەی خۆ کوژییەوە دەکرێ بۆ ئەوەی دەرئەنجامی خراپ نەکەوێتەوە.
خاڵی چوارەم: قەدەغەکردنی بابەتی کوشتنی ژنان و پیاوان هەردووکیان بۆچی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت کە زۆرجار هەستت دەجوڵێ کە ئەو لەسەر حەقە کە ئەوەندە وەکو کەسێکی ستەم لێکراو خۆی نیشان دەدات خۆی وەکو ستەم کارێک خۆی نیشان نادات، زۆرێک لە کەسانی ناو کۆمەڵگە دێت و بە کۆمێنت دەستخۆشی لە بکوژ دەکات.
خاڵی پێنجەم: پێداچوونەوە بە سزای ئەو تاوانبارانەی کە دەستیان سوورە بە خوێنی ژنان، هەم ئەوانەی کە سزا دراون و هەم ئەوانە کە سزا نەدراون بۆ ئەوەی بەراوردێک بکرێت هەتا بزانین ئەدای دەزگا و دادگایەکانمان چۆنە، بۆ نموونە کە داتای ساڵانە دەردەچێت ئاماژەی پێبکرێت کە چەند کەس دەستگیر کراوە چەند کەسیش سزا دراوە و جۆری سزاکەشی چی بووە، و چەند کەسیش دەستگیر نەکراوە هۆکاری دەستگیر نەکردنیان لە چی دایە.
بۆیە بە بڕوای من کارکردن لەسەر دۆزی ژن لە هەرێمی کوردستان زیاتر کار لەسەر ئەو پێنج خاڵە بکرێت دەگەینە دەرئەنجام، ئەویتر ڕەنگە وەکو ئەوە بێت کەسێک نەخۆشی شێرپەنجەی بێت تۆ حەبی پاراستیمۆڵی پێ بدەی رایبگری بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵکو پێویستە چارەسەری ریشەیی بدۆزرێتەوە گەرێیەکە ببرێت.
نوچەنێت: هێلی گەرم کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تووندوتیژی ئافرەتان و خێزان هەیە چۆن توانیویەتی ئامانجەکانی بپێکێنێت؟
ئاری رەفیق: هێلی گەرم یەکێکە لەو پرۆژە گرنگانەی کە بۆتە ئامرازێکی زۆرباش کە هەم دەنگی ژنان هەم دەنگی پیاوان و خێزان بگەنە دەزگایەکانی حکومەت، هەموو ساڵێک زیاتر لە حەفتا هەزار پەیوەندی تۆمار دەکرێت لە ماوەی (12) مانگدا لە ناو هێلی گەرمی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، ئەو هێلە لە ساڵی (2018) دامەزرا کە خۆم دامەزرێنەرى بووم، بە پاڵپشتی مادی unfpa)) دامەزرا پرۆژەکە سەرەتا لە (unicef) دەستمان پێکرد دواتر گواستراوە بۆ (unfpa) کە ئەوان ئەرکی داراییەکەیان لە ئەستۆگرت، و هەر هێلێک لە هەر شارێک (12) کەس لەسەری کار دەکات لە هەولێر و سلێمانی دهۆک واتا (36) کەس کار لەسەر هێلەکان دەکەن، ئەو ستافانە لە ساڵێکدا دووجار بۆ سێ جار ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەردەمیانە کار بکەن، و هێلەکە (24) کاتژمێرییە پەیوەندیکردنەکەش بە خۆڕاییە و هیچی تێناچیت.
نوچەنێت: لە پەرلەمانی کوردستان چەندین یاسای باری کەسی هەموار کرانەوە، کە یاسای زۆر باش بوون لە بەرژەوەندیی ژنانەوە بوو، ئایا هەموارکردنی ئەو یاسایانە ڕێگریان لە تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کەمکردۆتەوە؟
ئاری رەفیق: فەلسەفەی یاسا ڕێکخستنی کۆمەڵگایە، واتا هەر یاسایەک کە دەردەچێت دەبێ کۆمەڵگا لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ڕێک بخاتەوە،هەندێ جاریش لەناو خودی یاساکاندا هەندێ مادەی یاسایی هەیە، کە نەک کۆمەڵگای ڕێکخستۆتەوە، بەڵکو فەوزای کۆمەڵگای بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری مادەی ١٣٠، ١٣١، ١٣٢ یانیش مادەی ٤٠٩ لە یاسای سزادانی عێراقی بکەین ئەوەی کە پەیوەستە بە تاوانی کوشتنی ژنان، کە رێگە دەدات بە پیاوان بە ناوی شوشتنەوەی نەنگی پاکردنەوەی شەرەف کە کەسە نزیکەکانی خۆی بکوژێت، دەبینین کە تا ئێستاش لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی تری عێراق ئیش بەو یاسایە دەکرێت، سزای بکوژەکە لە شەش مانگ زیاتر نییە، لە دوای (2001) یاساکە لە هەرێمی کوردستان هەر ڕاگیرا، کرا بە کوشتنی ئەنقەست، زۆر دەستکەوتی باش بوون بۆ ژنان پێش هەموارکردنی یاساکە بە دوو ژن دەیانتوانی ببنە گەواهیدەر، بەڵام دوای (2008) هەر ئافرەتێک بە شاهێدێک هەژمار دەکرێت، کاتێک کە ژنێک خۆی دەبینی بە تەنیا بە بەبێ ئەوەی ژنێکی تری لەگەڵ بێت، دەتوانی شاهێدی بدات رەنگە هەست بە گەورەی و بوونی خۆی بکات، ئەوە یەکێکە لەو دەستکەوتانەی کە بەچاو نابینرێت، یەکێکی تر لە گۆڕانکارییەکان پێش (2008) هەر ژنێک کە هاوسەرەکەی لەدەستدا دابا، بۆی نەبوو ببێتە لێپرسراوی منداڵەکانی بەڵکو مام و باپیر و خاڵ بۆ هەبوو بەڵام دوای هەموارکردنی یاساکە لە (2008) ئەو مافە دراوە بەدایکی منداڵەکان، ئەوانە و زیاتر لە (28) مادەی تر لە بەرژەوەندی ژنان لە هەرێمی کوردستان هەموار کرانەوە هەموویان دەستکەوتی زۆر باش بوون.
نوچەنێت: پێتوایە ئێستا تاکی کۆمەڵگە هۆشیار بۆتەوە لەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆر بە جددی کار لەسەر دۆزی ژن دەکرێت بە بەراورد بە ڕابردوو، کە دەزگا هەیە یاسا هەیە حکومەت هەیەم کە هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ژن بکرێت بەرچەکدانەوەی دەدرێت لەلایەن ئەو دەزگایانەی کە پەیوەستن؟
ئاری رەفیق: ئیش بۆ پرسی ژن پەیوەندی بە کابینەی ئێستا نییە، بەڵکو لە مانگی شەشی (2007) کە سیاسەتی یەکسانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا، کە لە کۆتاییەکانی کابینەی چوارەم بوو، کوردستان لەو ڕووەوە چووە قۆناغێکی زۆر زۆر باش، کە داتاکان ئەوەمان پێ دەڵێن هەبوونی ئەو دەزگایانە لەو کاتەوە تا ئێستا ڕێژەی تاوانەکانی کەمتر کردۆتەوە.
نوچەنێت: لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەک لە بارەی لادانی مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان کراوە، لە سکاڵاکە داواکراوە هەموو ئەو مەرجانە لاببرێن، کە لە ساڵی (2008) لە هەرێمی کوردستان بۆ هێنانی ژنی دووەم دانران، ئەگەر ئەو یاسایە جارێکی تر هەموار بکرێتەوە وەکو عێراقی لێبکرێتەوە کێشەی زیاتر بۆ ئافرەتانی هەرێمی کوردستان دروست ناکات؟ ڕێژەی تووندوتیژی و جیابوونەوە زیاتر ناکات؟
ئاری رەفیق: بە پێی زانیاری خۆمەوە هەوڵەکان تەنها لەسەر یەک مادە نییە، بەڵکو لە هەرێمی کوردستانەوە هەندێ هەوڵ هەن بۆ ئەوەی کۆی ئەو مادە یاسایانەی کە لە یاساى سزادانی عێراقی لە (2001) لە کوشتنی ژنان بە پاساوی شەڕەف، بە بابەتی ڕاگرتن و بەتاوان ناساندی لێدانی ئافرەت لە یەکسانی کردنی سزا نێوان ژنێکی زیناکار و پیاوێکی زیناکار کە سزا قانوونییەکانیان نایەکسان بوو، هەوڵێک لە ئارادایە کە ئەو یاسایە وەکو خۆی لێبکرێتەوە و هەموارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە کە سەرجەمی (28) مادەی یاساییە لابردنی مەرجەکانی فرەژنیش کە لەناو ئەو (28) مادەیە بوونی هەیە کە لە (2008) هەموار کراوە، ئەوە تەنها دەنگۆیەکە زانیاریێکە کە هەوڵێک لە ئارادایە، من پێموایە پشێویەکی کۆمەڵایەتی گەورە لە کوردستاندا دروست دەبێ دەرئەنجامەکانی خراپ دەبن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment