ماڵپه‌ڕێكى ئه‌مریكى ره‌خنه‌ له‌و كه‌موكوڕیانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى ناشناڵ ئینتریست راپۆرتێكى شیكاریى له‌سه‌ر تواناى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات به‌هۆى خراپى كارگێرى و دووبه‌ره‌كى و گه‌نده‌ڵى ناتوانێ به‌ ته‌واوى به‌رگرى له‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد بكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ى نیسان ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مریكى پوخته‌ى راپۆرتێكى به‌ زمانى عه‌ره‌بى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن ماڵپه‌ڕى ناشناڵ ئینتریست ئاماده‌كراوه‌‌ و تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌ رووى لۆجیستى و كارگێریى و تواناى به‌رگرییه‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كرێت دواى 33 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر شاڵاوى ئه‌نفال، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌ ته‌واوى ناتوانن پارێزگارى له‌ كورد بكه‌ن، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه‌  به‌ وردى باسیان ده‌كات.

وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌م بۆچوونه‌ى باس له‌ دوو رووداو ده‌كات یه‌كه‌میان ئه‌و هێرشه‌ بوو كه‌ له‌ 2014 له‌لایه‌ن رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ كرایه‌ سه‌ر شنگال و ئه‌ویتریان ئه‌و هێرشه‌ بوو كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌ر 2017 كرایه‌ سه‌ر كه‌ركووك.

ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ ده‌ڵێ، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ نه‌یانتوانی رێگریى له‌و هێرشانه‌ بكه‌ن.


راپۆرته‌كه‌ چه‌ند هۆكارێك له‌ لاوازبوونى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ دیارده‌كات، له‌وانه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ر ململانێى پارتى و یه‌كێتى بێ ده‌سه‌ڵاته‌ و جیا له‌وه‌یش دووبه‌ره‌كییه‌كى توند له‌ نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ هه‌یه‌.

راپۆرته‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ باس له‌ دوو هۆكارى تر ده‌كات كه‌ وایكردووه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ لاواز بێت، ئه‌وانیش خراپى كارگێرى و گه‌نده‌ڵییه‌، جگه‌ له‌م هۆكارانه‌یش باس له‌ خراپى گوزه‌رانى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، "كه‌مى مووچه‌ى پێشمه‌رگه هۆكارێكه‌‌ و هه‌ندێك جار له‌ ساڵێكدا ته‌نیا چوار یان شه‌ش مووچه‌ وه‌رده‌گرن".

باس له‌ خراپى چه‌كه‌كانى پێشمه‌رگه‌یش ده‌كات ، "هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ته‌نیا به‌ چه‌كى سووك چه‌كدار كراون، زۆربه‌یان ژه‌نگاویین، له‌گه‌ڵ تفه‌نگى چینى كه‌ پێشتر به‌ كارهاتووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ بودجه‌یه‌كى زه‌به‌لاح بۆ كڕینى چه‌ك داده‌نرێت".

به‌هۆى ئه‌و كێشانه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكراوه‌، راپۆرته‌كه‌ پێیوایه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بۆ شه‌ڕى پارتیزانى ده‌گونجێن، نه‌وه‌ك به‌رگریكردن له‌گه‌لێك كه‌ له‌ ته‌واوى مێژووییه‌كه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین