سەرۆک بارزانی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوویەوە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی سەید عەممار حەکیم کۆبوویەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە عەممار حەکیم لە وتەیەکدا بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانی کرد و ئەو سەردانەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد، هەروەها ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی کورد و شیعە دا وەک خاڵێکی هاوبەش بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (چواری تەمموز/2024) بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە سێیی تەممووز لەشاری بەغدا سەرۆك بارزانی لە ماڵی عەمار حەكیم لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوویەوە، لەو كۆبوونەوە سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتۆتە ئارا کە دەکرێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان. سەرۆک بارزانی هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین.

هەر لەو کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان بابەتی نەوت و میزانییە و ئیستحقاقات و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.

هەروەها جەختیش لەسەر پاڵپشتیکردنی کابینەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی کرایەوە کە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان و بەپشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان پێکهێنراوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردوودا هەبوونە و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین