عەقید سەفین: هەڕەشە و لێدان لە نێوان ژن و پیاو زیادیکردووە
نوچەنێت: ئافرەتان
نوچە: ڕەوشی تووندوتیژی خێزانی لە سنوری پارێزگای هەولێر چۆنە؟
عەقید سەفین: ئەگەر ئامارەکانی شەش مانگی ساڵی 2024 بەراورد بکەین بە ئاماری شەش مانگی ساڵی 2023، ئەوا دەبینین ڕێژەی ئەو تووندوتیژیانەی کە پێشتر لە سنوری هەولێر تۆمار کرابوون کەم بوونەوە و بە ڕێژی (5.7) دابەزیوە.
نوچە: چ جۆرێک لە تووندوتیژی کەمی کردووە؟
عەقید سەفین: کووشتن و خۆکووشتن سوتان و خۆسوتاندن، هەر چوار جۆرەکە ڕووی لە دابەزینە بەڵام جۆرەکانی دیکەی وەکو لێدان و هەڕەشەلێکردن و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن زیادیکردووە، ئەم جۆرەش بە پێی ئامارەکانی ساڵانی پێش خۆی دابەزیوە بەڵام بەراورد بە تاوانەکانی دیکە زۆرە.
نوچە: ڕێژەی سکاڵاکردن بەرزە یان ئەویش کەمی کردووە؟
عەقید سەفین: ئە ڕێژەیەی ئاماژەم پێدا سکاڵاکانە، کە ڕێژەکەی (5.7) ڕووی لە دابەزین کردووە.
نوچە: جەنابت ئاماژەت بەوەدا کە ڕێژەی خۆکووشتن کەمە، بەڵام هەواڵی دەزگا ڕاگەیاندنەکان وا ناڵێت ناوە ناوە ئێمە ئاگاداری هەواڵی کووشتن و خۆکووشتن دەبینین. لە ماوەی ئەم مانگەدا دوو هەواڵی خۆکووشتنی ژنانمان زانیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە بۆی هەیە ئەو ژنانە کوژرابن.
عەقید سەفین: ئێست کەیسەکانی کووشتن و سوتان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، کاریان لەسەر دەکات هەر تاوانێک کە ڕوودەدات بەجۆرێک بڵاودەبێتەوە بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کە ئایا لە ڕاستیدا تاوانەکە چۆن ڕوویداوە.
نوچە: بە پێی ئەو کەیسانەی ئێوە ئاگادارن، ئایا بەم جۆرەیە یان کاتێک ژن دەکوژرێت دەڵێن خۆی کووشتووە دواتر دەرکەوتووە کوژرابێت؟
عەقید سەفین: دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخات کە هەر کەیسێک شێوازێکی هەیە. زیاتر لە دووساڵە کەیسەکانی کووشتن لە لای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی نەماوە، بە فەرمی لە لایەن دادگاکانی لێکۆڵێنەوە کاری لەسەر دەکرێت.
نوچە: پێتانوایە ئەوە بڕیارێکی دروستە؟ یان دەرئەنجامەکە ئەوەی سەلماندووە ئەوە بڕیارێکی دروستە؟
عەقید سەفین: وەک چۆن نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی هەیە، نووسینگەی تایبەت بە بە تاوانی کووشتن هەیە، کەسانی پسپۆڕ و بە توانا کاری تێدا دەکەن. پێموایە کارێکی باشە چونکە هەر دەزگا و دامەزراوەیەک کە کار لەسەر شتێکی دیاریکراو بکات ئەوا سەکەوتووتردەبێت. پێموایە کاتێک کار لەسەر یەک بابەت دەکەی دەرئەنجامی باشتر دەدات بە دەستەوە. کەواتە دەچیتە دەرەوەی کێشە خێزانییەکان.
نوچە: ئایا تاوانەکانی کووشتن کێشەی خێزانی نین؟ کاتێک پیاوێک هاوسەرەکەی دەکوژێت کێشەی خێزانی نییە؟
عەقید سەفین: کێشەی خێزانییە بەڵام بە پێی یاسا ئەو ماددەیەی، کە لە یاسای سزادانی عیراقی دیاریکراوە تایبەتمەندی ئەو نووسینگەیە ناگرێتەوە.
نوچە: ئەی چۆن پێشتر ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە ئەم کارەیان دەکرد؟
عەقید سەفین: دوای کارکردن بەباشیان زانی تاکو ستافی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی فراوانتر دەکرێت و ڕاهێنانیان پێدەکرێت، ئەوا ئەم کارە بدرێتە کەسانی پسپۆڕ لەم بوارە، بۆئەوەی بتوانن کەیسەکانی کووشتن لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت.
نوچە: هەموو کێشە خێزانییەکان دێتە لای ئێوە؟
عەقید سەفین: بەڵێ تا پلە چواری خزمایەتی کێشەکان دێنە لای ئێمە، وەکو، ژن ومێرد، کوڕ و باوک، دواتر مام و براو ئامۆزا و خاڵ، زاواو خەزور. کێشەی نێوان هەموو ئەوانە لای ئێمە دەبێت.
نوچە: سکاڵاکاری ژن یان پیاو زیاتر دێتە لای ئێوە؟
سەفین: یاسایەکمان هەیە بە ناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی، کە لەساڵی 2011 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو بەپێی ئەو یاسایە ئەو بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگانە دامەزران، هەروەها ئیش لەسەر ئەو کارانە دەکات و بەرەنگاری تووندوتیژی دەبێتە، ئەم دەزگایانە جیاوازی نێوان نێر و مێ ناکات، و هەندێجار سکاڵاکار و کەسی سکاڵا لێکراویش هەر پیاون. پێش ئەو یاسایە بەڕێوەبەرایەتی تووندوتیژی دەژ بە ئافرەتان بوو، کاری لەسەر کێشەکان دەکرد.
نوچە: کەواتە زۆرترین کێشەی خێزانی چییە لە ئێستادا؟
عەقید سەفین: زۆرترین کێشە ئێستا هەڕەشەکردن و لێدانە بە تایبەت لە نێوان ژن و پیاو.
نوچە: جاران پیاو ئەو نووسینگانەی بە شوێنێک دەزانی کە داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان دەکات، ئێستا کە دەزانێ داکۆکی لەوانیش دەکات دەرئەنجامەکان چۆنن؟
عەقید سەفین: هۆکاری ئەوەی کە کێشەکان بەرەو کەمبوونەوەی بچن ئەوایە، ئێمە ساڵی پار لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندن یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان واژۆ کرد. تا بگەیەنە زۆرترین قوتابی و ئامانج هوشیاری بوو. هەروەها کارمان لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی کرد کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن و ئاگاداری یاساکان بن، هەورەها ڕێنماییکاری پەروەردەییمان هێنا بۆ خول بینین تا ئاشنای یاسا و ڕێساکان بن بە ئامانجی هوشیاری زیاتر، سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی لە بەڕێوەبەرایتییەکەمان، هەروەها هۆبەیەکمان هەیە بەناوی هۆبەی هوشیاری یاسایی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە نووسینگەکان، بەشێوازێک چالاکمان کردەوە تا زیاتر خزمەتگووزاری وەربگرن بەر لەوەی بڕۆنە لای دادوەر.
نوچە: لێرە لیژنەی ئاشتەواییتان هەیە، ئەو لیژنەیە لە کێ پێکدێت؟
عەقید سەفین: بەپێی ڕێنمایی ژمارە 4ی ساڵی 2018 کە لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە. لە کۆمەڵێک کەسی پسپۆڕ پێکهاتووە، لە ناویاندا مامۆستای زانکۆ و مامۆستای ئایینی و توێژەری کۆمەڵایەتی هەن. هەروەها کەسی یاساییین. ڕۆژانە کاردەکەن ڕاستەوخۆ پەڕاوەکانی ئەندامانی ئەو خێزانانەی کە کێشەیان هەیە ئاراستەی لیژنەکە دەکرێت. کاتێک گلەیی ئەوە هەیە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی لەم لیژنە ئاشتەواییە کێشەکەیان چارسەردەکرێت، کەمترە لەوانەی ئاشت نابنەوە هۆکارەکەی ئەوەیە بەپێی ئەو یاسایەی ئێستا دادوەری لێکۆڵینەوە هەیە دوا کار بڕگە دەبێت ئەو کەسانەی کە کێشەیان هەیە ڕەوانەی لیژنەی ئاشتەوایی بکرێ، ئێمە ئێستا لە هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی، داوامان کردووە دوای ئەوەی کەسەکە هات سکاڵای تۆمارکرد بەر لەوەی هیچ ڕێوشوێنێک بگیرێتەبەر، ڕەوانەی لیژنەی ئاشتەوایی بکرێت، چونکە کاتێک ئەندامانی خێزانێک سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار دەکەن گەیشتنە قۆناغی زیندان و مانەوە لە زیندان کە دێتە لیژنەی ئاشتەوایی، ئیتر درەنگە بۆ ئاشت بوونەوەیان.
نوچە: پێتانوانییە بە مەبەستی کەمکردنەوەی تووندووتیژی سەنتەر یان شوێنێکی حکوومی هەبێت، بۆ ئەوەی گەنجەکان بەر لە چوونە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری خولیان بۆ بکرێتەوە؟
سەفین: نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دانیشتم باسی ئەوەم کرد کە ئەوان لیژنەیەکیان هەیە بۆ ئەو کەسانەی تازە دەڕۆنە ناو وەرەقەی پشکنینیان نەدرێتەوە تاکو خولی بەر لە هاوسەرگیری نەبینینن. ئەویش زۆر پێی باشبوو لە هەفتەی داهاتوو دەچینە ناو ئەم پرۆسەیە. بەشداربن لە ئاشناکردنی ئەو کوروکچانە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment