له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان پێكدادان له‌نێوان پاسداران و پێشمه‌رگه‌ دروست بووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی لەگەڵ گرووپێکی دژبەری چەکدار لە مەریوان چوار کەس کوژراون.

ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، سوپای پاسداران ناسنامەی کوژراوەکانی بڵاونەکردووەتەوە و وەک ئەندامانی "گرووپێکی تیرۆریستی دژە شۆڕش" ناساندوونی. 
هیچ یەک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا لەو بارەوە هەڵوێستیان نەنواندووە. 
پێشتریش چەندین جار لەنێوان پێشمەرگەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکانی سوپای پاسداران پێکدادان ڕووی داوە. 
لەو بارەوە ماڵپەڕی "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو" بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەرزاییەکانی گوندی “چناره”ی مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە.
بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێدا ئاماژە بە شوێنی تێکهەڵچوونەکە نەدراوە و گوتراوە دوو ئەندامی سوپا، لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا کوژراون. هەواڵنێری هەنگاو لە مەریوان ناسنامەی ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسدارانی "عوسمان جیهانی" و "ناسر ئەمینی" خەڵکی مەریوان ڕاگەیاندووە.
ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت هێشتا ناتوانێ کوژرانی دوو ئەندامی گرووپە چەکدارەکە پشتڕاست بکاتەوە. 
سەرچاوەکانی ڕایانگەیاندووە هه‌لیکۆپتەرەکانی سوپای پاسداران ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام بە سەر شوێنی شەڕەکەدا دەسووڕێنەوە.
ئەو پێکدادانە هەفتەیەک دوای کوژرانی عوسمان حاجی حسێنی، یەکێک لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە. 
مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و دوو سەربازی سوپای پاسداران لە میانەی پێکدادانێکدا لە مەریوان کوژران.

 


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین