ئەنجوومەنی وەزیران لیستی مووچەی مانگی (8) و (9) تاوتوێ دەكات کوردستانی

نوچە نێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا داوا لە وەزارەتەكان دەكات، پابەندییەکان  جێبەجێ بكەن بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (11-9-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كۆبوونەوە.

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیێندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، "ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور."

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی (63)یەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو، بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی.

پاشان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو، کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاووتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم، بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە، بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و راسپاردەکانی پەسندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەکە، و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستەڕوو، کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی، لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووریی فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور.

سەرۆکوەزیران هیوای خواست ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا.

دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە رێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی راسپارد بۆ پەسندکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین