سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كاندیدان دوژمنى یه‌كتر نین، به‌ڵكوو ڕكابه‌رى سیاسیى یه‌كترن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى یاسا و ڕێنمایییه‌كانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌یه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن."

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (24/ئەیلوول/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، بەبۆنەی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستانەوە، په‌یامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی بڵاوکرده‌وه‌ و دەڵێت، پێویستە"بانگه‌شه‌یه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژیى ‌نێوان لایه‌نه‌كان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه‌."

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى كوردستان،

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان،

لیست و كاندیدانى به‌ڕێز،

ئه‌م كاته‌تان باش..

سبه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ست پێده‌كات. داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى یاسا و ڕێنمایییه‌كانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌یه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.

بانگه‌شه‌یه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژیى ‌نێوان لایه‌نه‌كان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه‌. وێنه‌یه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان نیشان بدات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگیى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و پێكهاته‌كانى بێت.

ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و لیست و كاندیده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانیان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕێگه‌ به‌ خۆى نه‌دات ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه‌‌.

لێره‌دا به‌تایبه‌تى جه‌خت له‌ پێویستیى پاراستنى ڕێز و پێگه‌ى ئافره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌. پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبوونیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كاندیدان، دوژمنى یه‌كتر نین، به‌ڵكوو ڕكابه‌رى سیاسیى یه‌كترن. هه‌موویان لە کوردستانیبووندا هاوبەش و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆیه‌ ئه‌ركى هەمووانه‌ پێکەوە هەوڵ بدەین پرۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە ببەین.

دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی تر پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆنیش، هەر دەبێت لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوویه‌كى گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. هەموومان پێکەوە، خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانین. پاراستنى ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌، ئه‌ركى هه‌موومانه‌.

بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ڕێز له‌ پیرۆزى و هێما و سیمبۆلى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى بگیرێت. ئێمه‌ پشتیوانى لە ئیرادەی ئازادی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەكانیش، ده‌بێت پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بكەن.

كوردستانییانى ئازیز،

ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، ماوه‌یه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ریكى گفتوگۆ بووین. هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دواخستیندا نه‌بووین، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ به‌شداریى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ ناچارى چه‌ند جارێك دوامانخست.

سوپاس و پێزانین بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بۆ به‌ڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی، هه‌روه‌ها بۆ به‌ڕێز فایق زێدان سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى عێراق کە هاوکارێکی تەواو بوون، بۆ نەهێشتنی هەموو کێشەکانی بەردەم ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن.

سوپاس و پێزانین بۆ هاوكاریى کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دۆستانمان له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ هاوكارى و په‌رۆشییان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.

 

هاووڵاتییانی ئازیز،

سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێبوونەوەی ڕه‌وایه‌تیى دامه‌زراوه‌كانمان، به‌ ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و ئازاده‌وه‌ به‌نده‌. بۆیه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك چاوى دۆستانمان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه‌ و ئه‌ركى هه‌موومانه‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ سه‌ركه‌وتنى بكه‌ین.

هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و یارمه‌تیده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سیستمى دیموكراسى و دامه‌زراوه‌یى و چاكسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و جێبه‌جێكردنى سیستمى فیدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان.

به‌ هیواى بانگه‌شه‌یه‌كى ئارام و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن.

كاتێكى خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان ده‌خوازم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین